"an independent online kurdish website

ئێوارە درانگان منداڵەکانم ئاگادار کردەوە  بۆ ئەوەی خۆیان کۆکەنەوە و بەرەو ماڵ بچن. چەند لە منداڵەکان لە ژوورەکانیتر بوون و کە چووم بە شوێنیاندا، هیچیان لەوێ نەبوون.

 خەیاڵات هەڵیگرتم، دەبێ چییان لێهاتبێ؟ کون وقوژبن کە قەت سەرم پێدا نەکردبوو، گەڕام. باڵەخانەکە چەندە کۆن و هی چ سەردەمێک  بوو، لام ڕوون نەبوو. هەرام لە منداڵەکان کرد، وڵام نەبوو. هەروا کە دەگەڕام خۆم لە ژێرزەوی باڵەخانە دیتەوە، کەلێن و کولێن دەگەڕام، لە ناکاو چاوم بە بەردێکی گەورە کەوت، ئەم بەردە لێرە چ دەکات و چۆن کەوتۆتە ئێرە! وەبیر سەردەمی چیابڕین و ئەشکەوتگەڕانی خۆم کەوتمەوە، یەکەمجار لە ئەشکەوتی کویلئاباد، گووم بووین و ڕێگای دەرەوەمان نەدیتەوە و لە بێ هیوایی هێندێک کەوتنە “ئەشەد” خوێندن.

بە زەحمەت بەردەکەم خشاند و چاوم بە دیوارێکی بەردین کەوت کە هۆڵ کرابوو، بە زگەخشکە خۆم تێڕاکرد، تاریک بوو، کە ویستم هەستم، سەرم لە بەردی باڵای سەرم کەوت و ژانێکی تیژ بە لەشمدا هات و کە دەستم بۆ سەرم برد، خوێناوی بوو. دەستم بە گیرفانی شاڵوارەکەم داکرد، تەلەفوونم پێنەبوو کە چراکەی ڕۆشن کەم، دەستەکلیلەکەم کە هەردەم بە شاڵوارەکەوە هەڵواسرابوو، کەوتە بەر دەستم،کە هەمیشە چراقوەیەکی بچووکی پێوەیە، چرام ڕۆشن کرد، ژوورێکی گەورە کەوتە بەرچاوم، پێپلیکانی لە گڵ سازکراو، منی گەیاندە تەختایی ژوورەکە.

 ژوورەکە کۆتایی نەبوو، هەروا دەچووم، دەنگە دەنگ دەهات و بۆم ساخ نەدەبووە دەنگی چییە، بێ ئەوەی بە خۆم بزانم کەوتمە ناوچاڵێکەوە، چاڵێ کە کۆتایی نەدهات. نازانم چەندەی پێچوو، هەتا قاچەکانم گەیشتە سەر عەرد، لە ڕاستیدا عەرد نەبوو، قوڕوچڵپاو بوو.

لێرە من بە تەنیا نەبووم، خەڵکێک کە شێوەی ئینسانیان دەدا دەهاتن و دەچوون، سەرنجی کەس بۆ لای من نەچوو. وەستابووم سەیری دەوروبەری خۆم دەکرد، هێندێک لە منداڵەکان، لە منداڵی گرووپەکەی خۆمان دەچوون، بەڵام ئەوان نەبوون. نەمدەزانی چ بکەم، بڕۆم، بوەستم، چۆن بگەڕێمەوە بۆ سەرێ، چۆن لە تەک ئەوانە بکەوەمە قسە، ئایا لە من تێدەگەن؟ نە من لەوان دەچم و نە ئەوان لە من، نەشمدەزانی ئەوانە مرۆڤ یان زیندەوەری چ سەردەمێکن، بۆچی لە ناو قوووڵایی زەوی دەژین و بۆچی مرۆڤی سەرێ قەت باسی ئەوانەیان نەکردووە، تۆ بڵێی ئێرە جیهانێکی نادیار و نەزاندراو  بێ؟

لە شوێنی خۆم دانیشتم، کە سەیری لەشی خۆم کرد، خودار بوومەوە، دەستم بۆ سەروچاوم برد، هەستم بەوە نەکرد کە ئەوە سەروچاو و لەشی من نییە. من چۆن بەو خێراییە تووشی گۆڕان بووم، چۆن وام پێهات؟ تەنیا وڵام کە بە مێشکم گەیشت ئەوە بوو، کە ڕەنگە ئەو کاتەی کەوتمە ناوچاڵەکە کە نازانم چەندە دوور و درێژ بووە و چەندەی کێشاوە، تووشی گۆڕان هاتبێتم. خۆم لە سەردەمانی دووردا دەبینی، چ دەور و چ سەردەمێک، لێم ڕوون نەبوو!  

ڕواڵەتی خەڵک زۆر لە یەک دەچوو، ئاکار و هەڵسوکەوتیان زۆر جیاواز نەبوو، لەو شوێنە بەردێکی زۆر زەلام هەبوو، دەهاتن چەند دەور بە دەوریدا دەسووڕانەوە و جا دەڕۆیشتن. وەبیر سەرێ و خەڵک کەوتمەوە، ئەو کاتەی بە دەوری شتە “پیرۆزکراوەکان”دا  دەخولێنەوە. لە کاتی خولانەوە، منداڵێک لە کاتی سوڕان بە دەوری بەردەکە، شەقێکی لە بەردەکە هەڵدا. کەسێکی زەلام کە لە پشت سەری بوو، بە هەموو هێزی خۆی شەقێکی لە منداڵەکە هەڵدا. منداڵ کەوت و هەستاوە و لە بەردەکە دوور کەوتەوە. ڕاوەستابوو سەیری خەڵکەکەی دەکرد. ئەوانەی چاویان بە شەقلێدانی لە بەردەکە کەوتبوو، سەیر سەیر سەیریان دەکرد. منداڵ تەواو بە تەنیا مابووە،کە چاوی بە من کەوت هات و لە پەنام دانیشت، بە بێ ئەوەی شتێک بڵێ. ئەو خەڵکە هەموو ڕووت بوون، دەهاتن و دەچوون.

منداڵ ڕووت لە تەنیشتم دانیشتبوو، پێی سەیر نەبوو، کە زۆر لەوان ناچم و تەواو ڕووت نیم. سەیری دەستی کردم کە هێشتا دەستە کلیل و چراقوەکەی پێوە بوو. چرا دەمێک بوو کوژابووە و فۆڕمی تێک چووبوو، کلیل ئیتر لە کلیل نەدەچوو، منداڵەکە دەستی بۆ کلیلەکان برد و دەستی پێداهێناو سەیر سەیر سەیری کردم و بزەیەکی هاتە سەر لێوی!؟

برایم فەڕشی

١٩/٧/٢٠٢٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی