جێژنی نەورۆزی ژینا لە هەوایەکی سارد و بارانیدا، لە Norabantoget لە ستۆکهۆڵم، سوید .
ساڵە نەڵۆسی
ئێرە کلیک بکەن ، بۆ وێنەکان لە ئاڵبۆمی سایت
چالاکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی پیرۆز کردنی نەورۆزی ژینا لە شاری “ستوکهۆڵم”ی پێتەختی سوید!
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ی کوردی، بەرانبەر بە ١٨ی مارسی ٢٠٢٣ی زایینی، لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید و سەرەڕای بارودۆخی خراپی کەش و هەوا، ڕێوڕەسمی پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێ بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، بە پێشکەشکردنی چالاکییەکی تایبەت و کەم وێنە بە نێوی “کەرنەڤاڵی سوورپۆشانی ڕۆژهەڵات”، گوڕ و تینێکی زیاتریان بەخشییە ڕێوڕەسمەکە و سەرنجی بەشداربووان و خەڵکانی بیانی دەوروبەری بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
لەو ڕێوڕەسمەدا ژنان و کچان، بە جلوبەرگی کوردی سوور و جامانە لە مل و بە هەڵگرتنی مەشخەڵ و پۆستەر و هاوکات لەگەڵ ئاوازە و بانگی سروودی نەورۆز، بە ڕێپێوانێکی جوان و هێمنانە پەیامی خۆیان گەیاندە جیهان و پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و ڕاپەڕینی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی دووپات کردەوە و بە تێکڕا هاواریان کرد: “ژینا”یەکتان لێ ئەستاندین، ئەمڕۆ هەرهەموومان “ژینا”ین. جلی سوورمان ئاگری شۆڕشە، جامانەی ملمان پشتیوانیمانە لە پێشمەرگە، مەشخەڵی دەستمان هێمای نەورۆز و سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا و پۆستەری دەستمان پشتیوانیمانە لە شۆڕشی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی سوید