"an independent online kurdish website

لەم ماوە لە ڕاپەڕینەکەی گەلانی ئێران، بەپێی ئامارەکان، لە [17 – 09 – 2022] تا [23 – 11 – 2022] 57 کەس لە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون کە 36 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

12 سەرهەنگ کوژراون کە 9 کەسیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

ئەم ئامارانە چیمان پێ دەڵێن؟ ئەم ئامارانە پێمان دەڵێن کە مەرگ و نەمانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستانە و ڕووخانی ڕژیمی ئاخوندی لە کوردستانەوە دەبێت. ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی کورد و لە هەمان کاتدا دۆڕانی ڕژیمی ئاخوندییە.

ئەم سەرکەوتنە، لە چاوەی دەسەڵات، بەداخەوە بە دەستی خاڵی کراوە، ئەگەر چەک بکەوتایەتە دەستی خەڵک، ڕێژەی ئامارەکان و سەرکەوتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبوو.

ئەگەر ڕێژەی ئامارەکان لە 100 دەستنیشان بکەین، 64%ی سەرکەوتنەکە له ڕۆژهەڵات و 36%ی له شارەکانی تری ئیران بووە.

بێگومان ڕاپەڕینی هەموو گەلان، هەڵکشان و داکشانی هەبووە و بەداخەوە هیچ ڕاپەڕینێک دژی دیکتاتۆرەکان بەبێ قوربانیدان نەبووە، هەر بەو جۆرەی کە لەم ڕاپەڕینە، خەڵکی کوردستان چەندین ڕۆڵەی خۆیانیان فیدای ڕێگەی ئازادی کرد کە ئێمە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین.

ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە هیچ شۆڕشێک لە مێژوودا نەبووە کە دژ بە دیکتاتۆرەکان سەر نەکەوتبێت. کەواتە سەرکەوتن نزیک و ئاسۆ ڕوونە. ئاشکرایە کە ئازادی بەئاسانی دەستەبەر نابێ، تۆڵەی هەموو شەهیدان، بە تێکۆشان و خەبات مسۆگەر دەبێت.

ئەم ڕاپەڕینە سەر دەکەوێت، هەر بەو جۆرە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەناو دەچێت و دەڕووخێت. ئەم ماوە دەبینین کە داڕمان لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە جارانە. هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی شۆڕش لە هەموو شارەکان، هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان و مانگرتن لە تەواوی ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و…، پاشەکشەی ڕژیم زووتر و خێراتر هاتووەتە بەرچاو.

ڕژیم بۆ مانەوەی خۆی هیوای لەدەست داوە، چونکە نەیتوانیوە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران سەرکوت بکات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە دەستی لە هیچ جینایەتێکیش نەپاراستووە بۆ نموونە: هەوڵی شەڕی لە کوردستان و بەلووچستان و لە باشووری کوردستان دژ بە حیزبە کوردییەکان دا و هەروەها تۆمەتی هەمیشەیی تەجزییەتەڵەبی و شەڕ و کێشەی لە نێوان نەتەوەکانی تر و بەتایبەتیی دژ بە کورد و بەلووچ ساز کرد، بەڵام سەر نەکەوت و لەلای خەڵکی ئێران و نەتەوەکانی تر بێئابڕوو بوو بەو جۆرەی کە لە تەواوی ئێران دروشمی “کوردستان، بەلووچستان چشم و چراغ ایران” دەبیستینەوە.

ئێستا لە لای هەموو وڵاتانیش، ڕژیمی ئاخوندی هەژماری ڕووخانی بۆ کراوە.

* ئێمە دەبێت تا سەرکەوتن، “بەردەوام بین”.

* نابێ خەڵکی ڕاپەڕیو، بەبێ پشتیوان بمێننەوە.

* جێگای خۆیەتی حزب و لایەنە سیاسییەکان، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیو بکەن.

* فشار و گەمارۆ و گۆپاڵ دژ بە جاشەکان درێژەی هەبێت.

* کوردستان نابێ شوێنی ئەمن و ئاسایش بێت بۆ جینایەتکاران.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی