"an independent online kurdish website

ڕێبەندان گەرچی ڕێگەبەندانی

گلێنەی چاوی گەلی کوردانی

لەنێو مانگاندا جوان و ڕووسووری

لە تۆدا کرا جێژنی جومهووری

[مامۆستا هەژار]

دووی ڕێبەندان، ڕۆژی شکۆی کورد و کوردستان و ھێما و سومبولی نەتەوەیی و ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانە.

بە بۆنەی 2ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان سمینارێکی سیاسی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوە چوو و یادی 77 ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب بەرز ڕاگیرا.

ئەم سمینارە لە ڕێکەوتی 28-01-2023، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید ڕێکی خست و لەنێوان کاتژمێر 13 تا 17 بەڕێوە چوو، کۆمەڵێک شتی جۆربەجۆر باس کرا. لەم سمینارە، (دوکتۆر کوێستان گادانی)، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی یەکەمی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و (دوکتۆر ئیدریس ئەحمەدی)، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و مامۆستای زانستی سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە سوید بەشدارییان کرد و وتاری خۆیانیان پێشکەش کرد.

لەم سمینارە، دوکتۆر کوێستان گادانی باسی لەسەر هەلومەرجی سیاسیی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها دامەزرانی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان، خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشکەش بە بەشداربووان کرد. دوکتۆر گادانی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا جێگە و پێگەیەکی نەماوە و ڕۆڵی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە پشتیوانی لە ناوخۆی وڵات بکەین.

هەروەها لە درێژەی سمینارەکە دوکتۆر ئیدریس ئەحمەدی باسی شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی “ژن ژیان ئازادی” و لێدانی برووسکەی شۆڕشێکی نوێ لە سەرانسەری ئێران لەلایەن خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، دەسکەوتەکانی شۆڕشی نوێ و خاڵە بەهێزەکان و کەموکوڕییەکانی ئەم شۆڕشە و خاڵە لاوازەکان و بەربەستەکانی سەر ڕێگای پێکهێنانی بەرەیەک کە بتوانێت نوێنەرایەتیی شۆڕشی نوێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، پێشکەشی ئامادەبووانی ئەم ڕێوڕەسمەی کرد.

بەڕێزیان ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەم ڕاپەڕینەی ئێران ئەوەیە کە: ڕێکخستنێکی لە پشت نییە و لە خاڵە بەهێزەکانی ئەوەیە کە: تێکڕای خەڵکی ئێران گۆڕینی ڕژیمیان ئەوێ و هەموو گەل و نەتەوەکان بەشدارن.

هەروەها بەڕێزیان لە درێژەی سمینارەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکاری دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێستا لە ئێران، توندوتیژیی ڕژیم و سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەرانە.

دوکتۆر ئەحمەدی ئاماژەی بە هەندێ ئامار کرد کە لە دنیادا بۆ لەناوبردنی دیکتاتۆرەکان ئەنجام دراوە بۆ نموونە:

68%ی بە کودەتا دەکرێت.

11%ی بە خۆپیشاندان و ڕاپەڕین،

10%ی بە گوزار لە ڕێگەی ڕێفۆرم بۆ دیمۆکراسی

7%ی بە ترۆر و

4%ی بە دەستێوەردانی دەرەکی بە ئەنجام دەگات.

لابردنی خامنەیی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی بە کودەتا نابێت بەڵکوو بە خۆپیشاندانی جەماوەری لادەچێت وەکوو ئەم خۆپیشاندانانە کە زیاتر لە 4 مانگە لە 31 پارێزگای ئێران و زۆربەی شار و شارۆچکەکان ڕووی دا و بەردەوامە.

لەم سمینارەدا فردریک مالم Fredrik Malm ئەندام پەرلەمانی لیبراڵەکانی سویدیش وەک میوانی تایبەت بەشداریی کرد و وتاری خۆی پێشکەش کرد.

هەروەها هەندێ لە هونەرمەندان و هەڵبەستوانان شیعر و هۆنراوەیان پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لەم سمینارەدا بەشداربووان پرسیاریان ئاراستەی دوکتۆر کوێستان و دوکتۆر ئیدریس کرد.

لە کۆتاییی سمینارەکە هەموو بەشداربووان هاوڕا لەگەڵ هەموو گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، هیوادارن کە ئەم ڕاپەڕینە بە ئاکامی دڵخوازی خۆی بگات و کۆتایی بە ڕژیمی ئێران بهێنێت.

28-01-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی