"an independent online kurdish website

لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستدا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەپێناو ئاشتی، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سپاسنامەیەک پێشکەش بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.

لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست و لەلایەن رێبەرایەتیی کۆن و نوێی ئەو ڕێکخراوەیە و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاوە، بەشێوەی فەرمی و لە ڕێگەی دانی سپاسنامەیەکەوە ڕێز لە حیزبی دێموکرات گیرا.

ئەو سپاسنامەیە پیشکەش بە “مستەفا هیجری” بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات کراوە.

ئەمڕۆ هەینی ٤ی سەرماوەز، بەرانبەر بە ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی لە شاری مادریدی پێتەختی وڵاتی ئیسپانیا، ٢٦ـەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد.

لەم کۆنگرەیەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی “مستەفا هیجری” بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەشدارە.

مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز وتارێک لە پێوەندی لەگەڵ دوایین ڕووداوەکانی کوردستان و ئێرانی  پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامی ئەسڵیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستە.

مستەفا هیجری:وڵاتانی دەرەوە پێویستە لەگەڵ کورد بکەونە وتووێژ و سیاسەتی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران بگۆڕن

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لە بیست‌وشەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالسیت‌دا دەنگی مافخوازی و ڕاپەڕینی نوێی خەڵکی ئێران بەدژی کۆماری ئیسلامیی گەیاندە ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە. کاک مستەفا ڕایگەیاند وڵاتانی دەرەوە پێویستە لەگەڵ کورد بکەونە وتووێژ و سیاسەتی خۆیان لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران بگۆڕن.

کاک مستەفا هیجری لە وتارەکەیدا کە ڕۆژی شەممە، ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) و لە دووهەمین ڕۆژی کۆنگرەدا پێشکێشی کرد، بنەما و هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئەم ڕاپەڕینەی بۆ بەشداری کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالسیت‌ شی کردەوە. بەربڵاویی ڕاپەڕینەکە لە ٣١ پارێزگای ئێران، ڕادیکاڵبوونی دروشم و داواکان، هاوپێوەندیی نێوان پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکانی وڵات و تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ئەو ڕاپەڕینە بوون کە لە وتارەکەی بەرێز مستەفا هیجری‌دا تیشکیان خرابووە سەر.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی باسەکەیدا گوتی خەڵکی ئێران لە ئیستادا بەتەواوی لە بەشداریی سیاسی و ئیرادەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش کراون، کەمترین مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان پێ ڕەوا نەبینراوە و بەهۆی پاوانکرانی سەرچاوە ئابوورییەکان لەلایەن بازنەی دەسەڵاتەوە و لەسۆنگەی سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی و پاڵپشتیی ڕێژیم لە تێرۆریزمی دەوڵەتی کە بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانیی وڵات و سزا ئابوورییە جیهانییەکان لەدژی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە، کەوتوونەتە تەنگانەیەکی یەکجار زۆرەوە. کاک مستەفا هیجری ئەو ئاکامگیرییەی لەو بەشە لە باسەکەی کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵکی وڵاتی بۆ مەبەستە ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆی بەبارمتە گرتووە و لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئەمنییەت و ژیانی خەڵکی ئێران.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا بایەخە بەرچاوەکانی ئەو سەرهەڵدانە جەماوەرییە، وەک ویستی ئازادی، پێداگری لەسەر مافە دێموکراتیکە نەتەوەییەکان، دێموکراسی، سێکۆلاریزم و یەکسانیخوازیی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیی بە وردی بۆ بەشدارانی کۆنگرە دەستنیشان کرد و گوتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران زیاتر لە حەوت دەیەیە بۆ ئەو بەها و بایەخە جیهانداگرانە خەبات دەکا و لەو پێناوەدا قوربانیی زۆری داوە.

کاک مستەفا هیجری لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە بەستنەوەی کێشە و قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کێشەی ئەتومیی ئەو وڵاتەدا تەنیا لە بەرژەوەندیی ڕێژیم دەشکێتەوە، گەورەترین کێشەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە شەرعییەتی نییە و مەترسیی هەرە گەورەشە بۆ ئەمنییەتی کۆمەڵگەی جیهانی. بۆیە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ پشتی راپەڕینی خەڵک بگرن، لەگەڵ هێزە کوردییەکان بکەونە وتووێژ و سیاسەتی هەتا ئێستای خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بگۆڕن.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب دواجار گوتی حیزبی دێموکرات ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی پێشکەش بە کۆنگرە کردووە کە هیوادارە ئەندامانی کۆنگرە پەسندی بکەن و هەنگاوی بەکردەوە بۆ جێبەجێ‌کردنی هەڵبێنەوە.

بیست‌وشەشەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالسیت‌ لە ڕۆژی هەینی ٤ی سەرماوەزەوە لە شاری مادریدی ئیسپانیا بە بەشداریی هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کردووە و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی یەکەمی کاری کۆنگرەدا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێناو ئاشتی، ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا ڕێزنامەیەک پێشکەش بە حیزبی دێموکرات کرا.

***

گوڵاڵە شەرەفکەندی وەکوو جێگری سکرتێری ژنانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست هەڵبژێردرا

گوڵاڵە شەرەفکەندی نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک جێگری سکرتێری ژنانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست هەڵبژێردرا.

کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیست لە وڵاتی ئیسپانیا لە حاڵی بەڕێوەچووندایە و هەیئەتی یەکیەتیی ژنان دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆنگرەیە بەشدارن.

گوڵاڵە شەرەفکەندی کادری یەکیەتی ژنان کە لە  کاندیدەکانی ئەم کۆنگرەیە بوو وەکوو جێگری سکرتێری ژنانی ئینترناسیۆناڵ، توانی دەنگی متمانە بەدەست بێنێت.

سەرکەوتنی ئەو ژنە کوردە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ ژنانی کورد بە تایبەتی ژنانی ڕۆژهەڵات کە دەتوانن دەنگی خۆیان بە جیهان بگەیەنن.

ژنانی کورد لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لەژێر چەوسانەوەیەکی زۆردان, بەڵام خەباتی ئەوان بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا لە ئاستی جیهاندا دەنگی داوەتەوە.

***

شۆڕشی ژینا گەیشتە کۆنگرەی ژنانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست

ڕۆژی هەینی، ٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە شاری مادریدی وڵاتی ئێسپانیا، پووستێری “ژینا ئەمینی”، بە سەر بەشداربووانی کۆنگرەکەدا دابەش کرا.

“گولاڵە شەرەفکەندی” بە نوێنەرایەتیی هەیئەتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم کۆنگرەیەدا، لە کردەوەیەکی سەمبولیکدا و بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی شۆڕشی ژینا بە جیهان، پووستێری تایبەت بە شۆڕشی ژینای بە سەر بەشداربوواندا بڵاو کردەوە.

کۆنگرەی ژنانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوەچوو و لە ئاکامی ئەم کۆنگرەیەدا “گولاڵە شەرەفکەندی” بە جێگری سکرتێری ژنانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  هەڵبژێردرا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی