"an independent online kurdish website

لە ٢٦/٩/١٣٢٤ کە بەرانبەرە بە 17-12-1945 ئاڵای کوردستان لە مەهاباد هەڵکرا. هەر لەو ڕۆژەدا سوپای کوردستانیش ناو نرا  پێشمەرگە.

دواتر حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئەو ڕۆژەی ناو نایە ڕۆژی پێشمەرگە. بۆیە زۆر جار دەوترێت ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە پیرۆز بێت.

هەروەها دواتر پارلەمانی کوردستان لە هەولێر بە فەرمی ١٧ی دیسامبەری کردە ڕۆژی ئاڵای کوردستان. کەوا بێت 17ی 12 لە ساڵی زایینی کە بەرانبەرە بە ٢٦ی سەرماوەز لە ساڵی کوردی، ڕۆژی ئاڵای کوردستان و ڕۆژی پێشمەرگەیە.

پێشمەرگە پیرۆزترین وشەیە لەناو زمانی کوردیدا، چونکە پێشمەرگە بە گیانی خۆی پارێزگاری لە نەتەوەی کورد دەکات. مەرگی خۆی دەخاتە پێش نەتەوەکەی بۆ ئەوەی ئەوان بپارێزێت.

پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە. پێشمەرگە سوپای نەتەوەی کوردە. بوێرە و وەک چیاکانی کوردستان پتەو و خۆڕاگرە. پێشمەرگە ڕۆڵەی نەتەوەی کوردە و لە ناخی هەژاری و نەهامەتی و کوێرەوەری و چەرمەسەری و پێشێلبوون و هەستی ئازادیخوازی سەری هەڵداوە.

کورد نەتەوەیەکە کە ڕەگ و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەو بۆ چاخە دێرینەکان. هەمیشە لەلایەن دوژمنەوە گەمارۆ دراوە و هەمیشە پێویستی بە پاراستن هەبووە. هەمیشە لاوانی چاونەترسی کورد پارێزگارییان لە کورد کردووە، با لەو سەردەمەشدا ناویان پێشمەرگە نەبووبێت.

لەم سەردەمەدا کە دنیا گۆڕاوە و هەر وڵاتێک سوپای تایبەتی بۆ خۆی پێک هێناوە و خۆی بە چەک و تەقەمەنی و فڕۆکە و پاپۆڕی دەریایی و ژێردەریایی و ئامێری سیخوڕی تەیار کردووە و دان بە بوونی هەندێک نەتەوەدا نانێن، گرنگە کوردیش بۆ پاراستن لە خۆی گرنگی بە هێزی پێشمەرگە بدات.

پێشمەرگەی کورد خۆبەختە، گەشبینە و کازیوە و ئاسۆی ڕوون دەبینێت. دڵنیایە ڕۆژێک دێت هەوڵەکانی بێنە دی.

ڕۆژی پێشمەرگە لە هەموو کورد پیرۆز بێت. 

  ئامادەکردن: نەرگس هاشمی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی