"an independent online kurdish website

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئۆتریش، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی “محەممەد فەقێ عەلی”، بەرپرسی پەیوەندییە نێوەنەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ژینا لە پارلمان بەشدارییان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨.٣.٢٠٢٣ ولە سەر بانگێشتنی ڕەسمی فراکسیونی حیزبی سوسیالدیموکراتی ئوتریش، هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی محەممەدی فەقێ عەلی بەرپرسی بەشی پێوەندیە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش ، بەشداری لە باس و وتوو و وێژێکدا کرد کە لە لایەن فراکسیۆنی پارلمانتارانی حیزبی سۆسیالدیموکراتی ئوتریشەوە و لە ناو سالۆنێکی پارلماندا ڕێکخرابوو

هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەشی پێوەندیە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش پێک هاتبوو لە بەڕێزان د. جەزا ساڵحی بەرپرسی کومیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش ، مونیرە نیگەهدار بەرپرسی بەشی پێوەندی لە گەل ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانیەکان، مریەم حەکیمزادە ئەندامی دێرینی حیزب و هەروەها د.فرۆد حەیدەری دۆستی حیزب و بەرپرسی ڕێکخراوی کوردی یارسان لە وڵاتی ئوتریش

لەم یادە نەورۆزیەدا کە لە پرۆگرامێکی بە تەواوی سیاسی پێک هاتبوو، سەرەتا لە لایەن خاتوون ئاڤا فەرەجپووری ئەندامی شوورای شاری ویەن سەر بە حیزبی سوسیالدیموکراتی ئوتریش باسێکی کورت پێشکەش کرا، خاتوون ئاڤا وێرای بە خێرهاتن کردنی بەشداران ، ئاماژەی بە گرینگی ڕێکخستنی جێژنی نەورۆز، نەورۆزی ژینا لە پارلمانی ئوتریش کرد و هیوای یەکدەنگی و یەکگرتوویی بۆ گەلانی ئێران خواست بۆ ئەوەی بتوانن بە هێزی هاوبەشیان هەرچی زووترهەل و مەرجی ڕووخانی  کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن،  کۆماری ئیسلامی بۆ ناو زبڵدانی مێژوو و گەلانی ئێران بەرەو ئازادی و گەیشتن بە مانە ئینسانی و مرۆڤیەکانیان پاڵ پێوە بنێن

پاشان د. هاراڵد ترۆخ ئەندام پارلمانی ئوتریش لە سەر لیستی سوسیالدیموکراتەکان باسێکی کورتی ئاراستەی بەشداران کرد. لە باسەکەیدا د.هاراڵد باسی لە گرینگی یەکگرتوویی و یەکڕیزی ئێرانیەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ ڕاکێشانی سرنجی هەرچی زیاتری  کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لای خۆیان و پاڵپشتی لە شۆڕشی ژینا کرد . بەشێکی تری باسەکەی د.هاراڵد ئاماژە بوو بۆ هەلپەرەستی و ترسی کاربە دەستانی وڵاتی ئوتریش و بە تایبەت وەزیری دەرەوەی ئوتریش و خۆبواردن لە گرتنی هەڵویست لە پێوەندی لە گەل ئەو باسانەی کە پێوەندییان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە

پاشان خاتوون ئێڤا ماریا هۆلتزلایتنەرئەندام پارلمان لە سەر لیستی سۆسیالدیموکراتەکان باسی لە چۆنیەتی پشتیوانی و پشتگیری خۆپیشاندانەکان لە وڵاتی ئوتریش کرد وبە تایبەت ئاماژەی بە وەزعی منداڵان و ژنان کرد کە لە چوارچێوەی کار و تێکۆشانی ئەو لە ناو پارلمانی ئوتریشدایە

بە دوای ئەودا نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سوپاس بە بۆنەی بانگێشتنیان بۆ بەشداری لە بەرنامەکەدا  دەستخۆشی لە پێکهێنەران و بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە کرد، نوێنەری حیزب هەروەها لە قسەکانیدا ئاماژەی  بەوە کرد کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیی یە و پێویستە سیاسیەکانی وڵاتی ئوتریش ئەوە لە بەرچاو بگرن وکە باس لە سەر ئێران دەکەن دەبێ فرەنەتەوەیی بوونی ئێران لە وتارەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە، لە درێژەی وتەکانیدا نوێنەری حیزب باسی لەوە کرد کە خەڵکی کوردستان لە داهاتوودا ئێرانێکی دەوێت کە هەموو ماف و ئازادی یەکانی نەتەوەکانی ناو جوغرافیای ئێران لە بەرچاو بگرێت و دەستەبەری بکات ، ئەگەر لە ئێرانی داهاتوودا ماف و ئازادی نەتەوە و کەمینەکانی ئێران دەستەبەر نەکرێت ئەوە ئیدی نابێتە ئێرانی هەموان و دیسان مافی دانیشتوانی وڵات بە پێی پلەبەندییەکەیان دەبێت وکە وابوو پلە یەک دیسان خاوەن ماف دەبێت و پلە دووش وەک ڕابردوو ماف خوراو، ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە هەموو هێزمانەوە هەوڵی ئەوە دەدەین کە لە داهاتوودا لە ئێراندا  دیمووکراسی جێگیر بکرێت، دەسەڵات دابەش بکرێت،سیستمێکی سکوولار و فیدراڵی دابمەزرێت و هەموو نەتەوەکانی ناو جوغرافیای ئێران نوێنەرایەیی یان لە ناوەنددا هەبێت و لە دانی هەر چەشنە بڕێارێکدا کە پێوەندی بە ماف و دەسەڵاتەکانیانەوە هەیە شەریک و بەشداربن. کورد نایەوێت کە بەردەوام قامکی جیاوازیخوازی و دابەشکەری ئێرانی بۆ ڕابکێشرێت و بە بیانووی جیاوازیخوازی پەلامار بدرێت و مافە ئینسانی و ڕەواکانی زەوت و پێشێل بکرێت، مافی دانانی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکانی ناو جوغرافیای ئێران بەشێکە لە مافی مرۆڤ و دەبێ وەک مافی مرۆڤ چاوی لێ بکرێت و دەستەبەر بکرێت .دەبێ هەموان ڕێز لە زمان ، کولتوور و داب و نەریتە جیاوازەکان بگرن و بۆ پێشخستنیان هەوڵ بدەن تەنیا ئەو کاتەیە کە وڵاتی ئێران دەبێتە وڵاتی هەموان و هەموان خۆیان تێیدا دەبیننەوە وکە وابوو سرووشتیشە کە هەموان بۆ پێشخستنیشی هەوڵ بدەن و پێشکەوتنی بە پێشکەوتنی خۆیان بزانن

پاش وتەکانی نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران د.ترۆخ وێڕای ددان نان بە وتەکانی نوێنەری حیزب سوپاسی کرد بۆ ئەوەی ئاماژەی بە خاڵێکی گرینگ و  جێگای سرنج کردوە و ئەوانیش هەوڵ دەدەن لێرە بەدوا لە باس و بابەتەکانیاندا ئەو خاڵە لە بەرچاو بگرن و ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە ڕاستیەکی حاشا لێ نەکراوە وڕەخنەکە لە جێگای خۆیدایە

شایانی باسە کە وتەکانی نوێنەری حیزب لە لایەن هیچ کام لە ئێرانیەکانی بەشدار لە ڕێ و ڕەسمەکەدا وبە هیچ شێوەیەک بەرپەرچ نەدرایەوە و باس و بابەتەکانیان گشتی و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دا بوو، هەیئەتی حیزب هەروەها لە کاتی پشوودا لە گەل چەند نوێنەرێکی بەشدار لە ڕی و ڕەسمەکەدا کێشەی کورد و مافەکانی خەڵکی کوردستان هێنایە بەر باس و ئاڵ و گۆڕێ بیر و باوەڕیان کرد. ئێمە لە لایەن بەشی پێوەندیە نێونەتەوەیییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش سەرەڕای سوپاس لە نوێنەرانی پارلمانی حیزبی سوسیالدیموکراتی ئوتریش بۆ بانگێشتنەکەیان بە تایبەتیش سوپاسی خاتوون ئاڤا دەکەین بۆ دەوری گرینگی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بەرنامەکەدا

بەشی پێوەندیە نێونەتەوەیییەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش

٢٨.٣.٢٠٢٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی