"an independent online kurdish website

هەوڵ دەدەم تا هەرچی کورت تر بابەتەکە بێنمەگۆڕێ بەڵام بۆ ئەوەیی گەنجانی نەتەوەیی و خاوەنانی شۆڕش و کەسایەتییەکانی سەرەکی هێندێک زیاتر زانیارییان لە هەڵکێش و داکێشە نەتەوەیی

 و سیاسییەکانی ناوچەکە دەستکەوێت دەبێ تا ڕادەیەک لە بابەتەکە قوڵ بمەوە، یەکەم بۆ ئەوەیی کە ڕوو لە باسێکی دیکە بکەم دەبێت کۆتایی بە باسی حەبیبوڵڵا خان و مستەفا خان وەک دوو ڕێبەری هەوڵەکە بێنم، خۆشەویستی و یەکتر قبووڵکردن دوو بابەتن کە هێندێک زانایی بواری کۆمەڵناسی بە دوو خاڵ لە خاڵەکانی پێکهێنەری ساختاری نەتەوە پێناسەیان کردەوە، هەر دووک کەسایەتی دوو مرۆڤ بووەن کە لە چوارچێوەی خۆشەویستی نەتەوەو بنەماڵە گەورەکەیاندا جێگایان هەبووە، بۆ نمووە لە سەرەتای هەوڵەکانی حەبیبوڵڵا خان بۆ بوون بە دەسەڵاتی خۆماڵی وێرای ڕووبەڕوو کردنەوەیی لە گەڵ زۆر کۆسپ شای ئێران دەتوانێ بە سیاسەت دەستبەسەری بکات و لە فکری لە نێو بردنیدا دەبن بەڵام کاردانەوەیی زۆربەی کوردستانیان لە گەڵ کەسایەتیی ئایینی و ڕۆشنبرەکانی کورد لە باکورەوە تا باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئیستاکە ئەوندە تووند دەبێ کە وێرای چاوپۆشیکردن لە کوشتنی بە ناچار ئازادی دەکەن، نازانم چەندە ڕاستە بەڵام لە زۆر کەس بیستوومە کە مەلەکەی بێ تاج و تەختی کورد عادیلە خانم هاوژینی هۆسمان پاشاو دایکی ئەحمەد موختارو تاهیر بەگی جاف یەکسەد (١٠٠) سەر ئەسپ لە گەڵ نامەیەک بە خەڵات دەنێری بۆ شای ئێران بۆ ئەوەیی کە حەبیبوڵڵا خان زیان نەبینێ، بەوجۆرە کە من لە ڕابردووان بیستوومە کاتی مەرگی مستەفا خان ئەگەر ئەمڕۆ  بووایە کە بواری سیاسی کۆمەڵگا لە ئاستێکی بەرزتردایە دڵنیام شۆڕشێکی زۆر بەرفراوانی نەتەوەیی لە کوردستان ڕووی دەدا چونکە مەرگی مستەفا خانیان بە ڕۆژی مەحشەر لە کوردستان ناو بردەوە، دوو دێڕ لە شیعرەکانی شاعیری کورد فانی خانەشووری (شێخ عەبدولکەریم) لێرە دادەنێم بەڵام بەداخەوە کە بە فارسییە کە لە کاتی مەرگی ئەودا لە ساڵی ١٩٠٩دا وتوویەتی.

این چە غوغایی است می خیزد زارکان جهان  ،  شور محشر شد هویدا در میان انس و جان.

والە و سرگشتە و حیران و در جوش و خروش  ،  شاەو سلطان، میرو خاقان، جملە پیرو جوان.

  لە هێندێک نووسراوەو باسی زارەکیدا حەبیبوڵڵا خان بە نظام الایالە و مستەفا خان بە مسعودالسلطنە ناو دەبەن، هەر دووک نازناو لە لایەن پادشاکانی ئێرانەوە بۆیان ناردراوە بەڵام بەپێچەوانەی ناوبانگی کەسانی دیکە هەردووک کەسایەتی گرنگیان بەو ناوانە نەداوە شتێک بەناوی حکومەتی ناوەندیان قبووڵ نەبووە بەڵام شاکانی ئێران وەک فاکتەرێکی کاتی ناچاری و سیاسی سوودیان لەو شێوە هەڵوێستانە وەگرتەوە، بۆ نموونە حەبێبوڵڵا خان یەکەم جار بە پێنج هەزار سوارەوە هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتی حکومەتی ئێران لە قەڵای جوانڕۆدا کە شکست دەخوات، جاری دووهەم بە حەوت هەزار سوارەوە دیسان هێرش دەکاتەوە کە تەواوی دەسەڵاتی حکومەتی ئێران تێکدەشکێنێ و هەموویان لە نێو دەبەن و عەلی ئەکبەر خانی شرف الملک بە مەبەستی ڕزگاری سوود لە جلی ژنانە وەردەگرێت، دوای ئەم شکستەو بۆ بەرگری لە پێشڕەوی زیاتر وەک شێوە ئاشتییەک دەسەڵاتی قبووڵ دەکات و ئەو نازناوەیی بۆ دەنێرێت.

کاتێک کە هەمەوەندەکان دێن و محەممەدعەلی شا فەرمان دەدات تا بیانگێڕنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی عوسمانی مستەفا خان دەستوورەکە ڕەد دەکاتەوەو دەنووسێ هەمەوەندەکان لێرە میوان نین، ئێرە ماڵی خۆیانەو ئێمەش ناتوانین سەرشۆڕی وەها لە مێژوودا بۆ خۆمان تۆمار بکەین و حازرین نەهامەتییەکەی قبووڵ دەکەین، لە ڕاستیدا وشەیی نەهامەتییەکەی قبووڵ دەکەین یانی ئامادەین لەم پێناوەدا شەڕ بکەین، بەڵام حکومەتی ئێران لە ئاست حکومەتی ئەو کاتی ناوچەکە (کورد) لاواز بووەو دڵنیام ئەگەر شەڕێک ڕوویدابا حکومەت شکستی دەخواردو کورد قازانجی دەکرد، چونکە وێرای جافەکان و هەمەوەندەکان کە دوو عەشیرەتی زۆر بەهێز بوون هەورامییەکان، سنجاوەییەکان، جافی گۆڕان لەو کۆنفدراسیونەدا بوون و بەشداری شەڕەکەیان دەکرد، ئەم شەڕە بەرفراوانە هۆکارێک دەبوو تا عەشیرەتەکانی دیکە لە گەڵیان کەون بەڵام ئەوان شەڕیان نەکرد بەڵکو سیاسەتیان کردو نازناوی مسعودالسلطنە لە گەڵ شاڵی تورمەیان نارد بۆ مستەفا خان و لە کۆتایی دا بەشێوەی جۆراجۆر کاری خۆیان کرد، یانی لە سیاسەتدا شکستمان هێنا. بۆ ئاگاداریتان جاف بەگشتی دەسەڵاتی داگیرکارانی کوردستان قبووڵ نەکردەوە، کاتی دروستکردنی حکومەتی عێراق جافەکان حازر نەبوون بڵێین کوردستان ئێران و عێراق یان باشوور و ڕۆژهەڵات بەڵکو دەیانوت ئەم دیوو ئەو دیوو، هەروەها بەشێکی زۆر گرنگی یارسانەکان بە جافی گۆڕان دەناسران.

دوو وێنە دانراوە بۆ ئەوان، ئەو وێنانە وێنەی حەبیبوڵڵا خان و مستەفا خان نین، ئەوە بەڕێز حوسرەو جاف بەشێوەی خەیاڵی بۆ ئەوان کێشاویەتی، هێندێک لە گەڵ مستەفا خان دێتەوە بەڵام زۆر دوورە لە حەبیبوڵڵا خان، حەبیبوڵڵا خان پێاوێکی بەهەیکەڵ بە ڕووخسارێکی نزیک لە سوورەوە بووە کە قەت ڕیشی نەهێشتەوەتەوە، کڵاو کورگینی لە سەردا بووە، کڵاوێک لە چەشنی پاشاکانی دیکەی جاف یان لە چەشنی کڵاوی لوڕەکان.

لێرە کۆتایی بە باسی حەبیبوڵڵا خان و مستەفا خان دێنم و ڕوو لە هێندێک باسی دیکەو پێویست دەکەم، پێشەکی با ئەوەتان عەرز بکەم کە من وەک تاکێکی بنەماڵەی ئەوان لەم باسەدا وەک کەسێکی بێلایەن دەنووسم و دەزانم کە هیچکەس بەتنها بێ یارمەتی کەسانی دیکە ناتوانێ بەربەرەکانێیەکی وەها بکات، لە ڕووانگەی منەوە شوانێک یان کەسێک کە زەحمەتی کێشاوەو کشت و کاڵ کردەوە ئەوانیش بەشداری ئەم هەڵکێش و داکێشە نەتەوەیی بووەن و زۆر کەس و کەسایەتی لەم بوارەدا بەشداریان کردەوە یان گیانی خۆیان لە دەستداوە بەڵام مەبەستی من فاکتەری سەرەکی ڕووداوەکانە، یانی کاتێک باس لە مەسەلەی کرێکاری و سوسیالیستی بکەین بەشێوەی ئۆتۆماتێک تیئۆری زانایانی بواری مارکسیستی  وەک کارڵ ماکس، مائۆ، لینین و … دیتەگۆڕێ، یان کاتێک باس لە کۆماری کوردستان دەکەین وێرای تێکۆشەرانی دیکە پێشەوای کوردان (قازی محەممەد) دەبێت بە فاکتەری سەرەکی باسی کۆمار.

هەروەک لە بەشی دووهەمدا عەرزتانم کرد ماوەیەکی کورت دوای مەرگی مستەفا خان حکومەتە هێشتاکە ناو نەنراوەکە کە هێندێک کەس وەک حکومەتی باوەجانی، هێندێک قوایی و باوەجانی، هێندێک بە جاف ناویان بردەوە بە کارتێکردنی نەیاران و هەستی بەرژەوەندی و دەسەڵاتخوازی بەگزادەکانی باوەجانی و کەسایەتییەکانی نزیک لەوەانەوە تیکە تیکە دەبێت بەڵام حەمەتەقی بەگ کوڕی حەبیبوڵڵا خان یەکێک لەو کەسانە دەبێت کە ئەم تیکە تیکە بوونەیی دەسەڵاتەکە بە خەسارێکی نەتەوەیی دەزانێ کە بە هاوکاری ئەولکەریم بەگ وەکیلی جوانڕۆ و جافرسلتانی هەورامان هەوڵی زیندوو کردنەوەی دەدەن کە لە گەڵ نەیارانی خۆماڵی و حکومەتی ئێران و ئینگلیس ڕووبەڕوو دەبنەوە، لە ئاکامدا بەپشتیوانی بەشێکی زۆر لە باوەجانییەکان و جافەکانی شارەزوور لە خانەشوور چەندها شەڕ لە گەڵ حکومەتی ئێران و ئینگلیس دەکات کە یەکێک لەو شەڕانە پشتیوانی لە عەلی ئەکبەرخانی سنجاوی و سنجاوییەکان دەبێ کە لە ترس ئێران و ئینگلیس پەنا بۆ خانەشووری هاوپەیمانی خۆیان هێناوە، بە کورتی شەڕەکە دەکەوێتە ناوچەکانی باوەجانی و چەندها شەڕی تووند ڕوودەدات کە لەوە دەچێت ئیستاکەش بوومبی تەیارەکانی ئینگلیس لە خانەشوور مابێ، ئاکامی ئەم تێکهەڵچوونانە دەبێت بەوە کە ئینگلیسییەکان خەڵات (جایزە) بۆ سەری حەمەتەقی بەگ دیاری بکەن، حکومەتی ئێران کە چاوساقیان بریتی دەبێ لە سەرانی ئەردەڵان بە هاوکاری هێندێک خۆفرۆشی ناوچەکە زیاتر بەسەر دۆخەکەدا زاڵ دەبن و حەمەتەقی بەگ و دۆستانی لاوازتر، هێندێک بەڵگەی کەم بڵام زۆر گرنگی حکومەتی لە لایەن یەکێک لە بەگزادەکانی باوەجانییەوە بەمەبەستی خۆشخزمەتی ڕادەستی ئینگلیس و حکومەتی ئێرانی دەکرێت، لە ئاکامدا کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکاتەتی سەردار ڕەشید و بەشداری سەرانی ناوچەکەکان لە ڕوانسەر دەگرن و داوا لە حەمەتەقی بەگ دەکەن تا بەشداری بکات، حەمەتەقی بەگ بەشداری دەکات بەڵام سەردار ڕەشید لە خۆی بایی دەبێ و بە حەمەتەقی بەگی قارەمان و شۆڕشگێڕ دەڵێت ئەگەر نەوکەریکی باش بی دەتگەڕێنینەوە سەر دەسەڵات، بەڵام حەمەتەقی بەگ بەگورجی هەڵدەستێ و دەڵی عەباسی … تۆ کێت کە من نەوکەریت بکەم، تۆ پیاوی ئینگلیس و تارانی و لە پشت ئینگلیسییەکان دەنازی و بە تڵاق سوێند دەخوات کە تا کۆنسولگەری ئینگلیس لە کرماشان ڕانەوەستێ، سەرانی هەورامان و جاف قسەکەی سەردار ڕەشیدیان لا گران دێت و دەزانن حەمەتەقی بەگ بڕیارەکەی جێبەجێ دەکات ئەوانیش لە دووی دەڕۆن، تا کۆنسولگەری ڕاناوەستێ و کاتێک دەگات بە سواری ئەسپەکەی خۆی دەکات بە حەوشەیی کۆنسولگەری و بەتوندی بە کاربەدەستەکەی سەفارەت دەڵی بەزووترین کات حکومەتی بریتانیا ئاگادار بکەوە کە ئەو حەمەتەقی بەگەیی باوەجانی کە خەڵاتان بۆ سەری داناوە بۆ خۆی هاتووە تا خەڵاتەکە خۆی وەرگرێ، داواکار دەبن سەبەر بکات تا وەڵامی پەیامەکە وەردەگرنەوە، دوای چەند کاتژمێر دەڵێن حکومەتی بریتانیا لە بڕیارەکەی خۆی پاشەکشەیی کردەوەو دەڵێت کەسێکی وەها نەترس ناکوژین، لای ئێمەوە عەفویت، بەڵام دوای ماوەیەک بە کارتێکردنی ئینگلیس و ئێران لە ڕێگای سەردار ڕەشیدەوە حەمەتەقی بەگ بە دەستی برایەکی خۆی تێرۆر دەکرێت یانی بەدەستی هەمان کەس کە بەڵگە کەمەکانی گەیاندە نەیار، ئەولکەریم بەگ و جافر سلتان هیچیان بۆ ناکرێت و مەسەلە ڕامیارییەکان (سیاسی) لە گۆمەڵگادا بەشێوەی مۆدڕنیزەتر سەرهەڵدەدات کە ئەولکریم بەگ وەکیلی جوانڕۆ لە گەڵ یارمحەممەد خان لە شەڕێک لە گەڵ حکومەت لە ناو شاری کرماشان بەدەستی قازاغەکان و بەختیارییەکان کوژران، لە کۆتاییدا ڕەزا شا بەشێوەیەکی سیاسی توانی هەموو کەسایەتییەکانی ناوچەکە دەستبەسەر بکات و بۆ ماوەی دە ساڵ لە تاران زیندانیان بکا بەڵام دوای ئازادبوونی دیلەکان بەگزادەکانی جوانڕۆ دەستیاندایە سەرپێچی و خۆ بەهەندگرتن و سێ شەڕی قارەمانانەو درێژخایان لە گەڵ حکومەت دەکەن کە ئەوانیش بەشێوەی جۆراوجۆر لە گەڵ کۆسپ ڕووبەڕوو کرانەوە کە لە ئاکامدا دوو کوڕی وەکیلی جوانڕۆ بە ناوەکانی حوسێن بەگ و حەسەن بەگ لە گەڵ هێندێک کەس و کەسایەتی هەڵهاتن بۆ باشوور و لە ڕیزی پارتی دێموکراتی دا بوون بە پێشمەرگە، حوسێن بەگ بوو بە ئامربەتالیون و حەسەن بەگ بوو بە جێگری و زۆر قارەمانانە خەباتیان دەکردو زیانی زۆریان بە داگیرکەری وڵاتەکەیان گەیاند. بەردەوامی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی