"an independent online kurdish website

ڕانانی کتێب:     یادەورییەکان:  ئیسماعیل بێشکچی ،  وەرگێڕانی محەمەد عیزەدین ٢٠٢٢  ،  بڵاوکراوەی .. دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ٦٥٤ لاپەڕە

    

  هەڵۆ بەرزنجەیی..١٢/١٢/٢٠٢٢

   دوایی کوردستانیش وتی:

   ئەوەی ئێستاکە ئێمە ئەتوانین بیکەین

  وەک گوڵ و شیعرو ئازادی

  لەگیانماندا ھەڵتگرین!  ” شێرکۆ بێکەس”

بێشکچی: بیرەوەرییەکانی هی  پشت دەرگا ئاسنین و ژوورە تاریکەکانی زیندانن.. زیندانی کردە زانکۆی ڕاستەقینەی توێژینەوەکانی.. ئەو هاوڕێی کەلەپچە و ژووری تەنیایی و سیمبۆلی زانست و ئازادی و کورد دۆستییە.

بێشکچی: لە دووڕیانی زانکۆ و زیندان دا، دووەمیان هەڵبژارد، بۆ کارە زانستییەکانی. چونکە پێی باشتر ە توێژینەوەکانی لە زیندان بکات نەک لە زانکۆ ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەتی فاشتی تورکیادا..

زانکۆ لە بێشکچی کراوەتە زیندان، بەس لەبەئەوەی داکۆکی زانستیانەی لەسەر بوون کورد و زمانەکەی کردووە. ئاخر بۆیە بێشکچی  یەکجار گەورە و تایبەتە، چونکە لە زەمینەی دەوڵەت و سیستەم و ناو ئەقڵێتێکی داگیرکاریی ڕەش و دڕندە و ستەمکاریی بێ هاوتا لە جیهاندا، بۆ بەها و سەنگی زانست و مرۆڤدۆستی تێکۆشاوە..

بێشکچی: بە هزر و باوەڕ و قەڵەم و جەستە لاوازەکەی،دەوڵەتی بەهێزی تورکیای هەژاندووە، هەرچی هێز و توانا و هەڕەشە و گوڕەشەی ستەمکاریی و چەوساندنەوە و نانبڕتن و دوورخستنەوەی دەسەڵاتی تورکیا هەیە چۆکی پێ دانەدا و هەر بە سەربڵندی و گەردن بەرزی و خۆڕاگری مایەوە..

ئاخر کاتێ عەشقێ لەدڵ و دەروون دا، ببێتە باوەڕ و پرنسیپ، واتە سنووری سۆزێکی راگوزەرانەی تێپەڕاندووە و زیاتر وەک چەمک و تێگەیەک بەرجەستەبووە، نەک  خۆی وا نمایشت بکات، بە شێوەیەکی هەستی تەنک و ئارەزوویەکی نەمەیوو.. بێکشچی ئەو کەسە بیە باوەڕ و ئیمانی هەتا ئێستا بە زانست و ڕێبازەکەی هەیە..

بێشکچی.. ناوێک لە زانست و هەڵوێست و قوربانی.. نیو سەدە زیاترە شان بە شانی ستەمی مێژوویی تورک و کەمالیزم و دەوڵەتی تازە قوتکراوەی تورکیا و هاوشانی مێژووی کورد باسی دێتە ناو ناوانەوە..ناوێک هەر لەسەرەتاوە پرشنگی داوە و تا بێت شەوەزەنگی ستەم و تاریکستان ڕادەماڵێ.. تورکیای میراتگری ئیمپراتۆری عوسمانی دۆخێکی خوڵقاند، کورد لەسەر بێشکەوە خۆێنی حەڵاڵ کرا.. کەمالیزم سیستەم و دەسەڵاتێکی هێنایە کایەوە، ناوی کورد و کوردستان بوونە مادەی قاچاغ و سزای توندییان لەسەر دانرا.. بەڵێ دۆخێک خوڵقێندراوە کوردبوونی تێیدا بووە گەورەترین تاوان…

بێشکچی.. کەسایەتییەک لەوپەڕی زانستپەورەریدا دەبێتە قارەمانێکی نەبەزیوی زیندانی فاشستەکانی دەوڵەتی تورکیای تاوان. خزمەتەکانی  بارتەقای زانست و ڕاستیپەروەر و بێ منەت لە دەسەڵات و دەستکەوت و پلە و پایە و ماڵێ دنیا. هەڵوێستەکانی بە قوڵایی مێژوودا رۆچوووە و باڵایان لە چیای حەسارۆستی کوردستان بڵندترە…

بنۆڕە بێشکچی لەنێوان داکۆکی لە دۆزی ڕەوای کورد و کاری زانستی و بەدیارخستنی تاوانی کەمالیزم و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیدا، چ زەحمەت و مەینەتی هەڕەشەیەک ڕووبەڕووی ژیانی بۆتەوە نزیکەی ١٧ ساڵ چەشتنی زیندانی تاڵی نێو ٢٣ زیندانی جۆراوجۆری دەوڵەتەکەی ئەتاتورک و تێیاندا ھەیە چەند جارێ بێشکچی تێ خزێندراوەتەوە

……
ئەو پرسیارەی لەبەردەمماندا قووت دەبێتەوە: تۆ بڵێی بێشکچی ئاگای لە پەرەگراڤ و یاسا توند و شۆڤێنیستی و نامرۆڤەیەتییەکانی دەوڵەتەکەی بێت، بەرانبەر بە کوردبوون؟!..

ئاخر بەڕاستی جێ سەرسوڕمانە کەوا لەنێو میللەتێکی هێندە ملیۆنیدا کەسێک هەڵکەوێ، ملی خۆی بە ئارەزوو لە چەقۆی داگیرکاریی کەمالیزم بسوێ… ئێوە سەرنج بگرن و تاقە ڕۆژێک زیندانی فاشییەکان بهێننە بەرچاوتان! چەوساندندنەوە و ئەشکەنجەی نامرۆڤانە بەدرێژایی مانگ و ساڵان.. پۆلیس و جەندرمە و دامودەزگە داپلۆسێنەرەکانی تری تورکیا وەبیر خۆتان بهێننەوە،چۆن مێژوو بە قێزەوونی باسیان دەکات.. بێشکچی بێ هیچ مەرام و دەستکەوت و بەرژەوەندیەکی کەسی، بەڕووی چیای ئەم ستەمکارییەدا چۆتەوە و گیانبازی بەژیانی خۆی کردووە..

ھەر لەبەر ئەمەیە نوام چۆمسکی دەڵێ: ”  ئیسماعیل بێشکچی، قارەمانێکی دنیای زابستە، سیمبۆڵی ئازایەتی و نەبەردییە. بۆ کورد لە گالیلۆ زۆر زیاترە“.

چەند جێی شانازی و بە خۆنازینە لەم دەیجور و قەیرانەی مەردایەتی و زانستپەروەریدا کەسانێک هەڵکەون، لە پێناوی بەهای جوانی مرۆڤپەروەریی و زانست و ڕاستی دا، گیانبازی بە هەموو ژیانی خۆیان بکەن!…

بێشکچی.. بۆیە زۆر گەورەیە چونکە نموونەیەکی تاقانەی دەگمەنی ئەوانەیە بە باوەڕ و ئیمان لەگەڵ پیشەی زانست و راستی و مرۆڤدۆستیدان…

بێشکچی، هەر لەسەرەتاوە زانیویەتی دەبێت چ بکات و ڕووبەرووی چی دەبێتەوە!… ئەو باش سیستەم و یاساکانی وڵاتی خۆی ناسیووە و چاوەڕوانی لێ کردوون ئازاری بدەن و تووشی چەرمەسەری بکەن!!…

بێشکچی.. نموونەی تاکێکی نێو ملیۆنانە و تاقانە و بێ وێنەیە، قوربانی دان بە ١٧ ساڵ و چەند مانگێ لە تەمەن لە پێناوی کارێکی زانستی و داکۆکی لە مافی نەتەوەیەک و لایەنگیری راستی و مرۆڤدۆستی جێی سەرسووڕمان نییە.

 گەر بڵێین دەوڵەتێ لە بنەمای ترس و بێباوەڕی دروستکرا بێت، خاوەنەکەی ھەمیشە دوودڵ و نائارامە.. دەنا گەر وا نییە، ئەم ھەموو ڕێگا و ڕێسا و یاسا قورسە چییە بۆ خەڵکی دادەنێ؟!…

 تورکیا جگە لەوەی بەچکەی شەرعی دەستی ئیمپریالیزمە، ھیچ بنەمایەکی بەدەوڵەتبوونی نەبووە و بە تۆپزی قوتکراوەتەوە.  خۆ گەر بێت و بۆ مێژوو  بگەڕێینەوە. تورک تێکەڵەیەکە لە تەتەرەستان و مەنگۆلیاوە وەک پاشماوەیەکی لەشکری داگیرکەری جەنگیزخان ھاتونەتە ناوچەکە و ماونەتەوە.. خۆیان بەزۆرداری کردۆتە خاوەنی خاک و مافی خەڵكی.. بۆیەکا ھەمیشە لە دەوروبەری خۆیان ترساون و دەترسن!!، ھەروەک کورد دەڵێ: ” کراسی دزی مەگەر بە شەو لەبەر بکرێ’.

لەم نێوەشدا ئەوەی تورک لەسەری دەژی، بەشێکی نیشتیمانی مێژووکردی کوردە…

ئا لێرەوەیە کەوا تورک بە ھەموو ھێزی دژ بە بوون و ناو و ناسنامە و نیشتیمانی کوردە. بۆ سەرخستنی پرۆژەکەیان و گەیشتن بەئامانج، تورک پێڕەوی لە کۆمەڵێ ڕێ و جێ کردۆتەوە و بە فەرمیی کردوویەتە سیاسەت و یاسا و دەستووری دەوڵەتەکەی و ھەوڵیشیان داوە پەردەیەکی یاسایی و شارستانی و زانستی و پێدا بدەن.

 لەم زەمینەیەدا زۆر بەسەیر و سەمەرەیی پیاوێک! رۆشنبیرێکی گەورە و زانایەکی کۆمەڵناس، ھەڵدەکەوێ لەم ئەقڵێت و بڕیار و سیاسەتە دەکەوێتە گومانەوە و دژ دەوستێتەوە.. وەک خۆی دەڵێ: ” لەبری ئەوەی گوێڕایەڵی دەوڵەت و باوەڕە فەرمییەکان بم، زیاتر پابەندی زانست و ڕێکارەکانی بووم”.. ل ٢٠

بێشکچی.. زیاتر لە پەنجا ساڵ لەبەردەم دەوڵەت و دادگادا جەختی لەسەر ئەم پرنسیپە کرووە و ساڵانێکی زۆر زیندانی ئەشکەنجە و ماڵوێرانی بەخشییە بنەماکانی باوەڕ و ئیمانەکەی..

تورکیا دەوڵەتێکە لەسەر لاسایی بنەمای دەوڵەتی یەک نەتەوە و یەک زمان ناوکی بڕاوە… لەو دەوڵەتەدا بە دەستوور ددان بەس بە بوونی تورکدا نراوە…واتە چ کورد و چ ھەموو ئەو کەمە نەتەوەییانەی دیکە لە تورکیا بوونیان نییە.. ئەم بڕگە یاسایی و فەرمانە دەوڵەتی و سیاسەتە شۆڤێنییە، گشتگیر کراوە لە ھەموو دامودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت دا.. بەتایبەت لە کایەی پەروەردە و خوێندن دا، کەواتە لە دایەنگا و باخچەی ساوایانەوە نکۆڵی لە بوونی کورد کراوە.. تەنانەت کورد ھەبووە باوەڕی بە خۆی نەکردووە کە کورد،یاخود کورد تورکی شاخاوییەی لا بەڕاست گەڕاوە!! چونکە یاسای دەوڵەتەکەی وای فەرمووە…

 جا دەبێت کارەسات و تراژیدیا چی بێت لەوە گەورەتر و خەمناکتر؟!.. کورد بیت نەزانی کوردی یاخود نەوێری بڵێی کوردم یان بە یاسا رێگریت لێ بکرێ کوردبوونی خۆت رابگەیەنی!…چ ستەمێک هەیە لەمە سەخت و قورستر؟؟!!

زانکۆ.. کە مەیدان و سەرچاوەی زانستە و زانستیش بەدوای ڕاستی و هەقیقەتدا وێڵە و لە دنیای مۆدێرن دا گەورەترین بایەخی ھەیە و جێی متمانەی خەڵکە،لە تورکیای کەمالیزمدا خراوەتە خزمەتی ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی فەرمی دەوڵەتەوە. چا بنۆڕن پارادۆکسەکە چەند گەورەیە و دەلاقەی نێوان ئەم دوو جەمسەرە چەند فراوانە؟!..

 
دۆزی کورد ھەر کێشەی تورکیا نەبووە و نییە، بەڵکو کێشەی ھەموو رۆژھەڵاتی ناڤین و جیھانییشە.. ئاخر ناکرێ نەتەوەیەک بێ ویست و خواستی خۆی دابەش بکرێ بەسەر چەند دەوڵەتێکی زۆڵەکی دروستکراوی دەستی ئیمپریالیزم دا، ڕازی بێت بەم قەدەرە و ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بڵند بکاتەوە.. لێ بگەڕێ ئەوانی داگیرکەر و دوژمن بیتوێننەوە و بیکوژن و ڕایبگوێزن و نکۆڵی بوونی بکەن قڕی بکەن!….

کورد یەکێک بوو لە کێشە بنچینەییەکانی تورکیا ئەو ئاریشەیەی ھیچ کەسێک نەیدەویست خۆی لە قەرەی بدات”. ل٣٠

ئەگەر لە دەستووری وڵاتدا تۆماری شێواو و ھەڵە ھەبێت و بە زانایی و وریایی و مەبەستەوە بڕیاری لەسەر درابێ و دەوڵەت و دامودەزگاکانی پێڕەوی بکەن، ئەوە دیارە لە وڵاتێکی دواکەوتووی رۆژهەڵاتییدا ئاساییە ، پۆلیس و ئاسایشێک بێت پابەندی ئەم خەت و خاڵەی دەستووری دەوڵەتەکەی بێت.. بەڵام شتێکی ناقۆڵا و نالۆژیک و چاوەڕوان نەکراوە، ڕۆشنبیران و زانستکاران و مرۆڤدۆستان لەپشت ئەم بانگاشانەوە بوەستن. بێشکچی یەک لەوانەیە بە توندی و بە گەورەیی دژ بە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتەکەی وەستاوەتەوە لەو شوێنەدا نازانستانە بڕیاریان داوە و نکۆڵییان لە بوونی کورد کردووەهەڵوێستی وەرگرتووە..

 ئیدی زانستکار و ھونەرمەند و رۆژنامەنووس و ھەواڵنێر بە تێکڕایان پێڕەوی ئەوەیان کردووە کە سیاسەتی فەرمی دەوڵەت نەخشەی بۆ کێشاوە.

” لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و زانکۆکان بەبێ پچڕان ئەوە چەند بارە دەکرایەوە کە ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد تورکە و زمانێک نییە بەناوی نییە. بۆ پشتڕاسکردنەوەی ئەو بۆچوون و دەنگۆیانە دادگا بڕیاری فەرمی دەرکرد”..ل٣٧

عەشقی ناوبراو بۆ زانست دەیکاتە ھۆگری دۆزی ئاڵۆز و پڕ لە گرێوگۆڵی کورد، ئازاری زۆر دەچێژێ و قوربانی زۆر دەدات لەپێناوی باوەڕی زانستپەروەریدا…

” پەیوەست بوونم بە کێشەکەوە لە خواستێکی زانینەوە سەرچاوەی گرتبوو”. ل ٣٧
کاتێ بۆ توێژینەوەیەک دێتە کوردستان تەماشا دەکات خەڵکێکی تر لەم دەڤەرە دەژین و مرۆ لەڕێی وەرگێڕەوە دەبێ قسەیان لەگەڵ بکات.. گوومانی لا دروست دەبێت وەک بانگاشەیان بۆ دەکرد، تورکیا یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە و یەک زمان نییەا…

دەچێتە رۆژئاوای کوردستان دەبینێ ئەوان و کوردی باکوور باش پێکەوە قسە دەکەن و لێک تێدەگەن… پۆشاکیان وەک یەکە… جوگرافیاش ھەر یەکە و سنوورێکی زەق دیار نییە چ جیاوازییەک بەدی ناکرێ…

ساڵی ١٩٦٣ لە گوندێکی نزیک بەدلیس سەرباز دەبێ، لەوێ دەستەیەک رەوەند و کۆچەری کورد بە مەڕوماڵاتەوە بەو دەڤەردەدا تێدەپەڕن! سەربازەکان دەچن ٢-٣ سەر مەڕیان لێ دەدزن. ڕەوەندەکان ئاگاداری ئەم کارە بوون لێ ترساون ھیچ بڵێن… بێشکچی دەڵێ: ” بیرۆکەی بنکۆڵکردنی ژیانی ئەو ڕەوەند و کۆچەرییانە بە ڕێگای توێژینەوەی زانستی، لەوێ ڕۆژەوە کەوتە کەلەم. تێزی بەدەستھێنانی بڕوانامەی دکتۆراکەشم ، ئیدی لە ڕووداوەکەی وێ ڕۆژێوە سەرچاوەی گرت“. ل ٥٦

 ناوھێنانێکی کورد و ڕەھەندەکانی دۆزەکەی قەدەغەکراو بوو.. دەردە گەورەکە لەوەدایە بێشکچی چەند لەلایەن دامودەزگە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە سزادراوە، ھێندەش لەلایەن بەشێکی ھەرە زۆری زانکۆ و زانستکارانییەوە دژایەتی کراوە..

پرۆفیسۆرەکان ڕستەی ( کێشەی رۆژھەڵات) یان وەکو بانگەوازێک بۆ کوردەکان لێک دەداتەوە، ئەمەش بێ ویستی خۆیان بوو. ئەوانەی ڕەخنەیان لێ دەمگرتم ، مامۆستایانی بەشەکانی زانستە سیاسیتەکان و کۆمەڵناشی و مێژوو و مرۆڤباسی و ئابووری و زانستە مرۆڤایەتییەکان بوون” . ل ٨٧

بێشکچی کەسێک بووە هێندە باوەڕی بە زانست و ڕاستی کارەکانی هەبووە، بە تاقی تەنیا ڕووبەڕووی سیاسەتی فەرمی دەوڵەتەکەیی و دەستوورەکەی و بنکە بەناو زانستییەکانیش بۆتەوە.. ئەم شەڕە هەر بە کەسێک لاوازی باڵاکورتی چاو کزی باوەڕ پۆڵایین و دڵ پڕ لە خۆشەویستی وەک بێشکچی کراوە..

 پێویستە دان بەمافە دیموکراتییەکانی کورددا بندرێت بۆیە ئەگەر حکومەتی تورکیا گوێ بە داواکارییەکانی کورد نەدا ئیدی کورد باس لە مافە سیاسییەکانیشیان دەکەن”. ل ١٠٨

مافی دیموکراتی لە پەراوێزی هەرەدامێنی مافی نەتەوەییدا دێ و شایستەی نەتەوەیەک نییە کۆلۆنیالیزم ئەڵقەی نیری یەخسیری لە ملی کرد بێت. کەچی زۆر بێ شەرمانە دەوڵەتی تورک ئەو مافەشی بە کورد ڕەوا نەدیووە. بێشکچیش بەر هەڵمەتێکی شۆڤێنیانەی بێ ویژدانانە بۆتەوە.” تۆمەتی ناپاکی و دوژمنداری گەل و نیشتیمان و خاک فرۆشیان دامە پاڵ (…) ناکرێ نکۆڵی لە بوونی کورد و زمانەکەی بکرێت”.. ل ١١٩

بێشکچی لە یادەورییەکانیدا هەڵوێست و بیرکردنەوەی بەشێکی ئەو کەسانەشمان دەخاتە بەرچاو،کە لەزینداندا لەگەڵیدا بوون. لەم کۆنتێکسەدا ناو و بیرکردنەەوە و هەڵوێستی چەند ئاغایەک و چەند شۆڕشگێڕێکی چەپی کوردی بۆ تۆمار کردوون..دوو توێژ، لە بیرکردنەوەدا جیاواز و بە پێوەری کوردایەتی دوور لەیەکتر،ئەمما چاوەڕوان نەکراو لە بیرکردنەوە و هەڵوێست دا..

خەلیل ئاغا بە تۆمەتی:” جوداخوازیی و دابەشکردنی نیشتیمان و گەل و چەتایەتی دادگایی دەکرا” . ل ١٢٨ .. ئەم ئاغایە ئەندامی  پ. د. کوردستانی تورکیایە و کۆمەک و هاوکاری بۆ شۆڕشی باشووری کوردستان کۆکردۆتەوە. خەلیل ئاغا لەسەر کوردایەتی چەرمەسەری زۆری بەسەردا دێ، ماڵوموڵکی لەدەست دەدات، بەڵام بە ئیمانەوە  داکۆکی و بەرگری کوردبوونی خۆی دەکات . لە زیندان کۆمەڵێ هەر بە کوردی قسە لەگەڵ زیندانییە کوردەکاندا دەکات..ئەوانیت تۆمەتباری دەکەن بەوەی  چؤن ئەو تورکی دەزانێ و قسەی پێ ناکات و چۆن دەبێت وەک زیندانی سیاسی لێێ بڕواندرێت؟!..بە دەربڕێنێکی تر دەیانەوێ گاڵتەی پێ بکەن و بە سووک تەماشای بکەن هەر لەبەرئەوەی بە کوردی ئاخڤییە. بێشکچی زۆر دۆستی بووە.

 ” چەپی تورک دەڵێن: تورکی بۆرژوازی و کوردە فەیۆداڵەکان تورکیا بەڕێوە دەبەن” ل ١٤٧  و ” بەردەوام چەپی تورک کارگەرێتی لەسەر چەپی کورد هەبووە. ل١٩٥

ئەگەر چەپی تورک وا بیری کردبێتەوە و ئەوە لۆژیکەکەی بوو بێت و چەپی کوردیش لەژێر هەژموونی ئەم باندۆڕەدا بوو بێت،دەبێت چ جەهەنەمێکی ئایدۆلۆژی بۆ کوردبوون داخرا بێت و تاکی کورد بە ئاگری کام تەنووری گەرم سووتێندرابێت؟!.. نووسەرە توورکەکان بەشێکی زۆریان زمانی کوردییان بە هیچ زانیوە، پێیان وابووە و وایە کە زمانی نووسینی ئەدەبیات نییە. بێکشچی لەبەرانبەر ئەم هێڕش و  ستەمدا داوا لە زیندانییە کوردەکان دەکات،وەر بەرپەرچدانەوەیەک ئەو نوکتانە بنووسەوە کە خۆیان ڕۆژانە لە زیندان دەیگێڕنەوە تا نیشانی بدەن زمانی کوردی هەیە و ژێهاتووە هەر بابەتێکی پێ بنووسرێتەوە..

بەداخەوە لە وەڵامی ئەم داوایەی بێشکچیدا جارێ تر چەپی کورد داوا دەکات بۆئەوەی زمانی کوردی بیسەلمێنێ توانای هەیە ئەدەبی پێ بنووسرێ دەبێت کتێبی (کاپیتاڵی( کارل مارکسی پێ وەبگێردرێتە سەر زمانی کوردی!..سەرنج بدەن کارەساتەکە بۆ کوردبوون چەند زەبەلاحە،لەو دۆخە هەر سەختەدا چ داوایەک ڕووبەرووی کوردبوون لەلایەن توێژێکی کوردەوە بکرێتەوە؟! ئەی بۆ کتێبی کاپیتاڵ؟ بۆ بەرهەمێکی شەکسپیر .هەمانگوای، تۆڵسۆی ،دانتی نا؟!!..

خورشید ئاغا یەکێکی ترە لەو نموونانەی بێشکچی ستایشی بیرکردنەوە و هەڵوێست و جوامێری دەکات.. ئەمیش ئەندامی هەمان پارتی خەلیل ئاغا بووە،بەهەمان شێواز هەڵسوکەوتی کردووە لەتەک کوردە چەپەکانی خۆیان بە شؤڕشگێڕی ئینتەرناسیۆنالیست زانیووە، و کوردبوونیان بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لا نەنگی و گەمژەیی بووە. ئەم گرووپە چەپە چوون بۆ پشتیوانی شەڕی فەلەستین و لە گەڕانەوەیاندا گیراون..رۆژێ یەکێ لەمانە لەگەڵ خورشید ئاغادا بەتورکی قسە دەکات،ئەویش وەڵامی ناداتەوە، دیالۆگیکی زۆر سەرنج ڕاکێش لە نێوانیاندا دروست دەبێت:  چەپەکە پێی دەڵێ: ئاغا هەروایە لووتبەرزن. ئاغ لەوەڵمدا پێی دەڵێ: کوڕم،تۆ بۆ بە زمانی خۆت ناپەیڤی؟ وەرام:” ئاسیمیلە بوومە و کوردی نازانم“. خورشید ئاغاش لەهەمبەر ئەم وەڵامەدا پێی دەڵێتەوە:” هەموو ژیانی لینین و ستالین و مێژووی شۆڕشەکانی جیهان دەزانی و ناوهێنانی مارکست لە زار نابڕێتەوە،بۆیە خۆت فێری زمانی دایکیشت بکە”ل ١٤٨-١٤٩.

چەپە شۆڕشگێڕەکانی جیهان وەک هی داگیرکەرانی کوردستان نین. لەفەڕەنسا چەپەکان بە لێشاو دەچوونە پاڵ شؤڕشی ڕزگاریخوازی جەزائیر، کەچی هی تورک و فارس و عەرەب خەریکی شێواندنی ناوەڕؤکی ئازادیخوازانە و دیموکراتی بزاڤی کوردن و زۆربەیان لە زەریای شۆڤێنیزمدا نقووم بوون.

فرانتس فانس دەڵێ: ” ژیان مەحاڵە  بۆ میللەتە کۆلۆنیالکراوەکان دروست بێت،مەگەر تەنیا لەجەستەی داڕزاو و بۆگەنبووی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم نەبێت”.

بێشکچی بەم کۆپلەیە گەواهی دەدا لەسەر ئەم دوو ئاغایە و بە ئامانەتێکی مێژوویی واوە باسیان دەکات، کە هیچی بۆ کۆمێنتی کەسی تر نەهێشتۆتەوە:” خەلیل ئاغا و خورشید ئاغا ڕۆڵێکی زۆر دیار و بەرچاو و گەورەیان هەبووە لە گەشەسەندنی بیروباوەڕ و ڕامان و هەستەکانم سەبارەت بە کورد و کوردستان”.  ل ١٥٢

ئەشکەنجەدانی خۆی و ھاوڕێکانی بە وردی دەگێڕێتەوە. وێنەی ژوورە تاریک و تاکەکەسییەکان دەخاتە بەرچاو، شێوازی سزا و سووکایەتیی پێ کردنەکان دەگێڕێتەوە… پێمان دەڵێ: ” زۆربەی ئەوانەی کەوتبێتنە بەردەست ئەو جەللادانەی دەوڵەتی تورک، بەساغی کەوتۆنەتە زیندان،  ھەر لەوێ گیانیان لەدەست داوە یاخود پاش ئازادبوونیان ماڵئاواییان لە ژیان کردووە.”  واتە زیندانەکان وێستگە مردنن.

کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگە و ھێزێکی دینامیکی سیاسی گرنگن”. ل
٢٠٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی