"an independent online kurdish website

هێرشبەران هەمیشە بەدوای تەکنیکێکی نوێدا دەگەڕێن تاوەکوو نێچیری زیاتر بەردەستبخەن دوای ئەوەی کە ڕێگاکانیان وەکو بەدواکەوتن لە دونیای ڕاستەقینەدا

هەروەها پەیام ناردن وەکو کەسانێکی ئاسایی بۆیان تاوەکوو سەر نەلوابۆیان لەبەرئەوە ڕێگەیەکی نوێیان دۆزیەوە بەناوی سایبەر گرووم سایبەر گرووم بریتیە لە نواندن وەکو منداڵ کاتێک لە ڕاستیدا کەسێکە تەمەنێکی گەورەی هەیە بە شێوەیەکی گشتی منداڵ دەخاتە بەردەستی وەکو ئامانج دەیەوێت بەدەستیان بهێنێت چ بۆ مەبەستی دەستدرێژی سێکسی بێت یاخوود بازرگانی سایبەر گرووم مەرج نییە تەنها بۆ منداڵان بێت هەندێکجار گەورەکانیش دەگرێتەوە هێرشبەرانی سایبەر گرووم لە ژیانی ڕاستەقینەدا تەمەنێکی گەورەیان هەیە کە دەکرێت نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ بێت بەڵام لە ئینتەرنێتدا کاتێک چات دەکەن و نامە دەنوسن بۆ منداڵەکان خۆیان پیشان دەدەن کە تەمەنێکی ١٤ ساڵی یانیش تەمەنێکی ١٥ ساڵیان هەیە ، بەهۆکاری ئەوەی کە لە بەشێک لە قوتابخانە ئەهلیەکان سیمینارم لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و گێچەڵی ئەلیکترۆنی ئەنجامداوە ، نزیکترین ئامانج بۆ هێرشبەرەکان قوتابیەکانی قوتابخانە ئەهلیەکانن بە تایبەت ئەو قوتابخانانەی کە زیاتر کلتوری ئەوروپی و وڵاتانی ڕۆژئاواییان بەسەردا زاڵ بووە ، چونکوم لەم جۆرە قوتابخانانەدا منداڵەکان وا ڕەفتاردەکەن کە لە کلتور و کەسایەتیەکی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی دا بسوڕێنەوە و ببن؛ مێژووی سایبەر گرووم بەتەواوەتی دیارنییە چونکوم هێشتان وەکو تەکنیکێکی نوێ تەماشا دەکرێت لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی . بۆیە تاوەکوو ئێستا تەنها چەند ڕێنماییەک بەردەست بۆ تاک و بۆ خێزان و هەروەها لەبۆ ناوەندەکانی خوێندندا ، زیاتر هێرشبەران منداڵانی تەمەن ٩ بۆ ١٠ ، ١٠ بۆ ١١-١٢-١٣-١٤ -١٤-١٥ ساڵان لە لیستی پلانەکانی دایە چونکوم منداڵانی ئەو تەمەنە هێشتان لە ڕووی بیرکردنەوە و هەندێک بابەتی پەیوەست بە هەست و سۆز کێشەیەکیان هەیە کە هەندێکجار سەریان دەخوات و بەرەو هەڵدێریان دەبات تاوەکوو ئێستا هیچ کەسێک لە کوردستاندا نەمبینیوە بابەتێکی لەم شێوەیە بوروژێنێ تاوەکوو منداڵەکانمان بپارێزین لە هێرشبەرانی سایبەر گرووم و بتوانین بە پارێزراوی منداڵەکانمان بهێڵینەوە ، هێرشبەرانی سایبەر گرووم چەندین پلاتفۆڕمی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کە هێرشەکانیان ئەنجام بدەن وە بە چەند پڕۆسەیەک هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن بۆ سەر منداڵەکان بەداخەوە لەم سەردەمەدا وە لەم کاتەی ئێستا تێیدا دەژین لە هەرێمی کوردستان کەم دایک و باوک هەیە کە سەیری مۆبایلی کچەکەی یانیش کوڕەکەی بکات کە تەمەنێکی ئەوتۆی نییە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا لەگەڵ کێ قسە دەکات ئایا لەگەڵ کێ گفتوگۆ ئەنجام دەدات ئایا وێنە و ڤیدیۆ بۆ کێ دەنێرێت بەبێ ئاگاداری ئێوە وەکو دایک و باوک و خێزانەکەی ! بەکارهێنانی هەر پلاتفۆڕمێک لەلایەن کەسی هێرشبەرەوە یەکسانە بەو پلاتفۆڕمەی کە قوربانی داهاتوو زۆرترین بەکارهێنانی هەیە لەلای وەکو فەیسبوک ، تویتەر ، ئینستاگرام ، سناپچات ، یانیش تێڵێنیۆوم . هەروەها لە هەر هەمووی مەترسیدار تر بریتیە لە گروپ چاتەکانی تێڵگرام کە خۆم کچی ١٤ ساڵانم تێیدا بینیوە وە لەناو گروپەکەشدا چەندان کەسی تەمەن گەورە هەبووە ! بابڵێین ئەگەر هێرشبەرێکی سایبەر گرووم لەناو ئەم گروپە داببێت ئەوا داهاتووی ئەو کچە ١٤ ساڵانە چی دەبێت هەروەها چۆن دەبێت بە نێچیرێکی چەور . تاکتیکەکانی سایبەر گروومەر بریتین لە ٤ خاڵ کە هەمیشە بەکاردەهێنێ ، خاڵەکانیش بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە کە لە تەنیشتی پێناسە و ڕوونکردنەوەشی بۆ دەدەم:

١- دروستکردنی پەیوەندیەکی سۆزداری : کەسی هێرشبەر لاوازی گرنگی پێدانی خێزانی و هەروەها نا کامڵی بیرکردنەوەی منداڵەکە دەکات بە ئامانج و پاشانیش پەیوەندیەکی سۆزداری لەگەڵ دروست دەکات پاشان وا خۆی نیشان دەدات کە ئەمە خۆشەویستیەکی ڕاستەقینەیە لەنێوان ئەم و ئەودا هەیە و کۆتاییەکی باشی دەبێت ئەگەر تەمەن ڕێگە بدات بەڵام هەموو ئامانجی ئەم پەیوەندیە بەدەست هێنانی چەند وێنەیەکی کەسی نێچیرە.

٢- دروستکردنی متمانە : کەسی هێرشبەر دەیەوێت متمانە دروست بکات لەلای کەسی نێچیر بۆ ئەوەی کە داوای هەر شتێکی کرد ئەوا ڕاستەوخۆ وەکو ڕۆبۆت بۆی جێبەجێبکات و وەکو بوکەڵە لەبەر دەستیدا بیجوڵێنێ چونکوم متمانە هەیە کەسی نێچیریش دەکرێت تەمەنی بەو شێوەیە نەبێت کە بزانێت تیمساحیش هەندێکجار خۆی وشک و ڕەق دەکا تاوەکوو نێچیرەکە نزیک دەبێتەوە.

٣- بوونی دەسەڵاتداری : کچان یانیش کوڕان هەمیشە حەزدەکەن کە شازادەی خەونەکانیان کەسێکی بەهێز و دەسەڵاتدار بێت بۆیە سایبەر گروومەر لە ڕێگەی چات و هەندێک بەڵگە و وێنەی ساختەوە ئەم خەونەی قوربانیەکان دەکات بە ڕاستی و خۆی نیشان دەدات کە کەسێکی دەسەڵاتدارە و دەتوانێ لەهەر شوێنێک بێت یارمەتی خۆشەویستەکەی بدات.

٤- بوونی هێز و بەردەوامی : سایبەر گروومەر هەمیشە باسی هێز و بەردەوامی خۆی دەکات لەگەڵ کەسی نێچیر بۆ هەتا هەتایی تاوەکوو زیاتر کەسی قوربانی هەست بکات تەواوە مامە ! ئەمە کەسە ڕاستەقینەکەیە ئەمەیە شازادەی خەونەکانی من بەڵام هەر کاتێک هەموو ویستەکانی کەسی هێرشبەر کۆتایی هات ئەوا کاتێک بەیانیەکەی خەبەرت بۆ تەوە هەژمارەکەت بلۆک کراوە هەروەها کە داواکاریەکانی جێبەجێ نەکەیت ئەوا وێنەکانت ئەم دەست و ئەو دەست دەکات لەنێو ئینتەرنێت و گروپەکاندا.

ئەم چوار خاڵە سەرەکیەی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک باسمان کرد تاوەکوو بتوانین کەسی هێرشکەر بناسینەوە و بزانین ئایا ڕێگاکانی هێرشبردنی چۆنن بۆ ئەوەی کە بتوانین ڕێگەی پاراستن بدۆزینەوە و بتوانین شێوازێک بدۆزینەوە تاوەکوو منداڵەکانمان بپارێزین خێزانەکەمان بپارێزین لەم جۆرە هێرشانە . سایبەر گروومەر چەند پڕۆسەیەک بەدیاردەکات وەکو چەکێک بەکاریدەهێنێ بۆ ئەوەی کە بەتەواوەتی کەسی نێچیر بکاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە ئەمانیش بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە :

١- دیاریکردنی ئامانج

٢-بەدەستهێنانی متمانە

٣- جیاکردنەوەی لە منداڵەکانی دیکە و هێنانەدەرەوەی

٤- ناردنی وێنە لەلایەن کەسی قوربانیەوە

٥- دەستلێدان و گەمەی سێکسی ( چات و فیزیک )

٦- کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندیەکە و قوربانی .

پێویستە بەتەواوەتی خێزانەکان و مامۆستاکان بەتەواوەتی و ڕۆژانە بە شێوەیەکی دووبارە ئامۆژگاری قوتابیەکان بکەن هەروەها دایک و باوکەکان منداڵەکانیان هۆشیاربکەنەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەبنە نێچیری سایبەر گروومەکان و داهاتووی منداڵەکانمان نەشێوێت ، چونکوم کاتێک کەسی قوربانی تووشی ئەم جۆرە هەڕەشە بوو ئەوا کاریگەری دەروونی و جەستەیی بەجێدەهێڵێ لەدوای خۆی ، چەند جۆرێک چاتکردن هەیە کە دەتوانن بیناسنەوە کە ئەم کەسەی چاتەکان دەکات کەسێکە دەیەوێت زیان بە منداڵەکانمان بگەیەنێت و هەروەها کەسێکی گروومەرە چاتەکان بە شێوەی خاڵ ڕووندەکەمەوە :

١- هێی تەمەنت چەندە ؟ منیش تەمەنم ١٤ ساڵانە بەڵام تۆ وەکو ١٦ ساڵانێک دەردەکەویت : ئامانجی ئەم جۆرە قسەکردنە زیاتر سەرسامکردنی بەرانبەرە و هەروەها زیاتر درێژەدانە بە قسەکردن .

٢- بە جلی فەرمی قوتابخانەوە زۆر جوانیت دەبێت چەند جوانتر بیت بەبێ ئەو جلانە ئایا دەتوانی وێنەیەکی بەبێ جل و بەرگی قوتابخانەم بۆ بنێریت : ئەم جۆرە چاتە لە دوای دروستکردنی پەیوەندی یاخوود متمانە دەست پێدەکات .

٣- تاوەکوو ئێستا ماچی هیچ کەسێکت کردووە : ئەم جۆرەیان سەرەتایەکە بۆ کردنەوەی نوسینی نامە کاری سێکسی کە بە سێکستینگ ناسراوە ، ئەم جۆرەشیان لەدوای دروستکردنی متمانە و ماوەیەک لە قسەکردن دەست پێ دەکات .

٤- دەتوانین بە نهێنی بیکەین و کەسیش پێمان نەزانێ : ئەم جۆرە چاتکردنە بۆ ئارامکردن و هێورکردنەوەی کەسی قوربانی بەکاردێت هەندێکجاریش بەهۆی ئەم قسەیەوە کەسی قوربانی دەکەوێتە داوەکەوە .

٥- بەڵێن بێت بەکەس ناڵێم : ئەم جۆرە قسەیە بەکاردێت تاوەکوو بەشێوەیەکی تەواو دەروونی کەسی قوربانی ئارام ببێتەوە و لە کاتی ناردنی ئەم جۆرە وێنانەدا هیچ کێشەیەک نەبێت .

ئەم ٥ نمونەیە تەنها مشتێکە لە خەرمانێکی ئەم بابەتە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم جۆرە چاتانە دەکرێن تاوەکوو کەسی قوربانی بەتەواوەتی بکەوێتەوە ناو تەڵەکەوە .

ڕێگاکانی خۆپاراستنی منداڵان و گەنجان لە هێرشەکانی سایبەر گرووم :

١- دیاری قبوڵ مەکە

٢- مەچۆ دەرەوە لەگەڵی و چوونەدەرەوە قبوڵ مەکە

٣- وەڵامی ئەو کەسانە مەدەوە باسی باڵا و جەستەت دەکەن

٤- وەڵامی ئەو کەسانە مەدەوە داوای وێنە و ڤیدیۆ دەکەن

٥- زانیاریە تایبەتیەکانت مەبەخشە

٦- ناوی قوتابخانە و ژمارەی مۆبایلەکەت مەدە

٧- وەڵامی نامەی کەسە نەناسراوەکان مەدەرەوە

٨- هاوڕێیەتی کەسە نەناسراوەکان مەکە و هاوڕێیەتیان قبوڵ مەکە

٩- هەژمارەکەت سنوردار بکە و تایبەتی بکە ( پڕایڤت )

١٠-لینک و بەرنامەکانی مەکەرەوە

١١-لە چات ڕووم و گروپ چات و فلاش چاتەکان وەرەدەرەوە

١٢- قسەی سێکسی ڕێگە پێ مەدە و بلۆکیان بکە

١٣- ڕیپۆرت و بلۆک بکە

١٤- خێزانەکەت یانیش بنکەی پۆلیس ئاگاداربکەرەوە .

لە ڕێگەی ئەم ١٤ خاڵەوە بە شێوەیەکی زۆرباش دەتوانیت خۆت بپارێزیت یانیش خێزان منداڵەکەی بپارێزێت بەشێوەیەکی گشتی هەروەها لە خاڵەکانی داهاتوودا باسی کاریگەریە دەروونیەکانی باسدەکەم لەسەر تاک و قوربانی :

١- تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ

٢- تووشبوون بە تراوما

٣- هەستکردن بە شەرم و تاوان

٤- تووشبوونی بیرۆکەی خۆکوشتن

٥- گۆشەگیربوون

هەروەها خاڵەکانی ناسینەوەی کەسێک کە تووشی سایبەر گرووم بووە و ئیستیغلال کراوە لەلایەن کەسی هێرشبەرەوە :

١- بوونی هەندێک ئامێر و بابەت پێشووتر نەیبووە وەکو دیاری بۆی هاتووە

٢- چوونەدەرەوە لەگەڵ کەسانی نامۆ و بۆ شوێنی نامۆ

٣- شاردنەوەی نهێنی و بوون بە کەسێکی نهێنی

٤- پێت ناڵێت قسە لەگەڵ کێ دەکەیت

٥- کاتێک لێی نزیک دەبیتەوە شاشەی مۆبایلەکە دەسوڕێنێت یانیش دەیکوژێنێتەوە و یانیش لایدەبات و دەیخاتە سەر بابەتێکی دیکە .

٦- حەز و خولیای بۆ شتەکان نامێنێ

٧- ڕەفتار و هەستەکانی دەگۆڕێن

٨- هاوڕێیەتی کەسانێک دەکات لەخۆی گەورەترن بەتەمەن

٩- زوو هەڵدەچێت و توڕە دەبێت

١٠-گۆشەگیر دەبێت

لە کۆتایدا قسەیەکم هەیە بۆ هەموو قوربانیەکان هەموو کەسێک هەڵە دەکات و هەموو کەسێک شایەنی هەڵەیە بەڵام گرنگ ئەوەیە لەدوای ئەم هەڵەیەوە دووبارە بەخۆماندا بچینەوە و بزانین لەگەڵ کێ هەڵدەستین و لەگەڵ کێ دادەنیشین ، بزانین هاوڕێیەتی کێ دەکەین لەبیرت بێت خواردنی دیکە مەدە بە ماسیەکە ( داواکاریەکانی ) دیکەی جێبەجێ مەکە بە زووترین کات خێزان و یاسا ئاگاداربکەرەوە کە تووشی بابەتێکی وەها بوویت دونیا و ژیان بۆ کەس گوڵڕێژ نەکراوە ژیان بریتیە لە کەوتن و هەستانەوە لە شکست و لە سەرکەوتن وە هەرگیز بیرمەکەوە کۆتایی بەخۆت بهێنیت چونکوم لەوەیە لە دوای لەدەستدانی تۆ خێزانەکەت هاوڕێکانت کەسەکانت هەموو ساتێکیان مردن بێت بیر لە ئایزانت بکەرەوە بیر لە خۆشەویستەکانت بکەرەوە .

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی