ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱۱.۳.۲۰۲۳ لە لایەن کومیتەی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە ئوتریش و کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی ژن ئێوارە ئاهەنگێک بە بەشداری کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.
سەرەتا لە لایەن کاک حوسەین خاڵخاڵەوە پاش بە خێر هێنانی میوانانی ئاهەنگەکە، ڕیزی بەرنامەکە ڕاگەیندرا، پاشان سروودی نیشتمانی ئەی ڕقیب پێشکەش کرا و بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان خولەکێک بێ دەنگی ڕاگەیندرا
بە دوای ئەوەدا لە لایەن خاتوون بەهار هەمزەنیژادەوە پارچە شێعرێک خوێندرایەوە، پەیامی کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن دوکتور جەزا ساڵحی بەرپرسی کومیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش پێشکەش کرا، لە پەیامەکەدا سەرەڕای بە خێرهاتنی میوانان و پیرۆزبایی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنەوە کورتەیەک لە مێژووی چەوسانەوەی ژنان، مێژووی خەباتی ژنان بۆ دەستەبەر کردنی مافە زەوتکراوەکانیان، چۆنیەتی سەرهەڵدانی بیرۆکەی دیاری کردنی ڕۆژێک بۆ ژنان و داهێنەرانی وەها بیرۆکەیەک، شێوەی خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافی یەکسانی ، شوێن دانەری داب و نەریتە خێڵەکی و بیر و باوەڕە ئائینی یەکان لە سەر بەردەوامی چەوساندنەوەی ژنان و شێوە جۆراوجۆرەکانی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگا ئیسلامی و خێڵەکی یەکاندا باسی لێوە کرا، لە کۆتایی پەیامەکەشدا ئاماژە بە کۆچی دوایی خاتوون نەسرین قاسملوو هاوژێنی شەهید دوکتور قاسملوو و خەمخۆری ئەو بۆ دۆزی ڕەوای کورد بە درێژایی تەمەنی خۆی لە ساڵی ۱۹٥۱ وە تا کاتی کۆچی دوایی کرا و سەرەڕای سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و میوانان، ئاماژەش بە کتێبەکەی خاتوون نەسرین لە ژێر ناونیشانی ” ئورووپایی یەک لە وڵاتی کورداندا” کرا و خوێندەوەی کتێبەکەش وەک ئەمەگناسی یەک بەرانبەر بە خەمخۆری ئەو بۆ دۆزی ڕەوای کورد بە بەشداران پێشنیار کرا.
پاشان ئێوارە خوانێک کە لە لایەن بنەماڵەکانەوە ئامادە کرابوو نۆش کرا و پاشان خاتوون بەهار هەمزەنیژاد پەیامی کومیتەی ئوتریشی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی پێشکەش کرد، بەهار خاتوون سەرەڕای پیرۆزبایی لە بەشداران بابەتێکی لە سەر چەوساندنەوەی ژنان، پێویستی پاڵپشتی پیاوان لە ژنان و لێک گرێ دانی خەباتی ژنان و پیاوان پێکەوە بە مەبەستی هەر چی زووتر دابین کردنی مافی ژنان پێشکەش کرد و هەروەها داوای لە ژنانی میوان کرد کە بێنە ڕیزی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان و هەموو دەست بدەنە دەستی یەکتری و بەردەوامی بە خەبات بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان بدەن . ئاهەنگەکە لە سەعاتی ۱۰ی شەو بە سوپاس لە بەشداران و پێشکەش کردنی چەپکە گوڵێکی کومیتەی حیزب لە لایەن کاک حوسەین خاڵخاڵەوە بە خاتوون بەهار هەمزەنیژاد کۆتایی پێ هات
لە لایەن کومیتەی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە ئوتریش و کومیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سوپاسی بەشداران و بە تایبەت هەموو ئەوانەی دەکەین کە بۆ بەڕێوە چوونی ئاهەنگەکە یارەمەتی دەرمان بوون
یەکیەتی ژنانی دیموکراتی دیموکراتی کوردستان کومیتەی ئوتریش
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش