"an independent online kurdish website

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی پڕۆژەی ئەمنیەتیی دەرمانداوکردنی قوتابییاندا، چەند جینایەتێکی دیکەی لە کوردستان بە تایبەت لە شاری سەقزدا خوڵقاند. پڕۆژەی عەمەلیاتیی ژارخواردووکردنی قوتابییان کە لە چوار مانگ لەوە پێشەوە دەستی پێ کردووە،

لەنێوان سیاسەتی حاشا یان بێدەنگیی کاربەدەستاندا و پاش کۆتایی‌هاتنی ڕۆژانی پشووی نەورۆزی، جارێکی دیکەش دەستی پێ کردەوە و ئەمڕۆ و دۆینێ لە شار و ناوچەکانی وەک سەقز و مەڕاغە بەردەوام بووە.

لە هێرشی شیمیایی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ٦ خوێندنگە لە شاری سەقز نیزیک بە ٥٠ قوتابی بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سڵامەتییان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، ئەوەش لە حاڵێک‌دایە کە “کارۆ پەشابادی”، قوتابیی تەمەن ١٦ساڵەی خەڵکی کامیاران کە لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵدا لە قوتابخانەیەک لە تاران ژارخواردوو کرابوو، پاش نیزیک بە سێ حەوتوو مانەوە لە نەخۆشخانەی “میلاد”، ڕۆژی هەینی، ١٨ی خاکەلێوە گیانی لەدەست دا.

لەگەڵ ئەوەدا کە سەعید کەریمی، جێگری کاروباری دەرمانیی وەزارەتی بێهداشت دانی بەوە داناوە کە لە ماوەی نیزیک بە چوار مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ هەزار قوتابیی کچ لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات بەهۆی هێرشی شیمیایی ڕێژیمەوە ژارخواردوو کراون و لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون؛ بەڵام هەتا ئێستاش هیچ لایەن و دامەزراوەیەکی کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوون لەمەڕ ئەو جینایەتانەی کراون و دەکرێن، وەڵامی دایباب و بنەماڵەی قوتابییان بدەنەوە و قەناعەتیان پێ بێنن. هەروەک چۆن ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی خاکەلێوە دوای ژارخواردووکردنی قوتابییان لە سەقز و کاتێک ئەندامانی بنەماڵەکانیان و بەشێک لە خەڵکی ئەو شارە داوای ڕوونکردنەوەیان لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد و سەبارەت بەو جینایەتە ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ دیسان وەڵامی کاربەدەستانی ڕێژیم هەروەک پێشوو سەرکوت و فیشەک بوو. 

ناوەندی هاوکاریی کوردستانی ئێران پێی وا نییە کە ئەو هێرشە شیمیاییانە وەک قەتڵە زنجیرەییەکان، بەشێک لە دەسەڵات و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی لەپشت بێت، یان ئەوەندە حیساب‌بۆکراو و پلانمەند جێبەجێ بووبن کە ناوەندە ئەمنیەتییەکان هێشتا نەیانتوابیت سەرەداوێکی لێ بدۆزنەوە؛ بەڵکوو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم سێناریۆ و پڕۆژە ئەمنییەتییانە تەواوەتیی دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتی لە پشتە و، ئامانج لەوەش پاشەکشەکردن بە شۆڕشی ژینا و بەرەنگاربوونەوەی قوورس لەدژی پەلداکوتانی زیاتری جووڵانەوەی ئێعترازیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە.

بۆ هەمووانیش ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانجی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو هەموو تاوان و جینایەتە تۆڵەکردنەوە لە کچان و لاوانی وڵاتە کە بە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕادیکاڵ و بەزاندنی هەموو هێڵەسوورەکانی ڕێژیم پێشەنگایەتیی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە دەکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی شەپۆلی نوێی جینایەتەکانی ڕێژیم لە دەرمانداوکردنی قوتابییان ڕادەگەیەنێ: ٤٤ ساڵ سەرکوت و زەبروزەنگ، ئەشکەنجە و گرتن، ئێعدام و کۆمەڵکوژی و جۆرەها سیناریۆ و سیاسەتی ژێنۆسایدی سیاسی و کولتووری و زمانی نەیتوانیوە و ناشتوانێت خەڵکی کوردستان لە پێوشوێن‌کەوتنی ماف و داواکانیان پاشگەز بکاتەوە؛ هەروەها خۆی بە پشتیوانی هەرچەشنە کردەیەکی بەرەنگارخوازانە و کاردانەوەی جۆراوجۆری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین و مەحکوومکردنی ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی دەزانێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەکەن بە لەبەرچاوگرتنی پێویستیی هەرچی زووتری دانانی کۆمیتەیەکی گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا هەم بڕیار بۆ ڕاگرتن و بەردەوامیی ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەڵکی مافخوازی ئێران بدات و هەم لایەنە شاراوەکانی ئەم سیناریۆ ئەمنیەتییە بۆ هەمووان ئاشکرا بکات.

بەدڵنیاییەوە شۆڕشی ژینا و باهۆزی گۆڕانخوازیی “ژن، ژیان، ئازادی” هەتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەیە و بە هیچ ناوەستێندرێت.

#ژن، ژیان، ئازادی

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ هەتاوی

#یەکشەممە_٢٠ی_خاکەلێوە_١٤٠٢

#ژن_ژیان_ئازادی

#ژینا_ئەمینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی