"an independent online kurdish website

سێدارە، سیاسەتە دڕندەکەی خامنەیی، ن: ئیدریس هاشمی

هەڵواسین یان لەسێدارەدان، كوشندەترین یاسای سزادانە کە بەرانبەر بە شۆرشگێڕان و ئازادیخوازان و چالاکوانانى سیاسى دەكرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، – سێدارە – وەک ماشینی کوشتار بەکار دەهێنێت و جینایەتێکی بێبەزەیییانە بەرانبەر بە لاوانی ئازادیخواز ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ 07 – 01 – 2023 ڕژێمی ئێران، دو لاوی تری بە ناوەکانی (محەمەد مەهدی کەرەمی) و (سەید محەمەد حوسەینی) لەسێدارە دا.

کاتێک خامنەیی، لەڕووی سیاسییەوە بارودۆخی دەسەڵاتەکەی خراپ دەبێت، لەسێدارەدانی گەنجان پەرە پێ دەدات، ئەم جینایەتکارە، بە لەسیدارەدانی لاوانی ئازادیخواز و بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتە جینایەتکارانەکەی بدات و کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و هەروەها بۆ ئەوەی كە ڕژێمە دواكەوتووەكەی خۆی لەسەر پێ ڕابگرێ و نەیارەكانی بێدەنگ بكات، پەتی سێدارە دەخاتە قوڕگی لاوانی ئازادیخواز.

دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، سزای لەسێدارەدان بە دروست دەزانێت و دەڵێت: “بۆ کەسێک کە شەڕ لەگەڵ خودا و پێغەمبەر بکات، جگە لە هەڵواسین هیچی تر نییە”، بەڵام ئەمە تەنها بیانوویەکە؛ چونکە دادگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە پشتبەستن بە دانپێدانان لەژێر زەبر یان ئەشکەنجەی لاوانی ئازادیخواز و کەسوکاریان و بە نەبوونی پارێزەر، سزایان بەسەردا دەسەپێنن. کۆماری سێدارە، زۆرترین حوکمی لەسێدارەدان لە جیهاندا جێبەجێ دەکات بە بەراورد لەگەڵ دانیشتوانی وڵاتەکەی.

کۆماری پەت و سێدارە، دڕندانەترین هەڵسوکەوت بەرانبەر بە خەڵکی کورد ئەنجام دەدات و لاوەکانمان لەسێدارە دەدات، بەڵام کورد هەر بەچۆکدا نایەت. خامنەیی دەبێت باش بزانێت كە ئەو ڕێبازە دڕندانەی كە گرتوویەتییە بەر، هیچكات ڕق و تووڕەییی گەلی كورد و گەلانی بندەست كەم ناكاتەوە و تێکۆشان تا دوا لووتکەی سەرکەوتن درێژەی هەیە و ڕاپەڕین و خواستی گەل بۆ ئازادیخوازی، هەر بەهێزتر دەبێت.

خامنەیی بە لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی کوردستان، ناتوانێت ویست و خواستی گەلی کوردستان بشکێنێت، بەڵکوو ئامانجەکەی ئەوان کە ڕووخاندنی سیستەمە گەندەڵ و مرۆڤکوژەکەی ئەوە، بەهێزتر دەکات. خامنەیی و سیستەمە دیکتاتۆرییەکەی دەبێ ئەوە بزانن کە هیچ نادادپەروەرییەک هەمیشەیی نییە، نۆرەی ئەوانیش دێت، ئەو ڕۆژە درەنگ نییە…

ڕاپەڕینی خەڵک بۆ ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەنوسی خۆیان، کە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستی پێ کرد و هەتا ئەمڕۆ کە 114 ڕۆژە، درێژەی هەبووە، بە لەسیدارەدانی لاوانی ئازادیخواز ڕاناگیرێت، بە پێچەوانەوە ئەوان بوێرانە بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان و جیلەکانی داهاتوو تێ دەکۆشن و بێگۆمان بەسەر تەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە باز دەدەن و تێ دەپەڕن.

ڕژێمی خامنەیی تەنیا بە ڕاپەڕینی هەموو خەڵک و مانەوە لە شەقامەکان، دەتوانرێت ملکەچ بکرێت دەست لە کردارە سەرکوتکەرانەکەی هەڵبگرێت و بە ڕقی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنرێت. ئەگەر خۆپیشاندەران شەقامەکان چۆڵ بکەن، کۆماری سێدارە، هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندوون، دەنێرێتە سەر دار.

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی

پێشمەرگەکان:  قسەی باوکی شەهیدی شۆڕشی ژینا،  محەممەد مەهدی کەرەمی لە بارەی حوکمە نادادپەروەرانەکەی کوڕەکەی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی