"an independent online kurdish website

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەدوای هێرش بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی ڕژیم لە ئیسفەهان، مێدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و بەلاڕێدابەرانەی دیکەدا قامکی تاوانیان بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن ڕاداشتووە.

دەزگای تەبلیغاتیی ڕژیم ئیدیعا دەکەن بە هاوکاری و چاوساغیی حیزبە کوردییەکانی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان کەلوپەلی درۆنەکان بردراوەتە ئێران و ئەو حیزب و لایەنانە لەسەر داوا و ڕاسپاردەی دەزگاکانی هەواڵگریی وڵاتانی نەیاری ئێران بەشدارییان لەو هێرشە درۆنییەدا کردووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتوندی ئەو ئیدیعایەی دەزگای پڕوپاگەندەی ڕژیم ڕەت دەکاتەوە و ڕادەگەیەنین دوور و نزیک هیچ پێوەندییەکمان بەو هێرشانەوە نەبووە و نییە. هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە حیزبەکانی کوردستانی ئێران هیچ‌کات خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆ هیچ هێرش و هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی و نیزامی لەدژی کۆماری ئیسلامی بەکار نەهێناوە و ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا کردوویەتی، بیانوو و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بنەڕەتی بابەتەکان بە مەبەستی تایبەت بووە.

دیارە ئەوە یەکەمجار نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆ و چەواشەکاری و سیناریۆسازیی بەردەوام بوار بۆ سنووربەزاندن، کردەوەی تێرۆریستی و هێرشی نیزامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و زەبروەشاندن لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان خۆش دەکات. بەڵام هەم لە نێوخۆی ئێراندا خەڵک بە تەواوی نێوەرۆکی جینایەتکارانە و دژی گەلیی ئەو ڕێژیمەیان ناسیوە ‌و باوەڕ بەم جۆرە ساختەکاری ‌و سیناریۆیانەی ناکەن، هەم لە نێو کۆڕ‌‌وکۆمەڵی نێودەوڵەتیشدا، کۆماری ئیسلامی بەو کارنامەی کە لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و قەیرانخوڵقێنی هەیەتی، هیچ ئێعتبارێکی بۆ خۆی نەهێشتۆتەوە.

کۆماری ئیسلامی له هه‌لومه‌رجێکدا که هه‌م له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی بێوێنه‌ی خه‌ڵکی ئێران به‌ره‌وڕوویه و هه‌م له‌ژێر فشارێكی زۆری نێوده‌وڵه‌تی‌دایه، ناتوانێ بەو چەواشەکارییانە خۆی لە ئاست بەرپرسایەتی و دەروەستییەکانی بە پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بدزێتەوە. بۆیە جارێکی دیکە وێڕا ڕەتکردنەوەی بانگەشە بێ‌بنەماکانی رژیم، سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی، ئیران و گەلی کورد و ناوەندەکانی بڕیار بۆ بیانووپێگرتن و شەڕخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕادەکێشین و داوا دەکەین لەو پێوەندییەدا ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بگرنە بەر.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١

١ی فوریەی ٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی