"an independent online kurdish website

ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، لە دەرەوەی وڵات بە بووس، ماشین و فڕۆکە خۆیان گەیاندە بەرلین  بۆ یادی 30 ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس.

گوتەبێژی حیزبی دیموکرات لە یادی 30 ساڵەی تیرۆرکردنی شەرەفکەندی: هەرگیز بە چۆکدا نایەین.

رووداو-ئەڵمانیا

سەدان کەس لە لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرلین، لە یادی 30 ساڵەی تیرۆرکردنی سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە رێپێوانێکی جەماوەری چوونە شوێنی رووداوەکە و سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد. گوتەبێژی حیزبەکە دەڵێت، “دەیان کەس لە سەرکردە و کادیرانمان تیرۆرکران، بەڵام ئێمە هەرگیز بە چۆکدا نایەین.”

چەندین کەسایەتیی سیاسی، چالاکوان و خەڵکێکی زۆر لەو رێپێوانە بەشدار بوون. یەکێک لە بەشداربووان کە ڤۆلڤگانگ ڤیلاند،  یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی تیرۆری میکۆنۆس بوو، گوتی: “بە بڕوای من ئەوەی روویدا کاریگەری هەبووە کە دادگە هاتنە سەر خەت و داواکاریی گشتی هاتە سەر خەت، بەڵام هەرگیز واتای ئەوەی نییە کە بەیانی یان دووبەیانی هێرشێکی دیکە رووبدات، بەڵام دەبێ ئەو کوردانەی لەنێو سیاسەتدا چاڵاکن، نابێ لەوە بترسن و هیچ سوودێک لە ترس نییە. ئەوان زۆر قوربانییانداوە و هیچ پارتێک وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کەسایەتی لە سەرکردایەتییەکەی لە دەستنەداوە، بەڵام بۆ ئاییندەیەکی باشتر پێویستە خەبات بکرێت.”

سەرۆکی پێشووتری شارەوانیی چارلۆتنبورگ ئەو گەڕەکەی کە تێیدا د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی تیرۆرکران، یەکێک بوو لە بەشداربووانی رێپێوانەکە و گوتی، لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە هەوڵدرا کە تابلۆی یادەوەری لەو گەڕەکە دانەنرێت.

مۆنیکا تیمن، سەرۆکی پێشووتری شارەوانیی چارلۆتنبورگ – ڤیلمەرسدۆرف لە بەرلین باسی لەوەش کرد: “نێردراوێکی بالیۆزخانەی ئێران هاتە لام و لە گفتۆگۆیەکی کەسیدا هەوڵیدا بۆچوونم بگۆڕێت، بەڵام ئەوە رووینەدا، چونکە بە بڕوای من ئێمە لە بەرلین و ئەڵمانیا شتێکی جوانمان هەیە ئەویش بۆ رووداوی خۆش و ناخۆش بیرهێنانەوەمان هەیە بە دانانی تابلۆیەک.”

ئەو سەرۆک شارەوانییەی پێشوو هەروەها لەو بارەوە زیاتر قسەیکرد و روونیکردەوە: “لێرە بەداخەوە رووداوێکی خراپ و ناخۆش بووە، بەڵام بۆ ئەوانەی بە شەقامی پراگدا تێدەپەڕن بەبیریان بهێنرێت کە لێرە کوشتنێکی ترسنۆکانە روویداوە و پێویستە ئەمە بۆ ئاییندەی هەمیشەیی لێرە بمێنێت بۆ بیرهێنانی ئەو چوارکەسەی بەداخەوە گیانیان لە دەستداوە.”

خالد عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی یادەکە، سوپاسی ئامادەبووانی کرد و گوتیشی: “بەلای ئێمەی دیموکراتەوە گرنگە کە چەند پەیام بدەین، پەیامی یەکەممان بۆ خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانە کە حیزبەکەیان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمار رووخا و بە چۆکدا نەهات، د. قاسملو تیرۆرکرا و بە چۆکدا نەهات، د. شەرەفکەندی تیرۆکرا و بە چۆکدا نەهات، هەزاران کادیریشمان شەهید بوونە و بە چۆکدا نەهات و لەمەودواش بە چۆکدا نایەین. ئەم کۆڵانەش کە 30 ساڵ پێش ئێستا د. شەرەفکەندی و هاوڕێکانی تێیدا تیرۆرکران، چۆڵ بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزاران کادیر و ئەندامی حیزبی دیموکرات بۆ هاودەردی لەگەڵ د. شەرەفکەندی و هاوڕێکانی پڕ بووەتەوە لە خەڵک.”

د. شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 1992 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ دوو سەرکردەی دیکەی حیزبەکەیدا کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللـە و تیرۆرکران.

وێنەکان لە لاپەڕەی دۆستان لە فەیسبووک وەرگیراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی