"an independent online kurdish website

زمان، یەکێکە لە توخمە بنەڕەتییەکانی ژێرخانی کۆمەڵگا. بە واتایەکی تر توخمێکی گرنگ کە هەر نەتەوەیەکی پێ دەناسرێت، زمانە.

زمان، ناسنامە و پێناسەی هەموو مرۆڤ و نەتەوەیەکە و بەشێکی گرنگی چاند و فەرهەنگ و کۆڵەکەی بنەڕەتیی نیشتمانە؛ واتە: كۆڵەكەی هەر نەتەوەیەک، زمانی ئەو نەتەوەیە.

شناسه‌ی كۆمه‌ڵايه‌تیی نه‌ته‌وه‌كان، زمانه و زمانی دايک وه‌ک كه‌ره‌سته‌ی پەیوەندی، ڕۆڵێكی زۆر گرنگی له ناسينه‌وه و گه‌شه‌ی كه‌سايه‌تیی کەسەكاندا هه‌يه.

زمانی دایک، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییمانە.

وەک چۆن شیری دایک، بۆ گەشەی منداڵ پێویسته، ئاواش زمانی دایک پێویستە.

زمانی دایک، بەهێزترین ئامرازی پاراستنی نەتەوە و نیشتمانە کە مرۆڤەکان، بە نیشتمان و نەتەوەوە، گرێ دەداتەوە؛ بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، ئەرکی هەموومانە.

خوێندن بە زمانی دایک، خاڵێکی زۆر گرنگە و وەک پردی پێوەندیی مرۆڤ و زانست، هەژمار دەکرێت. زمان نەک هەر بە ئاخاوتنی ڕۆژانە، بەڵکوو بە ڕاژەپێکردن زیندوو دەمێنێتەوە. هەتا زمانێک زیندوو بێت، گەلێکیش ناوی دەمێنێت و زیندووە. ڕاژەکردن بە زمان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو زمانە لەناو نەچێت و گەشە بکات.

مەهاتما گاندی دەڵێت: هەر مرۆڤێک كە زمان و ئەدەبیاتی خۆی نەزانێت، مێژووی خۆیشی نازانێت و ئەو كەسەی مێژووی خۆی نەزانێت، داهاتوویەكی نابێت.

فێربوون بە زمانی دایک، مافی سروشتیی هەموو منداڵێکە و بۆ منداڵانی کوردزمان ئەرکێکی پیرۆزە و ناکرێت بە هیچ بیانوویەک ئەو مافەیان لێ بسێنرێت.

دەبێت ڕێز لەو ماموستایانەش بگرین کە هانی منداڵان دەدەن بۆ فێربوونی زمانی کوردی. هەروەها دەبێت هەوڵ و تێکۆشانی چڕتر بدەین بۆ بەدیهێنانی مافی سەرەکیی خۆمان کە پاراستنی زمانی کوردییە.

ئێمە ئێستا لە هەلومەرجێکی هەستیار و تایبەتیداین. داگیرکەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو شێوازێک هەوڵی لەناوبردنی زمان، فەرهەنگ و دابونەریتە ڕەسەنەکانی ئێمەی کورد دەدەن و لەم بوارەدا زۆرترین هەوڵ و تێکۆشانیان هەبووە و هەیە؛ ئەوان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە گەشەکردنی زمانی کوردی نادەن؛ ئەو مامۆستایانەش کە خۆبەخشانە لەو بوارەدا کار دەکەن، یان دەیانکوژن، یان دەستبەسەریان دەکەن، یان تووشی گیروگرفت و چەڵەمەیان دەکەن و ژیانیان لێ تاڵ دەکەن، لەبەر ئەوەی زمانی کوردی لاواز بکەن و دەرفەتی گەشەکردنی پێ نەدەن.

ئەرکی خۆمان چییە؟

دەبێت بە هەموو شێوەیەک زمانی کوردی، بپارێزین و باشترین ڕێگای پاراستنیشی ئەوەیە کە مەترسییەکانی لەناوچوونی، دیاری بکەین؛ واتە:

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زمانی کوردی بەهێزتر بکەین.

بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردیدا بکەین.

پارێزگاری لە ناسنامەی کوردبوونمان بکەین.

ڕووبەرەکانی بەکارهێنانی زمانی کوردی فراوانتر بکەین.

بە کوردی بژین.

بە کوردی بیر بکەینەوە.

بە کوردی پەروەردە بکەین.

بە کوردی کاری فێرکاری بکەین.

بە کوردی لەگەڵ یەکتری بدوێین.

بە کوردی ڕامیاری بکەین.

دابونەریت و بۆنە فەرهەنگی و ئایینییەکانمان بە کوردی بەڕێوە ببەین.

هەتا زمانەکەمان پارێزراوتر بێت، دەستکەوتی گەورەتر و شایستەتر بەدەست دەهێنین.

بایەخدان بە زمانی دایک و ڕێزگرتن لەم ڕۆژە،

بۆ ئێمەی کورد هۆکاری گرنگی مانەوەمانە. ئەرکی مامۆستایان و خوێندکاران لە هەمبەر زمانی کوردیدا، هەم پاراستنە و هەمیش گەشەپێدانی ئەم زمانەیە. بەختەوەرانە لەم سەردەمەدا بە هەبوونی کەرەستەکانی پێوەندیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەک تێلێگرام، ئینستاگرام، فەیسبووک، یۆتیۆب و… هەرچەندە داگیرکەران، گوشار و پیلان بۆ فەوتان و تواندنەوەی زمانی کوردی دەدەن؛ هەر بەو ڕادەیە و تەنانەت زیاتر، پەرچدانەوە و هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەشەی زمانی کوردی هەیە. ئێستا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەک قەڵغانێکی لێ هاتووە دژ بە سیاسەتی داگیرکەران و دەرفەتێکە بۆ وەرگرتنی زانیاری و ڕۆشنگەری و فێرکاری و گەشەکردنی زمان و فەرهەنگی کوردی. بەختەوەرانە خەڵکێکی زۆر، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی ڕاژەی زمانی کوردی دەدەن کە جێی دەستخۆشی و دڵگەرمی و دڵخۆشییە. گەلی کورد وشیارن و ڕێگە بە فەوتان و لەناوچوونی زمانی دایکییان نادەن.

هیواخوازین خۆری ڕووناکیبەخشی زانست، بەسەر تاریکیی نەزانی و دیکتاتۆریدا، سەر کەوێت.

2ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە گەلی کورد و هەموو گەلانی ستەملێکراوی جیهان، پیرۆز بێت. لەم ڕۆژە گرنگەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی ئەو مامۆستا و وانەبێژە بەڕێزانە و هەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەمەوە، کە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەرکی ڕاهێنان و پەروەردەکردن و خوێندن بە زمانی دایک، ڕۆڵێکی دیار و بایەخداریان لە پاراستن و فێرکردنی زمانی کوردیدا هەیە.

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی – سوید

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی