"an independent online kurdish website

نوێنەرەکانی ٥٤ وڵاتی جیهان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا خوازیاری ڕاگرتنی خێرای حوکمی لەسێدارەدان لە لایەن سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامی، دژی هاووڵاتیانی ئێرانی بوون.

لەم بەیاننامەیەدا کە لە لایەن وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ واژۆ کراوە، بە ئاماژەدان بە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران لە ئێران، داوایان لە کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و دەنگی خەڵکی ئێران دەرببڕن.

ئەلبانیا، ئۆسترالیا، نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، کۆستاریکا، شیلی، کرواتیا، دانیمارک، چیک، ئەمریکا، ئۆرۆگوای، سلۆڤاکیا، سوید، سویسرا، ئۆکراینا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، ئیسرائیل، ئیتالیا، ئایسلەندا، هۆڵەندا و ڕۆمانیا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەن کە ئەم بەیاننامەیەیان واژۆ کردووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە زۆر نیگەرانین لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەنێوان ساڵانی 2022 تا 2023 له ئێراندا، به سەدان کەس کە له نێوانیاندا تازەلاویش هەن، لەسێداره دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئێران زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە.

ڕژیمی ئێران لە زۆر حاڵەتدا ڕەتیدەکاتەوە ڕاپۆرتێکی فەرمی و گشتی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان پێشکەش بکات. ئەم بەیاننامەیە جەخت لەوە دەکات کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی دوای کۆچی دواییی ژینا ئەمینی، حوکمی ئێعدامی بۆ دەیان کەس دەرکردووە یان هەوڵی دەرکردنی داوە.

لە کاتێکدا کە چوار خۆپیشاندەر (محسن شکاری، مجید رضا رهنورد، محەمەد حسینی و محمد مهدی کرمی) لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون، وڵاتانی واژۆکەر ئاماژەیان بەوە کرد: ئێمە نیگەرانین لە چۆنیەتیی ئەو تاوانانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ جێبەجێ کراوە. ئەم وڵاتانە ئاماژەیان بە “خێراییی دادگاییکردنەکان و نەبوونی ڕوونی و ڕاپۆرتە جێی متمانەکان کردووە کە تۆمەتباران بە شێوەیەکی گونجاو دەستیان بە پارێزەرانی دڵخوازی خۆیان نەگەیشتووە و تووشی ئەشکەنجە یان مامەڵەی نامرۆڤانەی دیکە بوون”. نوێنەرانی 54 وڵاتی دونیا دەڵێن: “نابێت سزای لەسێدارەدان لەلایەن هیچ حکوومەتێکەوە بەکار بهێنرێت بۆ سزادانی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکان بەشداریی دەکەن و ترس لەخەڵک دروست بکەن بە ئامانجی ساردکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن”.

بڕووخێت کۆماری سێدارە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی