"an independent online kurdish website

بێشکە کە مستەفا خان (مسعودالسلطنە) لە سەر هەمان سیستەمی حکومەتی بابی ڕۆیشتەوە، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا لە هێندێک ناوچە لە کوردستان سنووری نێوان ئێران و عوسمانی دانراوە،

سەرەتا لە ناوچەی جاف لە سنووری چوارکڵاو و سەرقەڵاو جەیران (زەهاوەوە) دەستیپێکردەوە کە بەگوێرەی دەستووری ئەو حکومەتە عەشێرتی وەڵەدبەگی کە لەو سنوورەدا گەرمەسێرو کوێستانیان کردەوە هەرساڵ میلە مەرزییەکانی ئەو سنوورەیان تێکداوە، لە هەمان سەردەمدا شەڕێکی تووند لە نێوان حکومەتی عوسمانی و هەمەوەندکان لە ناوچەی بازیان و چەمچەماڵ ڕوودەدات کە بەشکستی هەمەوەندەکان تەواو دەبێت و لەترس تۆڵەی عوسمانی پەنا دەبەنە حکومەتەکەی جاف بە ڕابەرایەتی مستەفا خانی گەورە، هێندێک کەس دەیانگێڕاوە کە ١٢٠٠ سوار و هێندێک دەیانگێڕایەوە کە١٠٠٠سوار بووەن، مستەفا خان پێشوازییان لێ دەکات و دەڵێت ئێرە ماڵی خۆتانەو خۆتان بە مێوان مەزانن، بەڕادەیی ماڵەکان ماڵ و ئیمکانات ژیانی ئەو سەردەمەیان بۆ دابین دەکەن، حکومەتی عوسمانی و ئێران لە گەڵ بریتانیا پێکدێن کە هەمەوەندەکان دەبێ ڕادەستی تورکیا بکەنەوەو محەممەدعەلی شای قاجاڕ فەرمانێک دەنێر بۆ مستەفا خان و دەنووسێ بەزووترین کات هەمەوەندەکان ڕادەستی حکومەتی تورکیا بکەنەوە، مستەفا خان لە وەڵامدا دەنووسێ، هەمەوەندەکان لێرە مێوان نین و ئێرە ماڵی خۆیانە، ئێمەش ناتوانین سەرشۆڕی وەها لە مێژوودا بۆ خۆمان تۆمار بکەین، حازرین نەهامەتی بڕیارەکەی خۆمان قبووڵ دەکەین!، هێندێک لە پیاوماقوڵانی دیوان دەڵێین قوربان وەڵامەکەت بۆ شای ئێڕان زۆر توند بوو لەوەدەچێت کێشەمان بۆ دروست بکەن بەڵام مستەفا خان لە وەڵامدا دەڵێت لۆتییەک لە تاران و دەروێشێک لە ئستانبوڵ لە ئاست ئێمە هیچیان لە دەست نایەت.

لە بواری ڕەوشتییەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ژیاون بۆ نموونە جارێک لە ڕێگای کۆچدا مستەفا خان وا تێدەگات کە پێاوێک دەستدەبات بۆ سمتی ژنێک کە بەگورجی فەرمانی گرتنی پێاوەکە دەدات، کابرا دێنن و لە ڕێگادا چەند کەسێک لێکۆڵینەوەیی لێ دەکەن و دەڵێین مستەفا خان بیناوتی کابرا دەڵێت برایان ئەوە ژنی خۆمەو دەستم بۆ سمتی نەبردەوە بەڵکو دەستم بە گیرفانیدا کردەوە کە قەسقەوانی تێدا بووە، چەند نەفەر شایەت دێنێت و شایەتی بۆ دەدەن کە ژنی خۆیەتی و قەسقەوانی لە گیرفانی دەرهێناوە ئەوکات داوای لێبوردنی لێ دەکەن.

وەک خەڵکی ناوچەکە ژیاون، هیچ کۆشک و تالاریکیان بۆ خۆیان دروست نەکردەەوە هەموو داهاتەکانیان لە پێناو خەڵک و بەرینترکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بەکارهێناوە بۆ نموونە سەفەری مستەفا خان بۆ سنەو سلێمانیی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات، وێرای ئەوەیی کە ئامانج لەو سەفەرانە یەکگرتوویی نەتەوەیی بۆ دابینکردنی دەسەڵاتی خۆماڵی بووە لە هەمانکاتدا هۆکارێکیش بووە تا ئاڵوگۆڕ لە ژیانی زۆر کەس لە نەدارانی (دەستکورت) نەتەوەکەیان کە لە سەر ڕێگایان بووەن پێکبهێنن.

ئیستاکە گۆڕی هەردووک کەڵەپیاوی مێژوو لە گەڵ گۆڕی سەعید بەگی برای حەبیبوڵڵا خان و فەرماندەی تەواوی هێزەکانی کاتی شەڕ لە گەڵ گۆڕی زۆر پیاوی ناودارو نەتەوەیی دیکە، هەروەها گۆڕی دوو کەسایەتی بەرزی ئایینی وەک شێخ ڕەسووڵ و شێخ سمایلی خانەشوور لە خانەشووردان، مەبەستم لەم شیکردنەوە ئەوە بوو کە هێندێک جار کاتێک باس لە باوەجانی و قوایی یان خانەشوور دەکرێت باسەکە دەبەین بۆ هێندێک نووسراوە کە هیچ سەرچاوەیەکی زانستی و مێژوویی نییە، یانی وێرای ڕێزگرتن لە پێوەندیی نەتەوەییەکان ئێمە نازانین ئەو زانیارییانە چەندە ڕاستن بەڵام لە پێناو ڕازیکردنی دڵی هێندێک کەس کە سەرچاوەی جۆراوجۆری هەیە باسە مێژووییەکانی خۆمان کە زانیاری زۆرمان لە سەری هەیە وەلا دەنێن و لامان ئاستەمە بڵێین خانەشوور شوێنی حکومەتی کەسانێکی خۆماڵی بووە کە لە هەوڵی سەربەخۆیی نەتەوەکەیاندا بووەن، لە ڕووانگەی منەوە ئەمە هەڵەیەکە کە هۆکارەکەی یان سەرچاوەکەی لە کۆتایی دا دەخوێنیتەوە، بەکورتی وێرای هەر ڕووداوێکی مێژوویی خانەشوور مەڵبەندی گەرمەسێری ئەو حکومەتە خۆماڵییە بووەو دڵنیام ئەگەر لە هێندێک مەڵبەندی دیکەیی کوردستان بوایە ئیستاکە وێرای ڕازانەوەیی گۆڕەکانیان وێردی سەر زمانی ئێمەش بوو.

ئەو حکومەتە بەگوێرەیی پڕۆژەیەکی زۆر سیاسییانەو سیستەمی بەڕێوەبەرییەکی زۆر لەبار کە ئامانجەکەی نەتەوەیی بووە گڵاڵە کراوەو لە هەزاران بەڵگەیی گرنگدا باسی ڵێوەکراوە، بەڵام لە سەر ناوەکەی ڕاوەستاون کە ئیمکانی بۆ دەڕوات کێشەکە سیاسی بێ چونکە لە سەفەری مستەفا خان بۆ سنەو سلێمانی زۆر کۆبوونەوە کراوە بەڕوونی لە گەڵ هێندێک کەسایەتی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەردەڵانەکان لە سنە هێندێک بڕیار دراوە، من شەڕی نێوان سنجاوی و کەڵهوڕ بە پیلانی ئێران و ئینگلیس بۆ تێرۆری مستەفا خان و ڕاوەستانی ئەو دەسەڵاتە دەزانم، هۆکاری بیرکردنەوەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیی کە بە ڕۆیشتنی مستەفا خانی و هەیئەتی جاف، جافی گۆران و هەورامی بۆ سنەو سلێمانی هاوکات هاتنی هەمەوەندکان ئەو دەسەڵاتە ڕوو لە ئاستێکی بەرز کردەوە کە بەمانەوەیی مستەفا خان ئیمکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی کوردی زۆر ئاستی گرتووە، لەو سەردەمەدا هەستی نەوکەری بۆ بێگانە زۆر زۆر زیاتر بووە لەم سەردەمە، ئەگەر چاو لە نامەکەی ڕێزدار مەلەوی بۆ حەبیبوڵا خان بکەین زیاتر لە من و باسەکە دەگەیت، دوای ئەم دوو ڕووداوە حکومەتی ئێران لە دوو کاناڵی جیاوازەوە تێکەڵی یارییەکە دەبێت یەکەم لە ڕێگای داودخانی کەڵهوڕەوە دووهەم لە ڕێگای ئەردەڵانەکانەوە، بۆ نموونە کوڕی داود خانی کەڵهوڕ بە شێوەی نهێنی یەکێک لە سەرانی جافی جوانڕۆ دەبات بۆ لای محەممەدعەلی شای قاجار و ڕێکەوتنێک لە نێوانیاندا دەستەبەر دەبێ، هەروەها زۆر بابەتی دیکە کە من خۆ لە باسکردنیان نادەم بەڵام نابێت لەم گەمە نەتەوەییدا ڕێز لە گەورەیی و هەستی کوردایەتی و نەتەوەیی هەورامییەکانی نەگرین.

 دوای مەرگی مستەفا خان نەیارانی ئەو دەسەڵاتە وەک عەباس خان ئەردەڵان (سەردار ڕەشید) کە پیلان و پلانەکانی حکومەتی ناوەندییان جێبەجێکردەوە ئەو هەلەیان بۆ ڕەخساوە تا کێشەیی دەسەڵات لە نێو بنەماڵەکەیان لە گەڵ کەسایەتییەکان ئەو دەسەڵاتە ساز بکەن تا جێگایەک کە برا برای خۆی بە پیلانی نەیاران کوشتەوە، ئەمە هۆکار دەبێت تا بەڵگەو نووسراوە حکومەتییەکان بکەونە دەستی چەند کەس لە بگزادەکانی باوەجانی کە لە ئاکامدا لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕەزاشادا، ڕەزاشا بە سیاسەت دەتوانێ زۆربەی بەگزادەکانی باوەجانی و کەسایەتییەکانی دیکەیی ناوچەکە بۆ ماوەی دە ساڵ لە تاران زیندان بکات، دیسان ئەم ڕووداوە  هۆکار دەبێت تا بەڵگەکان بەزۆری بکەونە دەستی یەکێک لە بگزادەکانی باوەجانی کە ماوەیەک دوای ئازاد بوونی دیلەکان لە ساڵی ١٩٤١دا هێندێک لە تاکە سیاسییەکانی بنەماڵەکە وەک محەممەد بەگی کوڕی مستەفا خان (مسعودالسلطنە)، سلێمان بەگی کورێ حەبیبوڵا خان کە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت توانیویەتی لە کوردستان بمێنێتەوەو لە دوورخراوەیی (تەبعید) دا ژیاوە، عەلی بەگ کوڕی حەمەساڵح بەگ و حوسێن بەگ کوڕی جەهانبخش خان هەوڵی پەیداکردنی بەڵگەکانی حکومەتی دەدەن بەڵام کەسی جێگای باس دەڵێت لای ئەو نین و هیچ ئاگای لێیان نییە، لە نێوان ساڵەکانی١٩٦٣ تا ١٩٦٦ کە من تا ڕادەیەک گەورە بووم باسی سووتاندنی بەڵگەکانی حکومەتی جاف سەریهەڵدا کە بووە هۆکاری نیگەرانی زۆر کەس و بەرز بوونەوەیی ئاستی کێشە لە نێو کەسانی ئەو بنەماڵەکەدا. با ئەوەشی لێرە پێ زیاد بکەم و بڵێم حەبیبوڵا خان کە بناغەدانەری ئەو ڕەوتە نەتەوەیی بووە مرۆڤێکی زۆر زیاتر لەوەیی کە لە نووسراوەکاندا هاتووە سیاسی و زۆریش جوان لە کایە سیاسییەکاندا کایەیی کردەوە، هەروەها فاکتەرە نورمییەکانی کۆمەڵگای لە گەڵ دەسەڵات تێکڵاو نەکردەوەو ئەگەر چاو لە نێوەڕۆکی نووسراوەو دەستخەتی بکەین دەتوانی تا ڕادەیەک ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەین.

ئەو بەڵگانە کە لای ئەو کەسە دەبن یەک فەردەیی میل سووری سی (٣٠) منەنی دەبێت کە بەداخەوە چونکە کاری جێبەجێکردنی ئاستەم دەبێت بڕیاری سوتاندنی دەدات، لە نێو بەڵگەکاندا زۆر بەڵگە بە زمانەکانی بێگانە بووە، بەنێو بەڵگەکاندا دەگەڕێن هێندێک بەڵگە کە مۆری زۆری پێوە دەبێ و پێیانوایە قەواڵەیی مڵکە جیایی دەکەنەوەو باقییەکەی لە شوێنێک بەناوی بییەکەیی کیکەن کە هەڵکەوتووە لە بازان سەر بە عەشێرەتی قوایی دەڕێژنە نێو چاڵێکی گەنم و نەوتی بەسەردا دەکەن و ئاگری تێوەردەدەن، من بۆ خۆم چوومەتە سەر ئەو چاڵەو شایەتی سووتاندنی بەڵگەکانم، ئەم ڕووداوە هۆکارێک بوو تا ئێمە ئیستاکە خاوەنی حکومەتیکی بێ ناو و بەڵگە بین بەڵام ئەم بێ ناویی و بێ بەڵگەیی لە گەڵ ویستی هێندێک کەس کە لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا هەستی نەرێنی بڵاو دەکەنەوە نابێ هۆکارێک بێ بۆ چاوپۆشیکردن لە شانازیی نەتەوەییەکانی خۆمان. بەردەوامی هەیە.

بۆ بەشی 1 ئێرە کلیک بکەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی