"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ: گۆڤاری شارلی ئیبدۆی فەرەنسی بە بڵاوکردنەوەی هەندێ کاریکاتێر لەسەر مەرجەعی باڵای ئێران و کەسانی ئایینیی وڵاتەکە، جارێکی دیکە بووەوە رۆژەڤ.

ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێرانی تووڕە و نیگەران کردووە و داوای سزادانی بەڕێوەبەرانی دەزگاکە دەکەن.

بۆ داگرتنی دەقی گۆڤارەکە ئێرە کلیک بکە PDF Charlie Hebdo

شارلی ئیبدۆ دەڵێت، ئامانج لەو کاریکاتێرانە پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران و هەروەها ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە 16ی ئەیلوولی 2022 لە تاران گیانی لەدەستدا و بە گوتەی باوکی کوژراوە.

لۆران سۆریسۆ، بەڕێوەبەری شارلی ئیبدۆ لە نووسینێکیدا دەڵێت، “ئەمە رێگەیەک بوو بۆ پیشاندانی پاڵپشتی بۆ پیاو و ژنانی ئێرانی کە لەپێناو ئازادی، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسی و لە دژی ئەو حوکمڕانییە ئایینییەی کە لە 1979ـەوە خەڵکی وڵاتەکەی سەرکوتکردووە.

کاریکاتێرەکان بە تایبەتی ئەوانەی لەسەر ئایەتوڵڵا خامنەیی کراون، کاردانەوەی راستەوخۆی ئێرانی بەداوە هات. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تویتەر هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، “هەوڵی سوکایەتیی ئامێز و بە دوور لە رەوشتی بڵاوکراوەی فەرەنسی بۆ بڵاوکردنەوەی کاریکاتێر دژی مەرجەعی ئایینی و سیاسی، بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە و کاریگەرانە وەڵامی دەدرێتەوە. رێگە بە حکومەتی فەرەنسا نادەین زیاد لە بەڕەکەی خۆی پێی رابکێشێت. بێگومان ئەوان رێگەیەکی هەڵەیان هەڵبژاردووە. پێشتر گەمارۆمان خستووەتە سەر ئەم بڵاوکراوەیە.”

ئێران لە یەکەم هەنگاوی ‘تۆڵەسەندنەوە’یدا، ئینستیتیوتی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لە وڵاتەکەی داخست، هەروەها نیکۆلا رۆچی، باڵیۆزی فەرەنساشی لە تاران بۆ لێپرسینەوە بانگ کردووە.

ئەو کاریکاتێرانە لە ئەمریکاش کاردانەوەیان لێکەوتەوە.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، “ئێمە تەنیا لەڕووی ئازادیی رادەربڕینەوە هەڵوێستمان دەبێت و ئازادیی رادەربڕینیش بەهادارە، مافێکی نێودەوڵەتییە کە ئێمە پارێزگاری لێدەکەین، بەرز رایدەگرین و لە جیهاندا بانگەشەی بۆ دەکەین، ئینجا لە فەرەنسا بێت یاخود لە ئێران یاخود لەهەرشوێنێک لەم نێوانەدا.”

کاریکاتێرەکانی شارلی ئیبدۆ لە سەروبەندی هەشت ساڵەی یادی هێرشی سەر نووسینگەکەیان دێت لە پاریس کاتێک لە 7ی کانوونی دووەمی 2015 چەند چەکدارێک بە ناوی قاعیدە، لە بەرامبەر دروستکردنی کاریکاتێر لەسەر پەیامبەری ئیسلام هێرشیان کردە سەر نووسەرانی گۆڤارەکە و لە ئەنجامدا 12 کەس کوژران. کاریکاتێرەکان کاردانەوە و خۆپیشاندانی تووندی جیهانی ئیسلامی لێکەوتەوە.

شارلی ئیبدۆ لەلایەن هەندێ خەڵكەوە بە ‘پاڵەوانی ئازادیی رادەربڕین’ ناودەبرێت، رەخنەگرانیش، تەنانەت لەنێوخۆی فەرەنساشەوە کارەکانیان بە ‘شەڕانگێزیی ناپێویست’ ناوی دەبەن.

بۆ داگرتنی دەقی گۆڤارەکە ئێرە کلیک بکە PDF Charlie Hebdo

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی