"an independent online kurdish website

ماوە ماوە كە جاشێك  دەمرێت بەهەر هۆكارێك بێت, منداڵاكانیان كە پێشتر هەندێكیان خۆیان وەك مرۆڤی سەردەمی و باش دەناساند, تەنانەت زۆریشیان ئۆپۆزسیۆنن,

دەكەونە پیاهەڵدان و پاككردنەوەو جوان نیشاندانی باوكیان, بەمەش خۆیان دەكەنە شەریكە بەشی تاوانەكانی باوك و كەسەكانیان, چونكە بەرگری لە تاوان بۆ خۆی تاوانە, هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تاوانیش تاوانە, چ لە روانگە یاسایی و روانگە ئەخلاقییەكەی وە چ وەك مێژوو و سیاسەتیش,  بەكاروانی دوورو درێژی زۆرو ئالای گەورەی كوردستانەوە لە گۆڕیان دەنێن,  لە كاتێدا مرۆڤە تیكۆشەرو رۆشنبیرەكان بە بێدەنگی و رووت و قوتی لە گۆڕ دەنرێن. لە ژیانم تەنها یەكێكم  بینییوە جیا بووە  باوكی جاشیش نەبوو, بەڵكە موختار بوو لە لایەن پێشمەرگەوە كوژرا, كوڕەكەی ئازایانە  زوو رایگەیاند باوكم تاوانبارەو كێشەم لە گەڵ لایەنی بكوژی باوكم نییە, تەنانەت چووە ڕیزی پارتی بكوژی باوكییەوە, پۆستی بالاشی وەرگرت, لەو بوارە نموونەی جوانی پێشكەش كرد,  كەچی  ئێستا  هەندێك حیزب و راگەیاندن تەنها پەلاماری ئەو دەدەن چاو لە هەموو نموونە ناشرینەكان دی دەپۆشن, بەمەش دەكەونە ناو تاوانە بە پاككردنەوەو جوانكردنیان.

سەرۆك جاشەكان هەموو بە خەفیفەو سەقیلەوە تاوانبارن, جارێ ئامر مەفرەزە خاسە هەموو بە ئیمتیاز تاوانبارن, دەرچوونی مەفرەزەی تایبەتی بۆخۆی پاداشتی تاوان بوو دەدرا بە تاوانباران و نۆكەران, كەس بە یانەسیب مەفرەزەی بۆ دەرنەچووە, بگرە جاشی مەفرەزە خاسەكانیش كەمیان هەیە نەگلابێتنە تاوانەوە, دیارە حەشاماتەكەی ژێرەوەی فەوجەكان كە نزیك 400000 كەسبوون ناڵێم, فەوجەكانیش بەرپرسانی سەرەوەیان  هەموو گلاونەتە تاوانەوە, لەوانەشە بەرامبەر حیزبێك یان كەسانێك هاوكارییان كردبێت, وەلێ بەرامبەر پارتی دیكەو لە ناوچەی دیكە تاوانیان كردووە, ئامری  فەوج و مەفرەزە نییە لە دوای رێكەوتی 8-9-1987  ەوە تا 6-9-1988و واتا بە درێژایی 363 رۆژ لەناو تاوانا نەبووبێت, ساڵ و مانگ و رۆژەكان دیكە باس ناكەم, نەبووە لەو ماوەیە بەردەوام بەشداری تاوانی نەكردبێت, ئەوە بڕیار بووە, بڕیاری بیرۆی باكووری پارتی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی ژمارە 5731, واتا بڕیاری عەلی حەسەن مەجید, كە ناوی مەجید هات, كەواتا پیاویان نەبووە جێبەجێی  نەكردبێت .

كاك  ئارێز داراپوور  تێكۆشەرێكی سنەییە, فەرماندەو  كۆنە چریك  و ئێستا دیموكراتە, جارێك سەرەتای دوو هەزارەكان داوای لێمكرد كەسێك كوڕی خاوەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری چەكی كیمیاوییە دەیەوێت بڕوات بۆ هەڵەبجەو داوای لێبوردن لە خەڵكەكەی بكات, بە داخەوە  رۆژی خۆی نەمانتوانی دەعوەتی بكەین و وەلامیشمان نەدرایەوە, لە كاتێدا نموونەیەی بالا بوو بۆ دان نان بە راستییەكان.

ئێستا لەم نموونە جوانەوە,  هەقی وایە بەچكە جاشەكان فێر بن و ئەزموونی لێوەربگرن ئەم رێگایە بگرنە بەر, داوای لێبوردن لە قوربانیان و خەڵك بكەن, لە پای تاوان و خیانەتی باوكیان, بزانن باوكیان بە كاروانی ئۆتۆمۆبێل و ئالای كوردستان لە سایەی دەسەلاتێكی بێكەرامەتدا لە تاوان پاك نابنەوە, جوان نیشاندانی باوكیان بەشدارییە لە تاوان, درێژە دانە بە تاوانی باوكیان.

 ئەوان بەرپرس نین لە تاوانی باوكیان, بەڵام هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تاوانەكای باوكیان و جوانكردنیان راستەوخۆ دەیانكاتە شەریكە بەشی تاوان, ئەمەش جۆرە جاشیەتییەكە بۆخۆی, چاكترە و رێگا دروستەكەی ئەوەیە خۆیان لە تاوان و مێژووی باوكیان پاك بكەنەوەو باوەڕ بە راستییەكان بهێنن كە باوكیان خیانەتكارو تاوانبار بوونە, نە لێبوردنی بەرەی كوردستانی, نە گەرمكردنی شەڕی ناوخۆیی, نە كاروانی دوورو درێژی پرسەكەرانی گۆڕستان , نە ئاڵا 10 هەزارییە چینییەكانی سەر تابووتەكانیان نایانشواتەوە لە تاوان و خیانەت, ئەوە خانەنشینییەكەشیان گەندەڵییەو لە دەرەوەی یاسای خانەنشینییە, چونكە ئەوەی رۆژێك جاشێتی كردبێت دووای پێشمەرگایەتی خانەنشینی نایگرێتەوە.  ئەوان  بە داكۆكیكردن لە باوكیان درێژە بە جاشێتی  و تاوان دەدەن و دەچنە سەر رێگاكەی باوكیان, ڤایرۆسی جاشێتی لە جەستەیان دەچێنن,  داكۆكیكردن لە تاوان هەوڵدان بۆ پەردە پۆشكردنی تاوان بۆ خۆی تاوانە و پێویستە سزای  بۆ دابندرێت و رێگای لێ بگرترێت, نەخوازەلا تۆمەت هۆنینەوەش بۆ شەهیدان و بەلارێدا بردنی  روداوەكان بۆ خۆی خیانەتە لە مێژوو و  هەیبەتی قوربانیدەران و ناشرینكردنی شەهیدان.

پێویستە یاسایەك دەربكرێت  بۆ تاوانباران, رێگا بگرێت لەوەی  جوان نیشان بدرێن وە قەدەغەی ئەوەش بكرێت ئالای كوردستان لە سەر گۆڕ و تابوتیان دابندرێت,  ئەگەر رێزی ئاڵاكەتان دەگرن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی