"an independent online kurdish website

لە کاتی کۆماری کوردستان لە مهاباد ١٥٠ سوار لە جافەکانی جوانڕۆ بۆ بەشداری لە ڕاگەیاندی کۆماری کوردستان دەڕۆن بۆ مهاباد،

وێرای ئەوەیی کە بە دروستی باسەکە دەزانم و دەزانم کە بەشداری تاوگۆزییەکان لەو سەفەرەدا بەرچاو بووە بەڵام زۆر زانیاری لەم بوارەدا لە دەستدا نییە و تەنها ناوی دوو کەسی تاوگۆزی بەناوەکانی سەید عەبدولرەحمان کوڕی سەید محەممەد و سەید ئەحمەد کوڕی مەڵا مستەفام دەبیستڕێ، هەروەها پێش لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد نامەیەکی ناردەوە بۆ سلێمان بەگی کوڕی حەبیبوڵڵا خان کە لە تاران لە ژێر چاودێریدا بووە، کاتێک کە پێشەوا قازی محەممەد ڕۆیشتەوە بۆ تاران سلێمان بەگ یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە تاران بەشداری لێبڕاوانەی کردەوەو ناوچەکە بەگشتی ئامادەگی خۆیان دەربڕیوە بۆ پشتێبانی کۆمار و ئاڵای کوردستانیان سازکردەوە.

پێش لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و تا ماوەیەکیش دوای ڕووخانی کۆمار جوانڕۆییەکان هەر لە شەڕدا بووەن لە گەڵ حکومەتی ئێران، ڕێبەرانی شەرەکانی جوانڕۆ نامەیەک دەنێرن بۆ سەرکۆماری کوردستان و دەنووسن ئێوە وەرن شاری سنە بگرن و دڵنیابن کە ئێمەش کرماشان دەگرین و دەسەڵاتی کوردی یەک دەخەین بەڵام بەداخەوە کە کۆمار پێش لە گەیشتنی نامەکە لە گەڵ کێشە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

سەردەمێک ڕادەیەکی زۆر بنەماڵە کە مڵکو ماڵیان کەوتبووە ڕۆژهەڵات یان باشوور لە شوێنی لە دایکبوونی خۆیان نەمابوون و هێندێکیان هەڵگری دوو پێناسی ئێران و عێراق بووەن سەرچاوەی ئەم شێوە ئاڵوگۆڕە بەزۆری دەگەڕایەوە بۆ پێکدادانەکانی سەردەمی حەمەتەقی بەگ و شکستەکانی، چونکە هەرجار کە دەشکان بەشێکیان خۆیان دەدایە لای جافەکانی ئیستاکەی باشوور تا کاتی خۆ ڕێکخستنەوەیی دووبارە، ئەمە هۆکارێک بوو تا هێندێک کەس لەو خەباتکارانە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە نەگەڕێنەوە، لە هەمانکاتدا چەند کەسیش لەوانەیی کە لە دایکبوویی باشوور بووەن لە کاتی گەڕانەوەدا لە گەڵی لەشکرە شکاوەکە دەکەوتن، یانی شکستی یەکەمی حەبیبوڵڵا خان، دوو شکستی حەمەتەقی بەگ، هاتنی جوانڕۆییەکان و ….سەرچاوەی سەرەکی بەشێکی هەراوی ئەم جێبەجێی بووەنە بووە کە ئیستاکە هێندێک بنەماڵە بەتایبەتی لە باشوور خاک و ئاو و کەسوکاریان بەزۆری لە ڕۆژهەڵاتە.

                                             ڕۆڵی ژنی کورد لەم بنکۆکەدا (بەستەر).

