"an independent online kurdish website

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩.٣.٢٠٢٣ لەلاین ڕەوەندی کوردییەوە لە ئوتریش ئاهەنگێک بە بۆنەی پیرۆز کردنی جێژنی نەورۆز لە قەراغ ئاوی دانووب  لە شاری ویەن وبە بەشداری کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو.

سەرەتا لە لایەن کاک حوسەین خاڵخاڵەوە بەڕێوەبەری ئاهەنگەکە بە خێر هاتنی بەشدارانی ئاهەنگەکە کرا و بە بۆنەی جێژنی نەورۆز پیرۆبایی لە میوانان کرد، پاشان سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا و بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان خولەکێک بێ دەنگی ڕاگەیەندرا

پاشان لە لایەن کاک موحەممەدشەریف ناسراو بە بابی ئاریەوە کە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئاهەنگەکەش بوو پاش بە خێر هێنانی میوانەکان وتارێک بە زاراوەی کرمانجی پێشکەش کرا، لە وتارەکەیدا بابی ئاری پاش پیرۆزبایی جێژنی نەورۆزلە میوانەکان  ئاماژەی بە میژووی جێژنی نەورۆز، مانا و گرینگی جێژنی نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان و کەسایەتی قازی موحەممەد ومەلا موستەفا بارزانی کرد و ساڵێکی پڕ لە بەختەوەری بۆ خەڵکی کوردستان بە ئاوات خواست

پاشان لە لایەن کاک موحەممەد فەقێ عەلی یەوە وتارێک بە زاراوەی سۆرانی پێشکەش کرا ، کاک موحەممەد لە وتارەکەیدا سەرەڕای بە خێر هاتن و پیرۆزبایی لە بەشدارانی ئاهەنگی نەورۆز بە درێژی سەبارەت بە جوانی و ڕازاوەیی سرووشت لە بەهاردا ، فەلسەفەی دیاری کردنی جێژنی نەورۆز، جوغرافیای ئەو ناوچەیە کە جێژنی نەورۆزی تێدا بەڕێوە دەچێت و هەروەها هەوڵی سڕێنەوە و بەتاڵ کردنەوەی ناوەرۆکی نەورۆز و پچڕاندنی پێوەندی نێوان کورد و نەورۆز لە لایەن دەسەڵاتە سیاسی و ئائینی یەکانی داگیرکەری کوردستانەوە هاتە سەر باسی چۆنیەتی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا و لەو پێوەندیەدا ئاماژەی بە نەورۆزی جامەدانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وبە هێزبوونی هەستی بەربەرەکانی داگیرکەر لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و دەربڕینی پاڵپشتی لەو ڕێگایەوە بۆ پێشمەرگە کرد. پاشان کاک موحەممەد ئاماژەی بە نەورۆزی ئەمساڵ واتە نەورۆزی ژینا و ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە بەشداری خەڵکی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵدا کرد و نەورۆزی ئەمساڵی لە بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی شۆڕشی ژینا،برینداران،بەندکراوانی سیاسی و خەڵکی کوردستان بە گشتی پیرۆزبایی کرد وئێوارەیەکی خۆشی بۆ بەشداران بە ئاوات خواست

لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا هەموو بەشداران لە شوێنێک کە بۆ هەڵکرانی ئاگری نەورۆز ئامادە کرابوو کۆ بوونەوە ، لە لایەن دوو کەسەوە ئاگری نەورۆزی پێرۆزهەڵ کرا و بەشداران هەمووپێکەوە وبە دەوری ئاگرەکەدا و بە یەک دەنگ سروودی ساڵی تازەیە نەورۆزەیان دەگوتەوە و بەو شێوەیە تێکەڵاوێک لە گڕ و تیشکی ئاگری نەورۆز و جلی ئاڵا و واڵا و ڕەنگاوڕەنگی کوردی وشەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە سەر ئاگرەکە و خەڵکدا دیمەنێکی جوان وڕازاوەی لە ئێوارە ساتێکی دوورگەی دانووب ساز کردبوو

شایانی باسە لە ئاهەنگەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەیەکی گەورەی ژینا ، ڕەمزی شۆڕشی نوێ بە پەل و پۆی داری سەر شوێنەکەدا هەڵواسرابوون ، بەم شێوەیە بەشدارانی ئاهەنگی نەورۆز لە وڵاتی ئوتریش بە هەڵپەڕکێ ،  گۆوەند و گۆرانی کوردی بۆ ماوەی چەند سەعاتێک نەورۆزی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردییان پێرۆز کرد ولە سەعات ٧ی ئێوارە کۆتایی یان بە ئاهەنگەکە هێنا

لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئاهەنگی نەورۆزەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە بەڕێوە بردنی ئاهەنگەکەدا یارمەتیدەربوون و لەم پێوەندیەدا  بە تایبەت سوپاسی کاک غوڵام لە کومیتەی یارسان و کاک عارف  یاریدەدەری بەشێ ڕاگەیاندنی کومیتەی حیزب لە ئوتریش دەکەین و ساڵێکی خۆش بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە ئاوات ئەخوازین و هیوادارین ساڵی داهاتوو ساڵێ ڕزگاری کوردستان لە ژێردەستی و کورد لە چەوسانەوە بێت

ڕەوەندی کوردی لە ئوتریش

١٩.٣.٢٠٢٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی