"an independent online kurdish website

 زۆر بەداخەوە هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی مامی بەرێز و خۆشەویستمان، کاک عەبدوڵا لاجانی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، برای شەهیدان کاک ساڵح لاجانی و کاک قادرلاجانیمان پێگەشت و بووبە مایەی خەم و پەژارەی ئێمە.

کاک عەبدوڵا لاجانی هەر لە هەڕەتی لاوی دا دەگەڵ تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ئاشنایەتی پەیدادەکات و پاشان بەهۆی کار و تێکۆشانی حیزبی، وەک سەدان ئەندامی دیکەی حیزب،دەگەڵ براکانی ناچار دەبێت ڕووبکاتە کوردستانی عێراق. کاک عەبدوڵا لە هەموو قۆناخەکانی ژیان و خەباتی حیزب لەو دەورەیەدا بەشداری چالاکانەی دەبێت. بەدەستپێکردنی ڕاپەرینی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی شا و گەڕانەوەی ڕێبەریی حیزب بۆ نێوخۆی وڵات، ئەویش وەک باقی ئەندامانی ئاوارەی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی کوردستان و لەڕیزەکانی تەشکیلاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا لە ناوچەی پیرانشار دەستی بە کار و خەبات کرد. لەو قۆناخەی ژیان و خەباتیشی دا، دەیان مەئموریەتی حیزبی و پێشمەرگانەی بەرێوەبردن. پاش گیرانەوەی ناوچە ئازاد کراوەکان و دەستپێکردنی خەباتی پارتیزانی لەسەر ڕەزامەندی کۆمیتەی حیزب لە پیرانشار، لە گوندی گەسگەسکی ناوچەی پیرانی پیرانشار، بەمەبەستی سەرپەرستی کردنی خاوخێزانی خۆی و برا شەهیدەکانی، نیشتەجێ بوو. لەو قۆناخە سەخت و دژوارەشدا، کاک عەبدوڵا بە هاوکاری خەڵکی نیشتیمان پەروەری گەسگەسک و ناوچە توانی بەسەر کەندوکۆسپ و گیروگرفتەکاندا سەرکەوێ.

شایانی باسە کاک عەبدوڵا هەمیشە بەو ئامانجانە وەفادارمایەوە کە ژیان و تەمەنی خۆی بۆ بردنە پێشیان تەرخان کردبوو. واتە ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بەرز و بەڕێز بێت ناو و یادی کاک عەبدوڵا لاجانی.

برایم لاجانی ، نۆروێژ

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێ کاک برایم و سەرجەم بنەماڵەی لاجانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

روحی کاک عەبدوڵای شاد بێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی