"an independent online kurdish website

مرۆڤ پێش لە هەر بابەتێک دەبێ گرنگی بەخۆی بدات چونکە مرۆڤێک کە گرنگییەکانی خۆیی وەلانێت ئیمکانی نییە کاتێک کە باس لە گرنگی کەسانی دیکە دەکات ڕاست بکا.

حەبیبوڵڵا خانی باوەجانی و کوڕەکەی مستەفا خانی گەورە دوو کەڵەپیاوی مێژووی جاف بوون کە زۆربەیی باسە مێژوویی و زارەکییەکان خاوەنداریەتی هەر دووکیانی گێڕاوەتەوە بۆ تیرەکانی وەک قوایی و باوەجانی بەتایبەتی باوەجانی، ئەم دوو کەڵەپیاوەیی ناوچەکە کە لە فکری دابینکردنی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی یان خۆماڵیدا بوون لە هەمانکاتدا هۆکاری زۆر ئاڵوگۆڕی ئەرێنین، با چەند کورتە نموونە لێرە بێنمەگۆڕێ و بڵێم هەموو ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و ئەدەڵانەکان کە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوندییان دەکرد دەچەوسانەوە بەڵام حەبیبوڵڵاخان بوو کە بە لێبوردوویی توانی زۆربەی ناوچەکەو دەوروبەری لە گەڵ هێندێک شوێنی دیکە وەک چاڵەڕەشی هەمەدان ئازاد بکات و کۆتایی بە کێشەی جاف و هەورامی لە گەڵ تایفەکانی دیکە بێنێ و هۆکارەکانی یەکێتی و برایی دەستەبەر بکات و قشون و سیستەمی بەڕێوەبەریی سەربەخۆ لە چەشنی کۆنفدراسیۆن لە بەشێکی بەرینی ئیستاکە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکات و لە هەوڵی چاپکردنی سکەی خۆماڵیدا بێ، لە سەر باسی سەربەخۆیی چاو لە کەتێبەکانی وەک تەحفیەیی ناسریە، مێژووی کرماشان نووسی محەممەدعەلی سلتانی و باسی کێشەی دەربارییەکان لە پیوەندی لە گەڵ حەبیبوڵڵاخان و یونس خانی بانە بکە، هەروەها چاو لە کتێبی ئایەتوڵڵا مەردۆخ و کتێبی یادی مەردان نووسینی مامۆستا عەبدولکەریم مودەڕیس بکە.

لە پێوەندی لە گەڵ ‌‌هێنانەخوارەوەیی ئاستی نایەکگرتوویی کە بەرهەمی بەڕێوەبەری داگیرکارانی کوردستان بووە دەڵێین کاتێک کە محموود پاشا بەهۆکاری جۆراوجۆرەوە لە باشووری ئیستاکەوە کۆچ دەکات بۆ ڕۆژهەڵات پێوەندی لە گەڵ حکومەتی ناوەندی ئێران پەیدا دەکات ئاژاوەگێڕانی سازکراوی دەستی داگیرکەر دێن و بە حەبیبوڵڵا خان دەڵێین محموود پاشا دەیهەوێت لە ڕێگای حکومەتی ئێڕانەوە وەلات نێ، لە وەڵامدا دەڵێت کەس منی دروست نەکردەوە تا وەلام نێ و برایەک زیاترو تیکەیەک کەمتر کێشە نییە، بەڵام کاتێک بە جەنابی محموود پاشا دەڵێین حەبیبوڵڵا خان هاتنی تۆیی پێ ناخۆشە بە تڵاق سوێند دەخوا کە دەبێت کۆڵەدار بدات بەکۆڵیداو چایی پێ دروست بکات، دوای چەند ساڵ کە بەڕێز محموود پاشا دەسەڵاتێکی ئەوتۆیی کۆمەڵایەتی و سیاسی نامێنێت بەڵام حەبیبوڵڵاخان لەو پەڕی دەسەڵاتدا دەبێ بەهێزێکەوە لە باشوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوەو بەنزیک ماڵی محموود پاشادا تێدەپەڕێ و تڵاقەکەی پاشا وەبیر دەێتەوە، لە گەڵ چەند سوار ڕوو لە ماڵە پاشا دەکات و لە نێوەی ڕێگادا دەدەبەزێ بەو چەند سوارە کە لە گەڵی خۆی هێناویەتی دەڵێ هێندێک دارم بۆ کۆبکەنەوە، دارەکان دەدەن بەکۆڵیداو بە پیادە ڕوو لە مالی پاشا دەکات، پاشا دێت بەپێشوازییەوەو دەڵێ خان ئەوە چیتە، دەڵێت پاشام سوێندت خوارد کە کۆڵەدار بدیت بەکۆڵمەوەو چایی پێ دروست بکەیت، ئیستا بە کۆڵەدارەوە هاتوومەتە خزمەتت تا چایی پێ دروست بکەین و هەموومان پێکەوە بیخۆین.

لە کۆتایی سەدەیی نۆزدەیەمدا (١٩) لە بواری یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی و ڕامیارییەوە باشتر لەم سەردەمە جوڵاوەتەوە، بۆ نموونە زۆربەی مشاورو وەزیرەکانی لە کەسانی دەرەوەیی بنەماڵەی خۆی بووەن کە دەتوانین ناوی مەلا نەشئەت پاوەیی، مەلا قادر درۆیی و میرزا حەبیبوڵڵا ئیمامی بێنین، بۆ زانیاری زیاتر چاو لە کتێبی ژیان و خەبات کە بەرهەمی خۆمە بکەن.

لە بواری ئابوورییەوە باجی کەمتری لە خەڵک وەرگرتەوە، کەسانی بواری ئایینی وەک مەلاکان و ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگا لە گەڵ نەدارو هەتیوبار لە دانی باج ڕێزپەڕ (معاف) بووەن، ساڵی جارێک لیباس و خواردن بە سەر بنەماڵەیی هەژارو هەتیوبار دابەشکراوە، هەموو دانیشتووانی دەوروبەری دەستگای حکومەتی کە لەو سەردەمەدا بە پژماڵە ناسراون بە گشتیی سێ ژەمە لە ئاشپەزخانەی حکومەتی خواردنیان وەرگرتەوە، کەسانی نەدار لە ئاوایەکانی نزیک لە دەسەڵاتەوە سوودیان لە ئاشپەزخانەیی حکومەتی وەرگرتەوە، زۆر شوێن بە پووڵی باج (زەریبە) دروستکراوە بۆ نموونە مزگەوتێک لە قەڵای جوانڕۆ، کڕینی چەمی لوشە بۆ ئەوەیی کە باوەجانییەکان بتوانن کشت و کاڵ بکەن.

باوەجانییەکان کشت و کاڵیان نەکردەوە بەڵکو لە دۆڵی دەرە سەرقاڵی حەیوانداری بوون، لە سەردەمی دەسەڵاتی حەمە بەگی باوکی حەبیبوڵڵا خاندا تەنها لە دۆڵی دەرە ژیاون و سنووریان لە ڕووی میرئاواوە تا گوێزەخڕی ملەتووڵات هاتووە بەڵام حەبیبوڵڵا خان لوشە بە پارەیی باج دەکڕێت و لە گەڵ خانەشوور لە نێویاندا دابەشی دەکات تا کشت و کاڵ بکەن. مامۆستا عەبدولکەریم مودەرس لە کتێبی یادی مرداندا شعرێکی شاعیری پایەبەرزی کورد مەولەوە تاوگۆزی کە بۆ حەبیبوڵڵا خانی نووسیووە لە کتێبەکەی خۆیدا داناوە کە بە فارسییە” بەعهد تو می بینم آرام خلق، پس از تو ندانم سرانجام خلق.”

لە بواری یاساییەوە ئەولغەفور بەگی برای وەکیلی جوانڕۆ و خەزووری حەبیبوڵڵا خان لە گەڵ میرزا حەبیبوڵڵا ئیمامی لە سەر مەسەلە باج تێکدەچن کە ئەولغەفور بەگ لە دەستی دەردەچێ و میرزا حەبیبوڵڵا ئیمامی دەکوژێ، بەکورت دوای چەند ساڵ خۆشاردنەوە لە یاساو هەوڵی کەسایەتییەکان بەمەبەستی لێخۆشبوونی لە کۆتایی دا دەیگرن و دیوان حوکمی قەساسی بۆ دەردەکات و بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕادەستی بنەماڵەیی میرزا حەبیبوڵڵای دەکەن.

ڕۆژێک هێندێک لە پیاوماقوڵانی دیوان دەڵێین مستەفا خانی کوڕت کەسایەتییەکی تایبەتی هەیە بۆ دەبێت لە پژماڵەدا بێ، پێشنیار دەکەن تا حاکمەیەتی چەمی لوشەی پێ بدرێت، دەڵێت ڕەحمان پیرک بە دوو هۆکارەوە لە پێش مستەفا خانە، یەکم کوڕی ئەم خەڵکەیە کە بەجوانی ئەرکەکانی بەڕێوە بردەوە، دووهەم لە کاتێکی ئاستەمدا قلیانێکی بۆم دروستکردەوە، ڕەحمان پیرک کاگێڕێکی ئاسایی سەربە نەزەرزڵکی (باوەجانی) دەبێت دەیکەن بە حاکمی چەمی لوشەو مستەفا خانی کوڕی بێوەری دەکەن.

ئەم باسە بەردەوامی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی