"an independent online kurdish website

ئاشکرا کردنی وتووێژی کاربەدەستانی باڵای ڕژیمی ئێران سەبارەت بە ڕووخانی ناوخۆیی لە حکوومەت و نیازی هێرشکردنەسەر نووسینگەی خامنەیی

بەپێی بەڵگەنامەیەکی نهێنی، لە دیداری بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بە ئامادەبوونی عەلی خامنەیی، فەرماندەکانی سپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای ڕژیم باسیان لە داڕمانی هێزەکانی ناو حکوومەت کردووە، هەروەها فەرماندەی (خاتم الانبیا) ڕای گەیاند کە پلانی هێرشی تۆپخانەیی بۆ سەر نووسینگەی خامنەیی پووچەڵ کراوەتەوە.

بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە کە لە ڕێکەوتی 03-01-2023 بەڕێوە چوو، فرۆشتنی زانیاری لەلایەن هێزەکانی سوپای قودسەوە بە ئیسرائیل یەکێکی تر لەو پرسانە بوو کە لەم کۆبوونەوەیەدا خرایە ڕوو. لە کۆتاییی ئەم دیدارەدا، خامنەیی وتارێکیشی بۆ فەرماندەکان پێشکەش کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی بەڵگەنامەی ئەم دیداره نهێنییە فەرمانده باڵاکانی سپای پاسداران و کاربەدەستانی ئەمنی له نووسینگەی خامنەیی، دانیان به زیانی قورسی هێزەکانی ناو سپای پاسداران و بەسیجدا ناوه و ڕایان گەیاند که زۆر ئەستەم بووەتەوه ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕابگرن و ئەگەری داڕمانیش لە ئارادایە.

غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی بنکەی ناوەندیی (خاتم الانبیا) لەم دیدارەدا، ڕای گەیاند: “لەگەڵ ناڕەزایەتییە گشتییەکان 3 جار بە نافەرمانی لە دەستوور و کردەوەی ئارەزوومەندانەدا تێ پەڕیوین، ئەمەش بە واتای هەوڵدان بۆ هێرشی تۆپباران بووە”. ئامانجەکانیش تاران، و کەیسێک لەو شوێنانە ماڵەکەی خامنەیی وەک ئامانجی تۆپخانەکان بوون. ڕەشید ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پلانانە پووچەڵ کراونەتەوە و ئەو کەسانە دەستبەسەر کراون.

لەم دیدارەدا مەحموود محەممەدی شاهرودی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیجی قوتابییان و پیاوانی ئایینی ڕای گەیاند و وتی: “سەرەڕای بوونی دوو پاسەوان”، عەمامەکەمیان لەو ئۆتۆمبێلەی کە سواری بووم، لە سەرم دەرهێناوە و فڕێیان داوەتە ناو ئاوەوە.

عەبدوڵڵای حاجی سادقی، نوێنەری خامنەیی لە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لەم دیدارەدا دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعات وتووێژێکی هەبووە و وتی کە هەندێک لە دەسەڵاتداران و ئاخوند و پیاوانی باڵای ئایینی “بوێرن” و تا ڕادەیەک سووکایەتی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکەن. ناوبراو داڕمانی هێزەکانی سپای پاسداران و لایەنگرانی حکوومەتی پشتڕاست کردەوە و دەشڵێت: “دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵات ڕاپۆرتی زۆریان بڵاو کردووەتەوە، کە داڕمانی هێزەکانی سوپای پاسداران و لایەنگرانی حکوومەتی لە 12% دەست پێ دەکات تا 68%”.

لەم دیدارەدا حەسەن خورشیدی، فەرماندەی سپای کەرەج، هەروەها ڕای گەیاند کە “لەم دواییانەدا لە ڕاپەڕینی خەڵک، سەرنجمان داوە کە سەربازەکان هەوڵ و هاوکارییان بە خەڵک گەیاندووە”.

بەپێی ئەم بەڵگەنامە نهێنییه ژمارەیەکی زۆر له فەرماندەکانی سپای پاسداران لەم دیدارەدا ڕایان گەیاندووه که وڵات له بەردەم کێشەی ئابووریی تونددایه و چارەسەرکردنیشی له دەرەوەی دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەییسی سەرۆکی حکوومەتە. بە وتەی ئەوان، ئەندامانی بنەماڵەی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی خەڵک دەستبەسەر کرابوون.

فەرماندەکانی سپای پاسداران لە پارێزگاکان هەروەها لە دیدار لەگەڵ خامنەیی ڕایان گەیاند کە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی وڵات کاریگەریی خۆیانیان لەدەست داوە، چونکە زانیارییە نهێنییەکان بەئاسانی دزە پێ دەکرێن.

مەرگ و نەمانی خامنەیی و ڕژیمەکەی نزیک بووەتەوە و بەم زووانە جیهان لەم دیکتاتۆرە و دەسەڵاتەکەی ڕزگاری دەبێت.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

 Edris Hashemi

سوید/ 19-03-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی