"an independent online kurdish website

لە کاتێکدا سایتی پێشمەرگەکان  تەمەنی دەبێتە 20 ساڵ کە لە ئێران و کوردستان شۆڕشی ژینا بەردەوامە و لەرزەی خستۆتە ناو دڵی داگیرکەرانی حاکم بە سەر ئێراندا.

بەداخەوە تا ئیستا نزیکەی 500 لاو گیانیان بەخت کردووە کە سەرووی 130 کەس خەڵکی کوردستانن. هەزاران کەسیش کەوتوونەتە چاڵەرەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەیان لاو حوکمی ئیعدامیان بۆ دەرچووە و تا ئێستا ئەوەی بە فەرمی ڕاگەیاندراوە  2 لاویش ئیعدام کراون.

لە تەمەنی نگریسی ئەو ڕێژیمە دا شۆڕشی ژینا گەورەترین شۆڕشە لە هەمبەر ئاخوندە دەسەڵاتدارەکانی ئێران. شۆڕشەکە زۆربەی شارەکانی گرتۆتەوە و بەداخەوە زۆر بە تووندیش هێرش کراوەتە سەر خۆپێشاندەران. هەروەها خۆپێشاندان  و ئاکسیۆنی دەیان هەزار کەسیش بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە حەوتووانە بەڕێوە دەچێ.

سەرەتا ماڵپەڕ نەبوو، بەڵکوو وێبلاگێک بوو بە بۆنەی  26ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە ساڵی 2002ی میلادی بۆ دانانی وێنەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، کەوتە کار.

لە رێکەوتی 2003-08-02 بە فەرمی وەک peshmergekan.com رێجیستێرە کرا و ماوەیەکیش دوای ئەوەی کەوتە بەر فیلتێری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوەکانی peshmergekan.eu  و pmnews.se لە وەشانی خۆی بەردەوام بوو.

چەندین جار هاک کراوە و  کیشەمان بۆ دروست کراوە، ئاخرین جار هەزران بابەتمان کە هی ساڵەکانی پێش 2009 بوو و داتابەیسەکەی نوێ نەکرابۆوە، کەوتە بەر هێڕشی هاککەرانی تورکیە و بەداخەوە نەمان توانی بابەتەکان بگەڕێنینەوە و ئەوەی بە pdf یان بە HTML نەبوون فەوتان.

سایتی پێشمەرگەکان وەک سایتی تاکەکەسی، لە لایەن  من ساڵە نەڵۆسی، دامەزرا. چالاکی سایت تا ئێستا بەردەوامە و هەرچەند لە گەڵ زۆر کێشە و هاک کردن و هەڕەشە بەرەو روو بووە. کاری سایت بێ کەم کوڕی نەبووە و هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی 90 لە سەدی کارەکانی 100 لە 100 خەرجیەکانی سایت لە سەر شانی خۆم وەک خاوەنی سایت بووە و هەیە. دیارە باری ماڵیەکە موهیم نەبووە .  لانی کەم رۆژی 2 سەعات لە کاتی ئازادم  بۆ کاری سایت بووە لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا.

بێجگە لە کاتی رۆژانەم شەممە و یەکشەممەکان لە سەدان بۆنە وەک  کۆبوونەوە و سێمینار،  جێژنەکان و پرسەکان فیلم و وێنەم هەڵگرتووە و دواتریش دەیان سەعات بە مونتاژ کردن و بڵاو کردنەوەیان خەریک بوومە. کە ئەگەر  بە کار کردن لە شوێنێکی وەک ئێستام (سکانیا) سەعاتەکانی حیساب بکەم خۆ لە هەزاران کرۆن دەدا بەڵام من ئەرکی کاری سایتم وەک  10 ساڵ پێشمەرگایەتی دڵخواز و وەک سەنگەرێکی تر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و خەبات بۆ رزگاری گەلی کورد هەڵبژاردوە.

دەبێ بڵێم سایتی پێشمەرگەکان بۆ پەرە پێدانی زمانی کوردیش بێ تەئسیر نەبووە، زۆر نووسەری سایت لە ژێر رێنوێنی ئێمەدا توانیویانە کوردی نووسینەکانیان باشتر بکەن و باشتر لە فۆنتی کوردی بۆ نووسین کەڵک وەربگرن.

من پێم وایە دەبێ هەر تاکێکی کورد هەرچۆنێکی ئیمکانی هەیە و لە هەر شوێنەک هەیە درێژە بە خەباتی خۆی بدات.

من دەبێ بڵێم منەت لە سەر کەس دانانێم و ئەوەی کردوومە بۆ خزمەت بە خەباتی رەوای کورد بووە دژی داگیرکەرانی کوردستان و هیوادارم بتوانم تا ماوەیەکی تریش ئیدامەی بدەم.

کاتێک سایتی پێشمەرگەکان دەستی بە وەشانی خۆی کرد وەک ئێستا موبایل  و ئەم هەمووە پلاتفۆرمە ، وەک فەیسبووک، ئینستاگرام و تێلێگەرام …  نەبوون و بابەت و هەواڵ ئەوەندە زۆر بوو کە توانای بڵاو کردنەوەمان نەبوو.  بە خۆشیەوە ئێستا هەر کەسەو لاپەڕەیەکی خۆی هەیە و مێدیا ئەوەندە زۆر بووە کە کۆماری سێدارەی وەلەرزە خستووە.

لێرەدا پێویستە سوپاسی هاوڕێی کۆچکردوو، کاک ئاسۆ نادری بکەم کە بۆ ماوەی 2 ساڵ، هاوکاری تێکنیکی کردین و زۆری زەحمەت کێشا و بێ ئەوەی داوایەکی لێمان هەبێ. 2 جار لە سەرەتاوە ماڵپەڕەکەی بۆ نوێ کردینەوە. سڵاو لە روحی پاکی کاک ئاسۆ.

دوای نەمر ئاسۆ، سوپاسی کاک ماهیر نەقشبەندی دەکەم کە ئەویش هاوکاری کردین بۆ دیزاین و نوێ کردنەوەی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان و زۆر بە روح سووکی هاوکارمان بوو و نزیک بە 2  ساڵێک یارمەتیی داین.

سوپاسی هاوکاریی کاک رەشید رەحمانی دەکەم کە ماوەی چەند ساڵێک  خۆبەخشانە هاوکاری کردین بۆ دانانی بابەت و هەواڵ و زۆری زەحمەت کێشا و دواتر بە هۆی کار و دەرس خوێندن …. لێمان دابڕا.

سوپاسی هاوڕێ کاووس دەکەم  کە ماوەیەکی زۆرە ( لە  ٢٠٠٩ تا ئێستا)   خۆبەخشانە هاوکارمانە و هەرچەند ئێستا بڕێک سست بووە، بەڵام جارێ وەک هاوکار لە گەڵمان دایە و هیوادارین بەردەوام بێ و ئاکتڤ تر بێتەوە مەیدان.

سوپاسی سەرجەم نووسەران و ئەو دۆستانەی هەواڵیان بۆ سایتی پێشمەرگەکان ناردوە و دەینێرن.

ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بەردەوام  هەوڵ دەدا بۆ خزمەتی زیاتر. هەوڵمان نەداوە بە بڵاوکردنەوەی بابەت گەلێک کە قازانجیان نەبووە، یان کاسبی کردن بۆوە بۆ ڕاکێشانی سرنجی خوێنەر. لە بڵاوکردنەوەی زۆر بابەت خۆمان پاراستووە کە ناوی نووسەر، بۆ ئیمە نەناسراو بووە و هێڕشی بۆ سەر کەسێک یان لایەنێک تێیدا بووە.  هەر نووسەرێک رەخنەی لە کەسێک گرتبێ، لایەنی تر ئیزنی پێ دراوە کە وڵامی بداتەوە.

سایتی پێشمەرگەکان، بە تایبەت من وەک ساڵە نەڵۆسی  لە جەریانی کێشە ناوخۆیەکانی حیزب دا کە منیش یەکێک بووم لە ئەندامە خاوەن هەڵوێستەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، زۆر کەوتمە بەر هێڕشی دۆستانی ئەوکات و هاوڕێیانی ئێستام و جێی خۆشحاڵیە کە ئێستا لە یەک حیزبدا دووبارە وێگڕا  لەڕێی ڕزگاریی گەلەکەمان و لە ڕێبازی حیزب دا  لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەین. ئەویش دەورانێك بوو و بەشێکە لە مێژووی حیزب و بزووتنەوەی کورد و هەرکام لە ئێمە وەک تاک کەم و کۆڕیمان هەبووە کە هاوکاری دابڕانی نێو حیزبی کردووە.

بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئێمە لە پێناو یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی حیزبیشدا ڕۆڵ و کاریگەریمان هەبوو و بەشێک بووین لە لایەنی خێر لەو پەیوەندییە دا. لە یەکگرتنەوەکەش دا وەک ماڵپەڕێ پێشمەرگەکان پیرۆزباییمان کرد، هەواڵ و بابەتی یەکگرتنەوەمان بە بەرینی بڵاو کردنەوە و خۆشحاڵ بووین لە وەسەریەک کەوتنەوەی حیزبی دێمۆکڕات.

لە ماوەی بیست ساڵ دا ئەوەی توانیومانە و زانیومانە ئەوەمان کردووە، ڕا و بۆچوونی خوێنەرمان وەرگرتووە و کردوومانە چرای ڕووناک کەرەوەی کار و خەباتمان و لە داهاتووش دا هەر وا دەکەین. سەربەخۆ بووین و هەین، بێ ئەوەی لافی بێ لایەنی لێ بدەین. شانازیمان کردووە بە جیهەتی فکریمان، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز ئیزنمان لەو جیهەتەش وەرنەگرتووە و لە داهاتووش دا وەرناگرین بۆ کاری ماڵپەڕەکەمان.

هەرچەند من تەواو وەخت کار دەکەم و  تەنیا دوای کار دەتوانم کاری ماڵپەڕ بکەم  بەڵام پێم وایە تا ئێستا لە گەل هەموو کەم و کۆڕییەک، کاری ئەو ماڵپەڕە تا ڕادەیەکی باش جێی ڕەزامەندیی خوێنەرانی بووە. سەرکەوتن و چوونە پێش نیسبی یە و خوێنەر دیاری دەکا.

ئەوەش بڵێم کە، نە تا ئێستا، نە لە داهاتووش دا ماڵپەڕی پێشمەرگەکان تەرخان نەکراوە  تەنیا بۆ بڵاو کردنەوەی بابەتی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆرتر زاراوەی سۆرانی بابەت و هەواڵ دەنێرن ، هەواڵ و بابەتەکان زۆرتر هی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانن .

وەک ئاڵبۆمی وێنەی پێشمەرگە  تەنیا وێنەی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆكڕاتمان داناوە، زۆربەی ئەوانەی وێنەیان ناردوە پێشمەرگەی دێمۆکڕات بوون.

لە لاپەڕەی فەیسبووکی منیش دا سەدان وێنە دانراوە.

لە لاپەڕەی یوتوبیش سەدان فیلممان بڵاو کردۆتەوە کە بەشێکی زۆریان خۆم گرتوومن و ئەوانی لە مێدیاکان وەرگیراون.

لە کۆتایی دا

من  پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە کە هێزە سیاسییە کوردیەکان، هەوڵ بدەن یەکگرتووتر بن و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزی پێشمەرگە یەک بخرێ و ببێتە هێزێکی سەربەخۆ بۆ پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی . ئێمە نابێ چیتر بچینە ژێر چەتری نەتەوەی فارس و پێمان وابێ کە دەبێ ئەوان مافمان بۆ دیاری بکەن.

کاتی ئەوە هاتووە، داوای سەربەخۆیی بکرێ و نەتەوەی فارس  نەکرێ بە نەتەوەی باڵادەست و  زمانی فارسی نەکرێ بە زمانی رەسمی ئێران و دەبێ زمانی فارسی وەک زمانی فارسەکان خۆیان بێ و ئێمەی کورد و فارس وەک دوو نەتەوەی وەک یەک جێران بین.

هەر هێزێکی کوردی جارێکی دیکە بچێتە ژێر چەتری نەتەوە فارس، تووشی هەڵەی تری مێژووی دەبێ. پێویستە هێزی کوردی و تاک تاکی کورد بە بیری سەربەخۆیی پەروەردە بکرێ و زمانی فارسی وەک زمانی بێگانە سەیری بکرێ و خوێندنی لە قوتابخانەکان دڵخواز بێ نەک ئیجباری وەک ئەمەی ئێستا لە ئێرانی پەیرەوە دەکرێ.

بە بۆنەی 26 ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و رۆژی ئاڵا، پیرۆزبایی دەکەم لە خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و لە خوێنەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان

پیرۆزبایی هاوڕێ کاک حەمەی حەریری بۆ سایتی پێشمەرگەکان

سەید عەلی هاشمی: بە بۆنەی 20 ساڵەی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان. دەستخۆش و ماندوو نەبی، خۆتان و ماڵپەڕەکەتان گەورەترین خزمەت و بە کولتوور و داب رسوومی کوردەواری کردوە، یاخوا تەمەن درێژ بی و بتوانی درێژە بەو تێکۆشانە پیرۆزە بدەی، چونکە هەرکەس کاری ماڵپەڕی نەکردبێ، نازانی چەندی کار هەیە، چەندی بەرپرسیایەتی هەیە، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم، هیوام وایە هیچ کۆسپێک نەتوانێ ڕێگر بێ لەو خزمەتە بێ بەرانبەرە، سەدان کەس و خوێنەر لەو ماوە دوور و درێژەدا ماڵپەڕی “پێشمەرگەکان” وەشانی هەبووە وەک سەرچاوە سوودیان لێ وەرگرتووە، ئەو ماڵپەڕە ئارشیوێکی لەبن نەهاتووی وێنەی ڕێبەران و شەهیدان و پێشمەرگەیە و نووسەرانە، سەرەڕای کەم ئەندامی لە ڕێگای نیشتمان، پەیدا کردنی ژیانی ڕۆژانە، بەڵام لە زۆربەی کۆبوونەوە و خۆپێشاندانەکان دەورێکی ماندوو نەناسانەت هەبووە، لەقاودانی جینایەتەکانی رێژیمی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکان و ئەولەویەتی ئەو ماڵپەڕە، بڵاو کردنەوە و مونتاژ کردنی فیلمی خەباتکارانی دێموکڕات و زیندوو ڕاگرتنی ئەو ڕابوردوە پڕ شانازیە دڵنیام لەبیر هیچ هاوسەنگەرێکت ناچێتەوە، ڕێنوێنی بۆ پیتی کوردی و نووسینی کوردی لەو ماڵپەڕە دەلاقەیەکی دیکەی لە قوتابخانە و مێژووی کوردی پڕ کردۆتەوە.

***

رەشید ئەحمەدی: سڵاو ڕێز کاکه ساڵح نه‌ڵۆسی. بیسته‌مین ساڵڕۆژی سایتی پێشمه‌رگه‌کان له گشت پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان و سه‌رجه‌م خه‌لکی کوردستان پیرۆز بیت، پڕ به دڵ ده‌ستخۆسی له ئێوه‌ی به توانا و زه‌حمه‌تکێس له پیناوی خزمه‌ت به‌ ئازادی گه‌ل و سه‌ربه‌خۆیی کورستان ئه‌که‌م، سه‌رکه‌وتوو بێت بۆ خزمه‌تی نیشتمانی ماف خوراومان.

تکایە بۆ دیتنی پەیام و دەست خۆشی دۆستانی  دیکە سەردانی فەیسبووک بکەن ، لینک 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی