رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤.٦.٢٠٢٣ لە سەر بانگێشتنی ڕەسمی ناوەندی نەمسای یەکیەتی نیشتمانی کوردستان هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەر بە کومیتەی ئوتریش بەشداری لە یادی ٤٨ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کرد.
لە لایەن هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران کومیتەی ئوتریشەوە پەیامێک ئاراستەی ناوەندی نەمسای یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کرا، لە پەیامەکەدا سەرەڕای پیرۆزبایی لە ئەندام و لایەنگرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ئاماژە بە هەل و مەرجی ناسکی شۆڕش لە باشووری کوردستان لە سەردەمی دامەزرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و بەردەوامی دان بە خەبات تا ڕووخانی حکوومەتی عێراق و بەشداری چالاکانەی کورد لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و دامەزرانی کیانێک بۆ باشووری کوردستان کرابوو
لە پەیامەکەدا هەروەها ئاماژە بە خالێکی گەلێک گرینگ وەک پێویستی پارێزگاری لە سەروەری خاک و خەڵکی کوردستان و هەرلەم پێوەندیەشدا ئاماژە بە پێویستی پاراستنی یەکیەتی نێوان هێزە کوردستانیەکان و بەرگری لە دەست تێوەردانی داگیرکەرانی کوردستان لە کار و باری باشووری کوردستاندا کرابوو
هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش بە گەرمی لە لایەن ئەندامانی ناوەندی نەمسای یەکیەتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشوازیان لێ کرا و سوپاسی بەشداریان لە ڕێ و ڕەسمەکەدا کرا
ئێمەش جارێکی تر بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش سەرەڕای سوپاسی هەواڵانی ناوەندی نەمسای یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە بۆنەی یادی ٤٨ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانەوە پیرۆزبایی یان لێ دەکەین و سەرکەوتنیان لە کار و تێکۆشان لە پێناو خزمەت بە گەل و نیشتمان بۆ بە ئاوات دەخوازین
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش
٤.٦.٢٠٢٣