پێکدادانەکانی ئێران و حەمەتەقی بەگ و کێشە نێوخۆییەکانی ناوچەکە لە گەڵ شەڕەکانی جوانڕۆ هۆکارێک دەبن تا هێندێک ژن و منداڵ لە گەڵ کێشەیی بێ سەرپەرەستی ڕووبەڕوو بنەوە، شۆڕە ژنی گەنج و هەڵکەوتوویی کورد سەلما خانم کچی حەبیبوڵڵا خان کە لە مێژ نابێ لە گەڵ یەکێک لە گەورە پیاوانی چڕۆسانە یان دڕۆیی ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە بەڵام بۆ ئەوەیی کە بتوانێ کاریگەری نەرێنی دۆخەکە لە سەر کۆمەڵگا بگۆڕێ و کێشە بۆ ئەو ژنانە یان منداڵانە دروست نەبێ لە مێردەکەی جیا دەبێتەوەو لە باوەجانی تا جوانڕۆ سەرپەرشتی هەمووان دەگرێتە ئەستۆ و هەوڵدەدات تا بێ جیاوازی کێشەیی زۆربەی ئەو شێوە بنەماڵانە چارەسەر بکات، یانی کێشەیی زۆربەیی هەرە زۆری ئەوانەیی کە بەهۆکاری شەڕەوە یان هۆکاری سرووشتییەوە لە گەڵ کێشە ڕووبەڕوو بوونەتەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر کردەوە، ئەوانەش کە کەسێکی وەها جێگای بڕوایان نابێ لای خۆی دەبن و شوێنێکیان لە نێوان خانەشوور و لوشە لە ژێر چاودێری ڕاستەو خۆ خۆیدا بۆ دابین دەکات، ساڵی ١٩٣١ کە ڕەزا شا بە سیاسەت دەتوانێ کەسایەتییەکانی ناوچەکە دەستبەسەر بکات یەکێک لە براکانی بەناوی سلێمان بەگ کە ماڵی لە سەفی ئاوایی جوانڕۆ دەبێ دەستبەسەری دەکەن و هاوژینی کە کچی شیخ سمایلی خانەشوور و ڕەیان خانمی هۆزی عالی بووە وێرای هەبوونی کچێکی منداڵ لەو کاتەدا چەند مانگە حامیلە دەبێ کە ماوەیەکی کورت دوای گێرانی مێردەکەی منداڵەکەی دێنێتە دونیاوە بەڵام بۆ خۆی دەمرێت، ئەمە هۆکار دەبێت تا سەلما خانم ماڵی هەتیو لە ناوەندەوە لە لوشەو خانەشوور بگوازێتەوە بۆ سەفی ئاواو ماڵ و دیوەخانەکەی سلێمان بەگی برای بکات بە ماڵی هەتیو.

ژنانی کورد کە مەسەلەیی فێمینیزم بۆیان گرنەگەو پێیانوایە کە لە گەڵ کۆمەڵگای پێشکەوتوویی ئیستاکەدا بابەتە فێمینیستییەکان دەبەنە پێش خۆزگە ئەو ئیمکانەیان هەبووایە تا لە سەر دوو بواری کاری ئەو ژنە تێکۆشەرو سەربەرزەیی کۆمەڵگای نزیک بە سەد (١١٠) ساڵی پێش لە گەڵ شێوەی کاری ئەو لە ئاست ڕێبەرایەتی و پەروەردە لە هەمانکاتدا شێوەی پێکەوە بەستنەوەی میکانیزمەکانی بواری یاسای یاسایی و یاسا نۆرمییەکانی کۆمەڵگا لێکۆڵینەوەیان کردبا تا وێرای بەدەستهێنانی ئەزموون ئاگاداری ئەوە بووان کە چۆن وەها سەرکەوتوانە توانیویەتی واقعیەتێک لەو سەردەمەدا بێ پێکدادانی کۆمەڵایەتی بسەڵمێنێ، ئیستاش ئەگەر لە بەتەمەنەکانی جوانڕۆیی لەو ژنە سەربەرزە بەپرسی باست بۆ دەکەن، بەکورتی سەلما خانم ژیانی تایبەتی خۆی فیدای پەروەردەو پێڕاگەیشتن بە منداڵی بێ سەرپەرەشتی کۆمەڵگاو بارهێناندا کردەوەو ٩٢ ساڵی پێش بەشێوەی بەربەڵاو ماڵی هەتیوی داناو بە دەیان مڕۆڤی لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا پێگەیاندەوە کە ئیستاکەش هەر باسی هەیە، من هێندێک لەو کچە هەتیوانە کە پێوەندی خزمایەتییان لە گەڵم هەیە دەناسم کە لێرە ناویان دێنم و هەرکەسێکیش پێی خۆش دەتوانێ پرسیار بکات بزانێ ئەم ژنانە چۆن پەروەردە کران کە هەرکامەو ڕێبەرێکی هەڵکەوتوو سەردەمی خۆیان بوون، ئەم چەند ژنە کە من ناویان دێنم لەو ماڵەیی هەتیودا گەورە بوون، حاجی خۆرشید خانم کچی حەمەتەقی بەگ، زێوا خانم کە ماڵی لە کەلاوە لە مایدەشت بوو، ڕەعنا خانم هاوژینی قادر بەگ کوڕی وەکیلی جوانڕۆ، حاجی عەتیە کچی سلێمان بەگ هاوژینی سەید قادر نەعلەنی لە وڕماوەیی مایدەشت، ئاهو خانم و حەمیدە خانمی خوشکی لە کچانی ئەوڵا بەگ.

هەموو ئەم ژنانە ئاستیان بەرزو لە بواری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی جێگای شانازی و ڕێزی کۆمەڵگا بووەن بەڵام چوار کەسیان کە بریتی بوون لە خۆرشید خانم، ڕەعنا خانم، زێوا خانم و عەتیە خانم هەرکام دەیانتوانی کۆمەڵگایەک ڕابەری بکەن و کەسایەتێیەکانی ڕابردوو  وێرای ڕێز حسابیان لە سەر دەکردن، تەنانەت بەرپرسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی حکومەتی کۆمەڵگا لە ناوچەکانی ئەوان زۆر بە وردبینی و ڕێزەوە لە گەڵیان دەچوڵانەوە، من ئەم چەند ژنە سەربەرز و نەتەوەییانەم بیناوەو پێوەندی باشم لە گەڵیان هەبووە چونکە بابی منیش یەکێک لەو هەتیوانەو لە گەڵ ئەوان گەورە بوو، خۆرشید خانم بە سواری ئەسپ نیشانەیان بۆ دادەنا و لە پڕی تاودا بە دەمانچە نیشانەکانی دەشکاند، ئەو هەتیوخانە لەو سەردەمەدا زۆر کاریگەریی لە کۆمەڵگای ئەو کاتی و داهاتوویی ناوچەکەدا هەبوو.

نزیک بە ٦٣ ساڵی پێش تاقمێک گەنج لە جافەکانی جوانڕۆ بە ڕابەرایەتی کەسێک کە لە باشووردا بە عەنووەر باوەجانی (ئەنووەر بەگ کوڕی جەهابگیر بەگ یانی نەوەیی حەبیبوڵڵا خان) دەناسرا بەمەبەستی دروستکردنی حیزبێکی نەتەوەیی گەڕانەوە ناوچەکە، ئەو تاقمە نزیک بە بیست کەس دەبوون کە دوو کەسیان بریتی بوون لە حامید بەگ کوڕی محەممەدتاهیر بەگ و محەممەدی برای، ئەو سەردەمە کە ئەوان گەڕانەوە سەردەمی کێشەی باوەجانی قەڵخانی بوو، هەموو جەماعەتەکە لە باوەجانی و بگزادەکانی باوەجانی بوون ئەمە هۆکارێک دەبێت تا لە گەڵ کێشەی عەشیرەتی تێکەڵ بن و نەتوانن خۆ لە کێشەکە دەرباز بکەن یان هەوڵی چارەسەریی لەباری بۆ بدەن، لە کۆتایی دا هێندێکیان ڕانی (گەلە) باوەکۆسە دەبەن و دەگەڕێنەوە، پێش لە ڕۆیشتن بۆ ناوچەی باوەجانی لە ناراو تفنگێکی تەیارەشکێنی حکومەتی مستەفا خانی دووهەم کە لای عەلی ئەمینی باوەخان دەبێ زەوت دەکەن، بردنی ڕانی باوەکۆسە کە سەربە ئایینی یاریی دەبن هۆکارێک دەبێ تا لە کاتی گەڕانەوەدا پرشوبڵاو بن، ئەنووەر بەگ لە پارتی دێموکراتدا دەبێ بە بەرپرسی ناوچەیی گەرمیان (کەرکوک) و دوای زۆر شەڕی قارەمانانە شەهید دەبێت کە تا چەند ساڵی پێش ناوی عەنووەر باوەجانی وێردی زمانی بەتەمەنەکانی ناوچەکە بووە.

دوای ئەم ڕووداوانە هەروەک بۆ خۆتان دەزانن لە کاتی شۆڕشی سالێ ١٩٧٨ لە وڵاتی ئێراندا حامیدو محەممەدی برای لە گەڵ چەند کەس لە تێکۆشەرانی مێژینە کە بەشێکیان لە هەمان گەنجانێک بوون کە نزیک بە ٦٣ ساڵی پێش گەڕانەوە تا حیزب دروست بکەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، حامید بەڕاستی لە بەرژەوەندی نەتەوەیی دا دەجوڵایەوە بەڵام سەرنەکەوت، سەرنەکەوتنی حامید لەو سەردەمەدا چەند هۆکاری هەبوو، کە هێندێکیان بریتی بوون لە پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێندێک ڕێکخراوەیی سیاسی لە گەڵ هەڵەیی خۆیان کە دەتوانن زانیاری زیاتر لە کتێبی کورتەیی بیرەوەرییەکانم بەدەست بێنن.

گەڕانەوە بۆ ئامانجی باسەکە: مەبەستم لەم باسە پڕ لە کەندوکۆسپە بەزۆری ئەوەیی کە هەرکەسێک کە ڕابردووانی خۆی نەناسێ ناتوانێ بەشێوەی ئاسایی لە هەڵکێش و داکێشەکانی (معادلات) کۆمەڵگادا سەرکەوتوو بێ، هەرکەس کە ڕابردوویەکی باشی هەبێ و بەگوێرەی ئیمکان بەردەوامی نەدات یان بە ئامانجی بەرژەوەندی نازانستییانە سوودی لێوەرگرێ بەرهەمەکەی شکستە، لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا ڕۆژێک شەهید محموود کادری بەوەجەو نەتەوەیی حیزبی دێموکراتم بینی کە عاجز بەرچاو دەکەوت، پرسیارم کرد بۆ عاجزی وتی لێمگەڕێ با هەر بۆخۆم بزانم، بەکورتی وتی ئەمڕۆ نزیک بە سێ سەعات باسی سیاسی و نەتەوایەتیم کردەوە بۆ یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەی خۆمان (باوەجانی) کە لە کۆتایی دا وتوویەتی برا بەخوا چونکە کەسێکی فڵان ناوچەت لە گەڵ نییە ناتوانم قسەکانت وەرگرم، ناوی ئەو کەسەم لە باسێکدا لە کتێبی کورتەیی بیرەوەرییەکانم یان بۆچوون و ڕەخنەدا هێناوە.

زانایانی بواری دەروونی مڕۆڤیان دابەشکردەوە بە سەر چەند تاقمدا کە من تەنها باسی بۆچوونی یەک زانا دەکەم کە مرۆڤی دابەشکردەوە بە سەر چوار تاقمدا، ئەوانەیی کە دەڵێین “من هەم تۆ نیت، ئەوانەیی کە دەڵێین تۆ هەیت و من نیم، ئەوانەیی کە دەڵێین نە من هەم نەتۆ، ئەوانەیی کە دەڵێین من هەم و تۆش هەیت” مەبەستی ئەم زانا تەنها تاکەکەس نییە، بەزۆری باس لە هزری کۆمەڵگایە یان شێوەی هەڵسەنگاندنی ئێمەیە، بێشک خراپ ترین تاقم ئەو تاقمەیی کە دەڵێت نە من هەم نەتۆ، هەروەها باشترین تاقم ئەو تاقمەیی کە دەڵێت من هەم و تۆش هەیت، ئەمە بەگشتی باسێکی زۆر هەڵدەگرێت کە لێرە ئیمکانی شیکردنەوەی نییە بەڵام ئەگەر چاو لە گێڕانەوەکەی شەهید محموود و وەڵانانی بابەتە گرنگ و مێژووییەکانی ناوچەکە بکەین بەو ئاکامە دەگەین کە ئێمە لەو تاقمەین کە دەڵێین من نیم و تۆ هەیت، بەڵام ئەم من نیم و تۆ هەیت تا ڕادەیەک بەردەوام دەبێ کە گوشاری لە سەر نەبێ یانی کاتێک کە گوشاری بینی بەتەواویی بەلای نەرێنی دا دەکەوێت و هەموو شتێک وەلا دەنێت، ئەمە شێوە بیرکردنەوەیەکی نەرێنییە بەڵام هەروەک وتم لێرە ئیمکانی شیکردنەوەیی زیاتر نییە، هێندێک کەس بۆ وەلانانی کەسانی ناودار لە هێندێک تیئۆری وارداتی وەک ئەوەیی کە دەڵێین چونکە هێندێک شۆڕش لە لایەن ئاغا، شێخ و مەلاوە بەڕێوە چووە دەبێت وەلا نرێن، یەکەم وێرای ئەوەیی کە ئەو دەسەڵاتە لە لایەن کەسێکەوە بەناوی حەبیبوڵڵاخان بناغەی دانراوە بەڵام ئامانجەکەی نەتەوەیی و دوای مەرگی مستەفاخان (مسعودالسلطنە) بەکارتێکردنی نەیاران گەڕاوەتەوە بۆ سەر سیستەمی دەرەبەگایەتی، دووهەم با چاو لە مێژووی کوردستان بکەین بزانین چەند شێخ، مەلا و ئاغا ڕێبەرایەتی شۆڕشیان کردەوەو ئەم سێ تاقمە چەندە کاریگەریان لە سەر بوارە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەیی هەبووە!، جا خۆ ئەگەر ئەمانە لە مێژوو بسڕینەوە کورد لە باری مێژووییەوە دەگاتە نزیک سفرو ئەوانەش کە بیری نەرێینی بڵاو دەکەنەوە بۆ خۆیان تەنها پارێزەری بەرژەوەندی خۆیان یان کەسانی دیکەن یان هیچ شارەزاییان لە سەر بواری مێژووی یاسای کۆمەڵگا نییە. لێرە کورتی دەکەمەوەو لە ڕووانگەی خۆمەوە دەڵێم ئەو حکومەتەو ڕێبەرانی مڵکی گەلی کورد بەگشتی و خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتین کە وەلانانیان باس لە کەموکوڕیمان دەکات چونکە ناوچەکە بەگشتی و خانەشوور بەتایبەتی مەڵبەندی زۆر شۆڕە سواری مێژوو بووە. ئیستاش میراتگری هەموو ئەمانە لاوانی شۆڕشگێڕو نەتەوەیی ناوچەکەن، چاو لە ویدیوی ئەو کچە لاوە لە سەر دیواری فەیسبووکی من بکە بزانە چۆن بەدەستی خاڵی هێڕش دەبات بۆ داگیرکار لە جوانڕۆدا.

تێبینی: پێش لەوەیی بە ناوچەگەراو عەشیرە تاوانبارم بکەیت باشتروایە ئاگاداربی کە مەبەست لەم باسە گێڕانەوەیی هزری خوێنەرە بۆ بابەتێکی نەتەوەیی کە جیلێکی گەنج لە ناوچەیەک خاوەنین بەڵام بەشێوەی کۆنکرێت ئاگاداری نین، لە هەمانکاتدا دەتوانی لە خۆت بەپرسی بۆ دەبێ باسێکی وەها گرنگ بە پارچەیەکی ڕەش داپۆشرێ، بەگشتی مەبەستم لەم گێڕانەوە بوژانەوەیی هەستی بەرزی نەتەوەیی، بە چەند شیعر لە مامۆستا هێمن کۆتایی بەم باسە دەهێنم. سەرکەوتووبن

چ ناپیاون ئەوانەی سوودپەرستن… دژی خاوەن دڵی شەیدا دەوەستن.

چ سپڵەن ئەو سەگانەی گورگەمێشن… کەلاک بۆ گورگی برسی ڕادەکێشن.

ئەگەر خوێڕی نەکا میللەت فرۆشی… لە خۆی نابینێ زاڵم خێر و خۆشی.                                                                             

……………………………………………………………………………………………………………..

وێرای کتێبە مێژووییەکان سەرچاوە زارەکییەکانی ئەم باسە بریتین لە: جەهابەخش خان کوڕی حەبیبوڵڵا خان لە گەڵ حوسێن بەگی کوڕی، ئەحمەد بەگ کوڕی مستەفا خانی گەورە لە گەڵ ئەمین بەگی کوڕی، سولتانی دووهەمی هەورامان ( سەرهەنگ محەممەد ئەمین بەگی لهۆنی) محەممەد بەگ کوڕێ مستەفا خانی گەورە، حەسەن بەگ کوڕی وەکیڵی جوانڕۆ و یەکێک لە فەرماندەکانی سێ شەڕی بەناوبانگی جوانڕۆ و جێگری ئامربەتالیون لە ڕیزی پارتیدا، شۆڕە ژنی کورد حاجی خۆرشید خانم کچی حەمەتەقی بەگی کوڕی حەبیبوڵڵا خان و براکەی عەزیز بەگ، محەممەد بەگ کوڕی نادر بەگ، کوێخا محەممەد ڕەشید کوڕی حاجی ئەوڕەحمانی هۆزی عالی، عەلی بەگ کوڕی حەمەساڵح بەگ، دەروێش جافرو هاوژینی بەگزاد خانم لە گەڵ بارام بەگ کوڕێ سلێمان بەگ و شۆڕە ژنە نەتەوەپەرست و بەتوان و لێهاتووکەیی خوشکی حاجی عەتییە خانم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی