"an independent online kurdish website

ئاماژە: شۆڕشی ژینا لە چوار مانگ بەردەوامیی خۆی نیزیک دەبێتەوە. قۆناغی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەو شۆڕشە تێ‌پەڕیوە و لە ئیستادا پرسی ڕۆژەڤ هاوپەیمانی و دروستکردنی ئالترناتیڤ بەدژی کۆماری ئیسلامییە.

سەنگ و قورسایی کورد لە هاوکێشەکانی ئێستای ئێراندا چەندەیە؟ پرسی شوناسی نەتەوەیی لە هاوپەیمانییەکاندا چۆن دەبێت؟ دێموکراسی لە ئێران چۆن بیچم دەگرێ و سەقامگیر دەبێت. “کوردستان مێدیا” بۆ وەڵامدانەوە بەو پرس و پرسیارانە و چەند بابەتێکی تر وتووێژێکی لەگەڵ پڕۆفیسۆر دوکتور عەباس وەلی پێک‌هێناوە:

دوکتور با بەو پرسیارە دەست پێ بکەین کە مێژووی هەوڵدان بۆ دێموکراسی و دەسەڵاتی یاسا لە ئێران بۆ زیاتر لە سەت ساڵ دەگەڕێتەوە، لە سەردەمی مەشرووتەوە هەتا ئێستا. بەڵام دێموکراسی لەو وڵاتە جێگیر نەبووە. لە ڕوانگەی بەڕێزتانەوە لەمپەرەکانی بەردەم دێموکراسی لە ئێران چین و کامانەن؟

ئەگەر مەبەستت ئێران وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆیی سیاسی بێ، لە ئێران چەندین جار هەوڵ دراوە دێموکراسی وەکوو نەهادێک دابمەزرێنن. وەلی ئەو نەهادە هیچ کات خۆی نەگرتووە. یانی مەسەلەن ئەگەر تەماشای شۆڕشی مەشڕووتە ١٩٠٥ بکەین،  لەو دەوریدا هەوڵ دراوە کە دەسەڵاتی حاکم کە شا بووە کەم کەنەوە و خەڵک بخەنە نێو پڕۆسەی سیاسی و دامەزراوەی بۆ دروست بکەن، بەڵام نەیگرتووە.

لە ساڵی ١٩٠٦ کە یاسایی بنەڕەتی پەسەند کراوە، لە ساڵی ١٩١٢ ئیستبدادی سەغیرمان هەبووە، لە پەراوێزەوە بەختییارییەکان و ئازەرییەکان هاتوون تارانیان گرتووە و دیسان دایانمەزراندۆتەوە. بەڵام لە دواییدا شەڕی یەکەمی جیهانی هاتووەتە پێش و پاشان لە ١٩٢٦ ڕەزاشا دەسەڵاتی خۆی سەپاندووە. لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ تا ١٩٢٦ تا ڕادەیەک لە ئێران دەسەڵاتێکی ئەوتۆ نییە و فەرهەنگێک کە پێویست بوو دابمەزرێ و بنیات و بنەماکانی یاسادانان و کولتووری دێموکراسیی لەسەر دابندرێت، ئەو فەرهەنگە دروست نەکرا. ڕەزاشا بۆخۆیشی هەوڵی دەدا هەموو دەستکەوتەکانی دێموکراسی لەنێو بەری و یاسای بنەڕەتیی هەڵپەسارد و دیکتاتۆرییەتی جێگیر کرد و ئامانجی لەو دیکتاتۆرییە، نوێکردنەوە و مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێران لە سەرەوە بوو. بژاردەیەکی خوێندوار کە دەبوو ببن بە بنەمای فەرهەنگێکی دێموکراسی، چوونە ژێر حوکم و سووڵتەی ڕەزا شا. بەمجۆرە فەرهەنگێکی دێموکراتیک هیچ ‌کات دروست نەکرا و کە دروستیش نەکرا دەبینین ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و ئیدی هاتن و ئەوانەش هەوڵیان دا بنەمایەکی ئیدیۆلۆژیک دابمەزرێنن و بەپێی ئەوە، سیستمێکی فکری و سیاسی بێنە پێشێ کە ئەو سیستمە هەر لەسەر بنەمایەکی ئیستبدادی کە داندرابوو، دامەزرا. مەبەسەتم ئەوەیە ئێران چەندین جاری هەوڵی بۆ دێموکراسی داوە و ئەو کارانە کراون، بەڵام هیچ‌کاتێک ئەو فەرهەنگە دێموکراتیکە نەبووە. ئەگەر تەماشا بکەین لە ئێران هەر کات دەوڵەت کز بووە یان کەوتووەتە پەراوێزەوە، فەرهەنگێکی دێموکراسی گەشەی کردووە. وەکوو خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠ کە ڕەزاشا لەسەر وەلانرا یان ساڵانی ١٣٢٥ -١٣٢٦  کە حکوومەتی ئێران زۆر لاواز بوو، ئێمە لەو سەروبەندەدا دەبینین کە دێموکراسی گەشەی کردووە. هەروەها لە سەردەمی موسدیق و پاشان لە دەورەیەکی زۆر کورت بەهۆی ئیسلاحاتی ئەرزی و ئەوانە و لە دوایەش ماوەیەکی کورتی پاش شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی. بەڵام تەواوی ئەو ڕووداوانە کە پێش هات، فەرهەنگی دێموکراتیکیان لەسەر دانەمەزرا.

دانەمەزرانی فەرهەنگی دێموکراتیک لە ئێران هۆکاری زۆرە. بەڵام هۆکاری بنەڕەتی ئەوە بووە کە ئێران هیچ‌ کاتێک ئیلیتێکی دێموکراتیک یا گرووپێک، یان بڵێین چینێکی دێموکراتیک، چینێکی نوخبەی دێموکراتیک لە ئێران، هیچ‌کات نەبوون کە نەیانەوێ نەچنە ژێر سوڵتەی دەسەڵاتی سیاسی و نەبن بە ئامرازی دەسەڵاتی سیاسی. گەلانی ئێران هەمیشە تینووی دێموکراسی بوون، بەڵام هیچ‌ کاتێک ڕێبەرایەتیی ئەو ئیلیتەیان نەبوو کە بتوانن ئەو فەرهەنگە دێموکراتیکە لە ئێراندا دروست بکەن. مەسەلەن ئێوە سەیر بکەن ئاڵمانی مۆدێڕن کە لە ساڵی ١٨٧٠ دامەزرا بە دەست بیسماڕکەوە بوو. دێموکراسی لەژێر سوڵتەی گشتیدا هاتووتە پێش، وەلی سەقامی نەگرتووە. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی ئاڵمان ڕووخاوە، دێموکراسی وایماڕ زۆر سیستمێکی باش بووە و دامەزراوە، بەڵام هێزی نەبووە. پاشان هیتلێر هاتووەتە سەر کار و پاش شەڕی دوویەم لە ئاڵمان، ئیلیتێکی دێموکراتیک کە ئەزموونی فاشیزمی هەبووە، نەچووە لە سەرەوە ئیقتدارێکی غەیرە دێموکراتیک و دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا دروست بکا. بەرەو ئەوە ڕۆیشتووە حکوومەتێکی فیدڕاڵ بنیات بنێ، بەرەو ئەوە ڕۆیشتووە ئیلیتێکی دێموکراتیک بێنی و ئەوانە لە دەسەڵاتدا کار بکەن و ئەو فەرهەنگە دێموکراتیکە کە لەوێ هەیە، بەڕاستی مێژوویەکی وا دوورودرێژیشی نییە ئەساسەن، غەیری ئەو ١٤ ساڵە کە کۆماری وایماڕ هەبووە لە ساڵی ١٩١٩ تا ١٩٣٣ ئاڵمان ئەزموونی دێموکراسی تا پاش شەڕی دوویەمی جیهانیی نەبووە.

عەینی ئەوە دەتوانین لەبارەی ژاپۆندا بڵێین. ژاپۆن پاش ١٩٤٥ ئەو کارەی کرد. ئەو دوو وڵاتە ئەم بژاردەیەیان هەبووە، ئەو بژاردەیە کە زانیویەتی دەسەڵاتی ناوەندگەرا، زەبرووزەنگ و مۆدێڕنیزەکردنی لە سەرەوە ڕا بە زۆر و بە زەبروزەنگ وڵام ناداتەوە. ئەوانە ئەم دەسەڵاتە دێموکراتیکەیان داناوە، بەڵام لە ئێران ئێمە بەداخەوە هیچ‌کاتێک ئەو بژاردەیەمان نەبوو کە ئەو فکرە بکاتەوە و نەچییەتە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتەوە.

پاش پتر لە ١١٧ ڕۆژ لە شۆڕشی ژینا ئەو دەرفەتە خوڵقا کە گەلانی ئێران و بژاردەکانی ئێران، حیزبەکانی ئێرانی بتوانن پێکەوە قسە بکەن. بەڵام وەک هەمووان دەیبینین ترسێک هەیە لە هێزە سیاسییەکانی کوردی، لە حاڵێکدا بەڕێزتان باشتر دەزانن یەکێک لە بنەماکانی دێموکراسی، حیزبەکانن. ئەو ترسە چۆن دەبینین، ئایا ئەوە یەکێک لە خەسارەکانی دێموکراسی لە ئێران نییە؟ هۆکار چییە؟

بەڵێ دروستە. لە نەزەر هەبوون و کارکردی حیزبە سیاسییەکانەوە، کوردستان مێژوویەکی ڕەنگینتر و پڕ شانازیی‌ هەیە. هەم بەردەوامیی ئەو حیزبانە، هەم پێوەندیی ئەو حیزبانە لەگەڵ چین و توێژەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستان. دیارە ئەوە، سەرێ و خوارێی هەبووە، بەڵام هەر بەردەوام بووە. ئەوەش بەو مانایە نییە کە ئەو حیزبانە کارەکانیان جۆرێک بووە یان جۆرێک نەبووە کە نابێ ڕەخنەیان لێ بگیرێ؛ نا ئەوەش نییە. لە هەر فەرهەنگێکی ڕەخنە نەبێ، ئەو فەرهەنگە بەرەو دیکتاتۆری دەڕوا. بۆیە من لێرە دەڵێم حیزبی کوردی یا کوردستان، فەرهەنگێکی حیزبایەتی ٨٠ تا ٨٥ ساڵ، ئەوە زۆر شتێکی گرینگە و ئەوە جیاوازیی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران، دەردەخا و جیای دەکاتەوە.

لە ئێران هیچ‌ کاتێک دۆخەکە بەو شێوەیە نەبووە. دروستە لە ئێران هاوکات لەگەل کوردستان، فەرهەنگی حیزبی دەستی پێ کردووە، یا پێشتریش هەڵبەت حیزب  هەبووە لە ئێران. بەڵام ئەو حیزبانە هیچ کاتێک نەیانتوانیوە بەردەوام بن، فەرهەنگەکە پساوە و دیومانە کاتی دەسەڵاتی غەیرە دێموکراتیک و دژی دێموکراتیک، هاتووەتە سەر کار، یەکەم کارێک کە کردوویانە حیزبەکانیان داخستووە. بۆچی حیزبەکانیان داخستووە؟ هەر ئەو جۆری من پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، دێموکراسی لە ئەسەڵدا یانی دێموکراسیی ڕاستەوخۆ. دێموکراسیی ڕاستەوخۆ لە کۆمەڵگەی زۆر زۆر چکۆڵە دەست دەدا کە لەبەر هەموو شتێکی خەڵک بچن بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕەئیی خۆیان دەرببڕن و کۆمەڵگە بەو شێوەیە ئیدارە بکرێ. وەلی کاتێک کە کۆمەڵگە گەورە و جەماوەری زۆر دەبێ، ئێمە پێویستمان بەو دامەزراوە دێموکراتیکانە هەیە. ئەو دامەزراوە دێموکراتیکانە کە نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن لە پڕۆسەی سیاسیدا. ئەوە هۆکاری بوونی حیزبە.

لە کوردستان دیارە حیزب یا ڕێکخراوی سیاسی بەشێوەی مۆدێڕن، ئەو جۆرەی کە من دەیبینم یانی لەگەڵ کۆمەڵەی ژێکاف، حیزب دێموکراتی کوردستان هاتووە و لە دوایەش بەشێکی زۆر لە ژیانی غەیرە قانوونی ڕاگەیەندراوە، لە تاڕاوگەدا بووە. کاتێک کە شۆڕشی گەلانی ئێران بووە گەڕاوەتە نێوخۆ. بە لاوازی گەڕاوەتەوە بەڵام توانیویەتی پەرەبگرێ، سەقام بگری و دەسەڵاتی خۆی دابمەزرێنێتەوە. دواتر کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هاتووە و لە پاشان حیزبەکانی دیکەش. ئەوەی کە لێرە هەیە ئەو حیزبانە لە کوردستان، لە چوارچێوەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەییدا بوون و دیارە لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چالاکییان کردووە. ئەو چالاکییانە هیچ‌ کاتێک نەیتوانیوە و ناشتوانێ تەنیا تابیەت بە ڕۆژهەڵات بێ، لەبەر ئەوەی کاتێک ئەو حیزبانە بەرنامەی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەرنامەی خودموختاری بووە، فێدڕاڵیزم بووە، بەهەرحال جۆرێک ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوی حاکمییەتی ئێراندا بووە، ئەوە دیوارە ئیتنیکییە بەجۆرێک کە ماوە، لەگەڵ تاران، ئازەربایجان و بەشەکانی دیکەی ئێران، هەڵسووکەوتیان بێ و بچنە نێو هاوکێشەکان و بچنە نێو وتووێژی سیاسی و سیاسەتکاری هەبێ.

حیزبەکان لە کوردستان ئەگەرچی لە چوارچێوی ئەو دیوارە ئیتنیکییە و بازنەی نەتەوایەتیدا دامەزراون، بەڵام هەمیشە کاریان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەرەوە بووە. لێرە نوکتەیەکی ئەساسی هەیە دەمەوێ باس بکەم. ٢ – ٣ ساڵ لەوەپێش بوو باسی ئەوەم کرد کە ئێستا کوردەکان گەیشتوونەتە جێگایەک کە دەبێ دیواری ئیتنیکی و دیواری نەتەوەیی تێپەڕێنن. سیاسەتەکەیان لەوەی دەر بکەن و بچنە ئەو بەری. ئەوە دروستە چ بیانەوێ و نەیانەوێ دەبێ ئەوە بکەن. وەلی کوردەکان ئەوەیان کردووە تەنیا لە چوارچێوی پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدا. ئەوەی کە من دەمگوت دەبێ دیواری نەتەوەیی یا ئێتنیکی تێپەر کەن، تەنیا ئەوە نییە تۆ لەگەڵ حکوومەتێک بێی پێوەندی بگری و لەگەڵی بچییە نێو مامەڵە و سەوداوە. بەڵکوو لەگەڵ جەماوەرەکانی دیکە، لەگەڵ گەلەکانی دیکەی ئێران بچنە نێو تەعاموولەوە. چون ئەو یەکیەتی و یەکڕیزییەی کە پێویستە لە پێش حکوومەت ڕاوەستی، ئەوە دەبێ لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران بێ.

بەڵام لەلایەکی دیکەوە لەسەر ئەوە جەخت دەکەمەوە هێزە کوردییەکان، چ حیزبەکان بن چ ئی دیکە، نابێ ئیزن بدەن کە لە دەرەوی دیوارەکانی ئەو جوغرافیا و سنوورە جوغرافییایەی کە بە شۆناسی نەتەوەیی کوردی دامەزراون، نابێ بێڵن لە دەرەوە ئەم دیوارە بشکێن یا دەوریان لێ بدەن. چون ئێمە ئەزموونمان هەبووە و جارێکی لە شۆڕشی پێشتر لە ساڵی ١٣٥٧، حیزبی توودە، فیدایی و چەپەکان، ئەو دیوارە ئیتنیکییەیان دەور لێ دا و هاتنە نێو ژوورەوی کۆمەڵگەی کوردییەوە، دەرەنجامەکەشی نە بۆ ئێمە باش بوو نە بۆ خودی ئەوان. جا بۆیە ئێمە ئەوجارە لەو دەرفەتە کەلک وەرگرین بۆخۆمان، ئەو دیوارەی تێپەڕ بکەین، بەڵام ئێمە نابێ ئیجازە بدەین لە دەرەوە ڕا، ئەو دیوارە تێپەڕ بکەن و بێ ئیجازەی ئێمە بێنە ژوورێ و لەوێ سیاسەت بکەن لە مەیدانێکدا کە ئەو مەیدانە، ئەساسەن هی ئێمەیە.

لەو شۆڕشی ژینا کە شۆڕشێکی فرەزەمان و فرەدەنگە، هەوڵ دەدرێ شۆناسێکی هاوبەش دروست بکرێ، ئێوە چۆن لەو شۆناسە هاوبەشە دەڕوانن؟ ئێوە کە باسی پرسی کورد و چوارچێوە و دیوارەکانی ئەو پرسە دەکەن، ئایا ئەو شوناسە هاوبەشە نابێتە هۆی سڕینەوە دەنگی ئێمە لە باری سیاسییەوە، مەترسی نییە بۆ چوونە نێو ئەو شێوە هاوپەیمانییە کە تۆ لەنێو شوناسێکی هاوبەشدا هەڕەشە توانەوەت لەسەر بێت؟

نا. ئەو شۆناسە بەو جۆری کە هاتووەتە پێشێ، زۆر زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەوەی کە بەرەی دێموکراتیکی دژی دیکتاتۆری لە ساڵی ١٣٥٧ دروستی کرا. ئەوکات وەحدەتی کەلەمە بوو. مەسەلەن ئەوە بوو کە کەریم سەنجابی و دوکتور شایەگان و… هەستان چوونە پاریس و چۆکیان دادا لە پێش خومەینی و تەسلیمی هاتنەوەی بوون و هەموو شتێکیان قبووڵ کرد، نا مەبەست ئەوە نییە. ئێستا ئەوە کە هاتووەتە پێشێ، ئێمە جۆرێک ئیئتلاف ناکەین کە جیاوازییەکانمان لەبیر خۆمان بەرینەوە و ولایان بنێین و بچینە ژێر چەتری بەرەیەکی دژی دیکتاتۆری کە شۆناسی ئێمەی تێدا نابووت ببێ، یان ناسنامەی ئێمە لەودا بزر ببێت، نا ئەوە نییە. ئەوەی ئێستا لە ئێراندا هەیە، ئێمە لە هەلومەرجێک داین کە ئەو بەشەی دروست بووە، ئەوە لەسەر بنەمایەکی یەکگرتن لە عەینی ئۆتۆنۆمی‌دایە. یەکگرتن لێرەدا بە مانای جۆرێک هاوپەیمانی بەکار دەبەم. لێرە تەواوی ئەو هێزانە کە لەوێن ماهییەتی نەتەوەییان هەیە وەکوو کوردەکان، وەکوو بەلووچەکان، وەکوو ئازەرییەکان، وەکوو تورکەمەن و عەرەبەکان. یان ژنەکان کە ماهییەتی جینسییەتی هەیە، یا دەگرباشانی جینسی کە ئەوانیش جۆرێکی دیکە یا تەنانەت پرسگەلی دینی شیعە، سوونی و بەهایی و… ئەوانە لەوێ دەتوانن جیاوازیی

خۆیان بپارێزن و تەنانەت تا ئێستا پاراستوشیانە. ئێمە دەبینین لەو دواییانەدا ئەو کەسانە هەن کە لەژێر چەتری ئەو شۆناسی هاوبەشەدا چالاکی دەکەن، بەڵام دەیانەوێ ئەوانی دیکە بێنە ژێر چەتری خۆیان و شۆناسی جیاوازی ئەوان بسڕنەوە. مەسەلەن سەڵتەنت‌خوازەکان. سەڵتەنت‌خوازەکان ئەو کارە دەکەن و بەشێوەیەکی زۆر ناحەزیش ئەو کارە دەکەن. مەسەلەن ڕۆشنبیرانی سەڵتەنەت‌خواز، کەسێکی وەکوو ئەمیر تاهیری، تەنانەت ئەو ویستوویەتی مەسەلەی ژن، ژیان، ئازادی بگەڕێنتەوە بۆ دەورەی مەشڕووتە. ئەوە تەنیا دزی نییە، بێشەرمی نییە، بەڵکوو ئەوە تاکتیکێکی سیاسیی زۆر پیسە کە ئەوانە بەکاری دەبن.

 لەو قۆناغی ئێستادا کوردەکان بە نیسبەت هێزە سیاسییەکانی دیکە یەکڕیزییان زۆرترە و گۆڕانکارییەک ئەگەر لە ئێراندا بکرێ، ئەگەر کوردەکان و هێزەکانی کوردییەکان، چاک کایە بکەن، ئەگەر سیاسەتی خۆیان بە شیوەیەکی چالاک و کاریگەر ڕێک بخەن، بە باوەڕی من دەتوانن وەزنی سیاسییان وەک وەزنی ڕاستیی ئەوان لە چوارچێوی ئێراندا زۆرتر ببێت.

دوکتور، مەترسییەکانی سەر شۆڕش ژینا دەبینین و بەشێکیشی باس کرا، چ بکرێ لە پرسی ئاڵترناتیڤ‌سازیدا کورد سەری بێ‌کڵاو نەمینێتەوە. ئایا دەکرێ هەموو شتێک جارێ تەنیا فیدای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بکرێت؟

نا. بە باوەڕی کورد لەچاو گەلەکانی دیکەی ئێران قوربانیی زۆرتریان داوە و، ئەگەرچی ئەو کارانەی کە ئێستا حکوومەت دەیکا یانی ژمارەی کوژراوەکان، ئەو کەسانەی کە ئێعدام دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن یا لەو ٢٠ هەزار کەسەی کە لە زیندان دان، بەشی زۆری ئەوانە غەیری کوردن. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کوردستان بەپێی حەشیمەت و ئامار زیاتر لە بەشی خۆی قوربانی و تێچووی داوە، بەڵام ئەوەش نابێ بێتە هۆکار بۆ ئەوەی کە کوردەکان پاشەکشە بکەن. باشە ئێمە کاری خۆمان کردووە و چاوەڕوانین، نا ئەوە وا نییە. ئەوە پرۆسەیەکە دەبێ بچێتە پێشێ و نابێ بکووژێتەوە. ڕەنگە ئێستا هێندێک کەس بڵێن من لە دەرەوی وڵاتم، دانیشتووم و جێگام خۆشە، من باسی مەسەلەیەکی سیاسی دەکەم، باسی مەسەلەیەکی تاکەکەسی ناکەم. مەسەلەکە ئاوایە و ئەو مەسەلەیە لە کوردستان بە هەر شێوەیەکی کە پێویستە دەبێ بەردەوام بێ و دەبێ ئەو جموجۆلە زیندوو بمێنێ. بەڵام چۆن؟ ئاشکرایە لە داهاتوویەکی میان ماوەشدا، ئەو حکوومەتە ناتوانێ بەو شێوەیە بەردەوام بێ. ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێ، پاشەکشەکردن بۆ کوردان لە ئێستادا دروست نییە و سیاسەتی چالاک دەبێ لە چەندین بەرەدا هەبێ. مەسەلەی نافەرمانیی مەدەنی دەبێ هەبێ، مەسەلەی ئەو خۆپیشاندانە دەبێ هەبێ، مەسەلەی تێکهەڵچوون لەگەڵ دەسەڵات دەبێ هەبێ و لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە فەرهەنگی خۆڕاگری هەم دەبێ قووڵتر بکرێ و هەم دەبێ بەربەرینتر بێت. ئەوە فەرهەنگی خۆڕاگریی کورد لەگەڵ ئێران و لەگەڵ گەلەکانی دیکەی ئێران و ڕاپەڕینی ئەوان، ئەو پێوەندییە پێک دێنێ. ئەو پێوەندییە لە هەلومەرجی ئێستادا بەڕێکخراو و بە شێوی سیاسی، ئیدئۆلۆژیک کە لەسەر هێڵێکی تایبەتی بڕوا نییە، بەڵام ئەو پێوەندییە ئەوەیە کە ئەو، فەرهەنگی خۆڕاگرییە دەبێ توندوتۆڵ و بەرفراون بکرێ. ئەوە کوردستان هەمیشە لە ناوەندی ئەو شۆڕشەدا ڕادەگرێ. نابێ کوردستان کارێک بکا ئەو جێگای کە ئێستا بەدەستی هێناوە و لەڕاستیدا ئەگەر سەرنج بدەین چالاکیی کوردستان و بەلووچستان لەو شۆڕشەدا، ڕۆڵی ناوەند و پەراوێزی گۆڕیوە.

کوردستان دەبێ ئەو ئیمتیازی کە بە دەستی هێناوە ڕای بگرێ و ئەوە زۆر گرینگە، هەروەتر بەلووچستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەسەلەی کلیدی لێرەدا هەستانی تاران و ئەو بەشانەی ئێرانە کە بەڕواڵەت وەکوو ناوەند ناسراون. ئەوکات ئەگەر کوردستان پاشەکشە بکا و ئەو وەزعە لەوێ بێتە پێشێ، ‌ تەنانەت ئێستا ئەگەر ئەو جموجۆلە تووشی بۆشاییەک و بێدەنگییەک هاتووە، بەڵام ئەگەر تەقینەوەیەکی گەورەتر لە داهاتوویکی زۆر نیزیکدا ڕوو بدات، بێ‌شک لەوێیە. بۆیە کوردستان پێگەی ئێستای لە شۆڕشی ژینادا لە دەست بدات. ئەوە بە باوەڕی من ئەساسییە، گرینگە و هەروەتر دەبێ ئەو قورساییە کە لە چواچێوی ئەو شۆڕشەدا بەدەستی هێناوە، ئەو وەزنە لە واقعییەتدا کوردان و جوغرافیای کوردان، بەنیسبەت جەماوەر و هێزی ئابووری ئەوانە و، ئەو قورساییە کە بە دەستی هێناوە نابێ لە دەستی بدا و تەنیا و تەنیا قووڵترکردنی ئەو فەرهەنگی خۆڕاگرییەیە کە ئەمە دەستەبەر دەکا. بەدوای ئەوەدا دەبێ شەبکە و ڕایەڵکەسازی لە شارەکاندا هەبێ هەمووان لە ئاستی سەرانسەری و دەرەوەی وڵات لە ئەرکەکانیان بەردەوام بن.

زۆر سپاس دوکتور کە کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا

سپاس بۆ ئێوەش بۆ بانگهێشتی من

هەڤپەیڤین: عەلی لەیلاخ

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا

بەرنامەی تایبەت – ڕووماڵی ڕاپەرینی سەرانسەریی ئێران و کوردستان

عباس ولی ، ایران اینترنشنال

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی