"an independent online kurdish website

خەڵکی ڕاپەڕیو و پێشمەرگەباوەڕی کوردستان!

پێشمەرگە فیداکار و گیان‌لەسەردەستەکانی نیشتمان!

٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی “پێشمەرگەی کوردستان”، ڕۆژی ڕێزگرتن لەو ڕۆڵە بوێرانەی گەل و وڵاتە کە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی پارێزگاری لە خاک، خەبات بەدژی ستەم و زۆرداریی نەتەوەیی و، تێکۆشان بۆ دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد لە شاخ و شار و لە هەموو سەنگەرەکانی ئەم خەباتە ڕەوایەدا ئامادەی گیانفیدایین.

ئەم ڕۆژە وەک مێژوو، بیرهێنەرەوەی ڕووداوێکی گرینگ و چارەنووسسازە. لە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٢٣دا ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی وڵات بە گرتنی شارەوانیی شاری مەهاباد دوا ئاسەواری دەسەڵاتی زەبروزەنگی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوییان ڕاماڵی و لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤یشدا ئاڵای کوردستان لەسەر بینای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەهاباد هەڵ کرا و بەوەش ڕێگە بۆ دامەزرانی کۆماری کوردستان و تۆمارکردنی کۆمەڵێک سەروەریی نەتەوەیی خۆش کرا کە شەکانەوەی ئاڵای کوردستان و دامەزرانی هێزی پێشمەرگە وەک سپای میللی دوو لەو دەسکەوت و بایەخە نەتەوەییانەن. لەوکاتەوە هەتا ئێستا ناوی پیرۆزی پێشمەرگە هێمای گیانبازی و ئازادیخوازی و هێزی پێشمەرگە ئیرادەی خەبات و کۆڵنەدانی نەتەوەیەکی مافویستە. ئەم مێژووە پڕبایەخەش دەرهاویشتەی خۆشەویستیی هێزی پێشمەرگە لەنێو گەل بەهۆی حەماسەخوڵقێنی و خۆنەویستیی ئەو هێزە گیان‌لەسەردەستە، و هەروەها پشتیوانیی بێ‌درێخ و لەبڕاننەهاتووی خەڵکی خەباتکار و پێشمەرگەویستی کوردستانە کە ئێستا بۆتە سەرمایەیەکی گرینگ لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بۆ خاک و وڵات و؛ هەر لەجێدا ئەمەش بەرهەمی هزر و ئەندیشەی دامەزرێنەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، واتە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە.

لەو ڕۆژەوەش کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دامەزراندووە، هەتا ئێستا، خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان بە چەندین قۆناغی دژوار و خوێناویدا تێپەڕ بووە و ئەو کاروانە بەردەوامە بە گیانبازی و فیداکاریی ڕۆڵە بە بیروباوەڕەکانی گەل هەروا بەرەوپێش دەچێت. لە هەموو ئەو قۆناغە مێژووییانەدا “پێشمەرگە” هێمای ئازایەتی و بەرگری لە کەرامەت و شوناسی نەتەوەیی کورد لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا بووە و، ئاڵا و پێشمەرگە بوونەتە دووانەیەکی لەیەک‌جیانەکراو. واتە پێشمەرگە ئیرادەی خۆڕاگری و بەردەوامیی خەبات بووە و ئاڵای کوردستانیش شکۆ، پێناس و ڕەمزی هەرمانی نەتەوەی کورد. هەروەها پێشمەرگە، وەک هێزی وڵاتپارێزی لایەنگری بەها و بایەخە مرۆیی و جیهانداگرەکان نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە باشووری کوردستانیش خاوەن پڕستیژێکی نێونەتەوەییە.

خەڵکی کوردستان ئەمساڵ لە بارودۆخێکی تایبەتدا بەرەوپیلی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانەوە دەچن. ئەمە یەکەم ٢٦ی سەرماوەزە کە پاش ١٦ ساڵ لێکدابڕانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕیزەکانی ئەم حیزبە وەسەریەک کەوتوونەتەوە و هێزی بەهێزی پێشمەرگە بە گوڕوتینی زیاترەوە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش و بەدیهێنانی دەسکەوتی زیاتر لە سەنگەری خەبات‌دان. هەروەک لە چەند مانگی ڕابردووشدا بینیمان یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بووە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و، هاندەر و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داگیرساندنی مەشغەڵی “شۆڕشی ژینا” ببێتە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە لە هەموو بەشەکانی دیکەی ئێرانەوە چاوەکان لەسەری کۆ ببێتەوە. هەروەها ئەم یەکگرتنەوەیە پشت‌قایمییەکی گەورە بوو هەم بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پرەنسیپە لەمێژینە و گرینگەکانی حیزب، هەم هەناردەی بەها و بایەخە شۆڕشگێرییەکانی جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ئێران کە لە پەلهاویشتنی دروشمەکانی شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە بۆ هەموو سووچ و ناوچەکانی ئێراندا ڕەنگیان داوەتەوە. ئەمەش پشت‌ئەستوور بە جێگە و پێگەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و، ئێعتبار و خۆشەویستیی کەم‌وێنەی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە لەنێو خەڵکی کوردستاندا بەدی هاتووە، وەک چۆن لە خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی سەرشەقامدا خەڵک بە دڵگەرمیی زیاترەوە تێکڕا و بە یەک دەنگەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان بە ڕزگاریدەری خۆیان ناو دەبرد.

لەلایەکی دیکەوە ٢٦ی سەرماوەزی ئەمساڵمان لە جەنگەی کڵپەی نوێی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بەدژی ڕێژیمی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا دەگاتێ. سێ مانگی تەواوە ناڕەزایەتی، خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی خەڵک لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران کە کوژرانی مەزلوومانە و بێ‌بەزەییانەی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز لە تاران چەخماغەکەی لێدا، لە شکڵ و فۆڕمی جۆراوجۆردا بەردەوامە. ئەم ڕاپەڕینە کە توانیویەتی پشتیوانییەکی بەربڵاو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا بۆ خۆی دەستەبەر بکات؛ بە بەربڵاوی و بەردەوامییەکەی، بە خەسڵەت و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی و بە پەلهاویشتن و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی توانیویەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی گەورەترین قەیرانی مێژووی خۆی بکات. لە بەرانبەردا هەر بەپێی ئەو ناسینەی لە دەسەڵاتبەستانی ڕێژیممان هەیە، سەرکوت و زەبروزەنگ، گرتن و ئەشکەنجەدان، کوشتار و ئێعدامی جیابیرانی ئازادیخواز تاکەوەڵامی ڕێژیم وەک سیاسەتی هەمیشەییان بووە. هێرشی بێوێنەی نیزامی بۆ سەر کوردستان و سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی کوردستان و هاوکات مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و هێزە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانیش، ئەگەر لەلایەک بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان لەسەر دۆخی نێوخۆی وڵات و پاشەکشە بە ڕەوتی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی خەڵک بووە؛ هاوکات سەلمێنەری ئەوپەڕی ڕق و قین‌لەدڵیی ڕێژیم لە کوردستان و جووڵانەوە سیاسییەکەی و هەروەها ترس و زەبوونی ودەستەوەستانیی کۆماری ئیسلامییە کە ئیدی ناتوانێ لەژێر باری ئەو دۆخە قەیراناوییەدا پشت ڕاست بکاتەوە.

لە سێ مانگی ڕابردوودا ڕێژیم چەند هێندەی ئەو ٥٠٠ کەسەی بە ناو و شوناسیان زاندراوە کوشتووە، دەیان هەزار کەس لە خەڵکی خۆپێشاندەری لە ئاستی وڵاتدا دەسبەسەر کردووە، خامنەیی چەند جار هاتووەتە سەر شاشە هەتا بە هێنانەوەی ئایەت و حەدیس ورە بداتەوە بەر هێزە تەمابڕاوەکانی و بۆ سەرکوتی زیاتر هانیان بدات. هەروەها فایلە دەنگییە دزەکراوکەی کاربەدەستانی سەرووی ڕێژیم و بۆڵتەنە لەقاودراوەکانی فەرماندەی سپای پاسداران هەموو ئاماژەن بۆ ئەوەی کە سەرجەم ژوورە فکرییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەرهەموو هێزە نیزامی و ئەمنییەتی و دەزگای تەبلیغاتیی ڕێژیم تێکڕا و پێکەوە بۆ بەچۆکداهێنانی شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران ڕێک خراون. بەڵام ئەوەی پەل و پۆ داوێ هەر هێما و سیمبولەکانی ئەم شۆڕشە و ئەوەی بەردەوام هێز دەگرێ هیوای سەرکەوتنە بە سەر دەزگای سەرکوت و داپڵۆسین‌دا، هەروەها نەخشاندنی ئەو دوورە دیمەنە کە کوردستان دەستپێشخەر و ڕچەشکێنی گۆڕانکارییە سیاسییەکانە لە ئێران و لە داهاتووی ئەم وڵاتەشدا ڕۆڵ و پێگەکەی دیار و بەچار دەبێت. واتە هیچ شوێنێک و هیچ لایەنێک چ لە نێوخۆ و چ لە ناوچە و چ لە دەرەوەی وڵاتیش ناتوانن چیدی فاکتۆری کورد لەبەرچاو نەگرن هیچ لایەنێک ناتوانێ پرسی کورد پشتگوێ بخات. لەو بارودۆخەدا ئەرکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پتر لە هەموو کاتێک هەستیار و بنیاتنەرە.

شوێنەوار و کاریگەریی شۆڕشی ژینا کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا، ڕەوایی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و هەڵوێست و دروستی و مەنتیقی ‌بوونی تێڕوانینی هێزە سیاسییەکانی کورد بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەمەڕ پرسە سیاسییە حەیاتییەکانی ئێران دەرخست و کارتێکەریی پۆزەتیڤی لەسەر جۆری هەڵوێست و ڕوانگەی هێز و لایەنە ئێرانییەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی وڵات بەرانبەر بە کورد لە کوردستانی ئێران دانا. بێگومان ئەمەش جیا لەوەیکە دەسکەوتێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی کورد و وێژمانی سیاسیی حیزبی دێموکراتە، دەتوانێ دەرفەتێکی بەنرخیش بێت بۆوەی کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان بتوانن بە قازانجی پرسی کورد لە ئێران کەڵکی لێ وەربگرن؛ چونکی دەیان ساڵ بوو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و شۆڤینیزمی فارس و ناوەندگەرا خەڵکی ئێرانیان لە بزووتنەوەی میللی دێموکراتیک و ئازادیخوازانەی کوردستان بە پڕوپاگندەی چەواشەکارانەی “هەڵوەشانی ئێران” ترساندبوو. بەڵام سیاسەت و دروشمی واقعبینانەی هێزە سیاسییەکانی کوردەکان کە هەمیشە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کراوە و ئێستا لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بە هەمان خەسڵەت و تایبەتمەندییەوە وەرگیراوە؛ هەرەسهێنانی و شکانێکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموو ئەو هێز و لایەنانەیە کە حاشا لە فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران دەکەن.

خەڵکی پێشمەرگەپەروەری کوردستان!

مێژووی تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندوویەتی کە خەباتی خۆی تەنیا لە چوارچێوەی خەباتی پێشمەرگانەدا بەرتەسك نەكردۆتەوە و، بەپێی هەلومەرج و گۆڕانكارییەكانی ڕۆژ و سەردەم لە هەموو جۆر و شێوەكانی دیكەی خەبات كەڵكی وەرگرتووە. لە ئێستاشدا لەگەڵ ئەوەی لە بواری نیزامیدا پتانسییەڵی بەهێزترین هێزی سیاسی و نیزامیی لە كوردستاندا هەیە، بەڵام لەم هەلومەرجەدا وێڕای پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان كە بۆ حیزبی ئێمە لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبییە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێوەندییە ڕوحی و تەشكیلاتییەكانی خۆی بە چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستانەوە گرێ داوە و سەردەمیانە و بە ئیستراتیژی ڕوون و دیاریكراوی خۆی لە سەنگەری خەبات دژی کۆماری ئیسلامی‌دایە.

لە ٢٦ی سەرماوەز و ڕۆژی پێشـمەرگە و ئاڵای کوردستاندا ئەو ڕاستییە بیر دێنینەوە کە مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات پێمان دەڵێ نە ڕووخانی کۆماری کوردستان، نە تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات، نە شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگە و نە مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکەمان نەیانتوانیوە و ناشتوانن ئیرادەی حیزبی دێموکرات و خۆڕاگریی شکۆمەندانەی پێشمەرگەکانی بەچۆکدا بێنن.

لە کۆتاییدا، لە ٧٧ ساڵەی دروست‌بوونی ناو و هێزی پێشمەرگەدا سڵاو دەنێرین بۆ شەهیدانی ئەم کاروانە پڕ سەروەرییە. ڕێز دەگرین لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمانیان لەسەر شانی خۆیان شەکاوە ڕاگرتوە. بێگومان سەبارەت بە مێژووی فیداکاری و گیانبەخت‌کردنەکانیان هەمیشە بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لەو هێزە دەڕوانین و تەنانەت لە داهاتوودا و ئەوکاتەی بە مافەکانیشمان گەیشتووین، بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی خەباتی نەتەوایەتیمان هەر دەبێ پشت بە هێزی پێشمەرگە ببەستین.

بەرز و پیرۆز بێت ناو و هەیبەتی پێشمەرگەی کوردستان!

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان!

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

٢٥ی سەرماوەزی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی