"an independent online kurdish website

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠.١١.٢٠٢٢ خۆپیشاندانێک دژی پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاری مهاباد و بە مەبەستی پاڵپشتی لە خەڵکی شاری مهاباد

 و شەرمەزار کردنی ئەو هێرشە لە بەر دەرکی باڵەخانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا پێک هات ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران زۆر چالاکانە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و هەروەها بەشێک لە ئێرانیەکانی دانیشتووی شاری ویەنیش بەشدار بوون

سەرەتا دوکتور حەسەن نایب هاشم بە ناوی  „پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا“ کە ڕێکخەری خۆپیشاندانەکەیە و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەو شوێنە بەردەوامە بە خێر هاتنی بەشدارانی کرد وبە کورتی لە سەر هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شاری مهاباد و پێویستی پاڵپشتی لە خەڵکی مهاباد قسەی کرد، پاشان هەر یەکە لە دوکتور خوسرەو بەهرامی ، کاک حوسەین خاڵخال ، کاک وەهاب وکاک موحەممەد  بە پێشکەش کردنی وتارلە سەر هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شارە کوردنشینەکان بە تایبەت شاری مهاباد ، بەربەرەکانی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان دژ بە هێزە سەرکوت کەرەکانی کۆماری ئیسلامی، جیاوازی هەڵس و کەوتی هێزە سەرکوت کەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان ولە بەشەکانی ناوەندی ئێران، کەڵک وەرگرتن لە هەموو چەشنە چەکێک بۆ سەرکوت کردنی خەڵک لە کوردستان ، سەردانی قائانی لە عێراق و باس لە گەل دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە ئەحزابی کوردستانی ئێران و پەلامار بۆ سەر حیزبە کوردستانیەکان، بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کوردستان لە شۆڕشدا بە پێچەوانەی بەشی ناوەند کە زیاترلە خوێندکاران و قوتابیان پیک دێت، پێویستی بەشداری زیاتری خەڵک لە ناوەند و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان، هێنانە بەر باسی جیاوازیخوازی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ تێکدانی یەکڕیزی نێوان گەلانی ئێران و چەندان فڕ و فێڵی تری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو مەبەستە بەشداریان کرد . لە خۆپیشاندانەکەدا هەروەها دەیان دروشم دژی کۆماری  ئیسلامی دووپات کرانەوە، شایانی باسە خۆپیشاندانی بەردەرکی باڵەخانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هەموو ڕۆژێ لە سەعاتی ٤ بۆ ٦ی ئێوارەیە وڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە زۆرتر لە بواری مافی مرۆڤدا کار دەکەن و هەدەفیان ئەوەیە کە پاڵەپەستۆ بخەنە سەر ڕێکخراوی مافی مروڤی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پێک هێنانی کۆبوونەوەی تایبەتی لە سەر ئێران  و پێک هێنانی هەیئەتێکی لێکۆڵەر لە سەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەیا بەردەوامی خۆپیشاندانەکە تا ئەو کاتەی کە خەڵک لە ئێران لە شەقامدایە، بۆیە ئێمەیش داوا لە هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی ئوتریش بە تایبەت ئەندامانی حیزب دەکەین کە بە گوێرەی کات سەردانی ئەو شوێنە بکەن وبە گوێرەی تواناش یارمەتیدەریان بن

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی