"an independent online kurdish website

🔵 فیلم پەیجی فەرمیی حدکا  و کاک عەزیز موراد پەرەست،  وێنەکان لە فەیسبووک وەرگیراوە

 

بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵێک لەژێر ناوی “ژن، ژیان، ئازادی” لە وڵاتی سوید

کەرنەڤاڵێک بۆ ڕێز گرتن و یادکردنەوە لە سێ کارەساتی تیرۆری میکۆنووس، مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و ساڵوەگەڕی شۆڕشی “ژینا” لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانان، لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان، ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی و کۆمەڵە کولتوورییەکانی هەر دوو وڵاتانی سوید و نوروێژ، بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سێ کارەساتی تیرۆری میکۆنووس، مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و ساڵوەگەڕی شۆڕشی “ژینا”، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی هەردوو وڵاتی سوید و نۆروێژ، لە شاری ستۆکهۆڵم، کەرنەڤاڵێک بەڕێوە چوو.

کەرنەڤاڵەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و بۆ وەفا و ڕێز لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری، ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی کەرنەڤاڵ، “شنۆ مێهرپەروەر” و “کوێستان بابایی” بە هەر سێ زمانی کوردی، فارسی و سویدی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و بە کورتی ئاماژەیان بە مەبەستی کەرنەڤاڵ و ڕیزی بەرنامەکان کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کەرنەڤاڵدا، پەیامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن “عومەر باڵەکی”، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب، پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی سوید و نۆروێژی حیزبی دێموکرات لەلایەن “سمایل عەلیپوور”، بەرپرسی کۆمیتەی نوروێژ، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران، ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی، کۆمەڵه کولتوورییەکانی هەر دوو وڵاتی سوید و نۆروێژ، لەلایەن “لەتیفە جەباری”، بەرپرسی یەکیەتیی ژنان لە سوید، پەیامی حیزبی سوسیال- دێموکراتی سوید لەلایەن “قادر کاسیرگا” و پەیامی حیزبی لیبراڵی سوید لەلایەن “فرێدریک ماڵم” پێشکەش کران.

بڕگەی یەکەمی کەرنەڤاڵ بە پێشکەشکردنی بەرهەمێکی هونەری لەلایەن “هێدی قادری”یەوە کۆتایی پێ هات.

لە بڕگەی دووەمی کەرنەڤاڵدا هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی پارچە ڤیۆلۆنێک لەلایەن “هەڵۆ غەریب”ەوە، شانۆی “ژن، ژیان، ئازادی” لە نووسین و دەرهێنانی “ساڵح بادپەروا” بە پیشاندانی دیمەنی شەهیدکردنی “ژینا، نیکا، کۆمار، کیان و خودانوور” و هەروەها دیمەنێک لە شەهیدان “ڕێحانە و وانیار” ڕێز لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و شەهیدانی کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات گیرا.

لە درێژەی بڕگەی دووەمدا، هونەرمەندان “دڵنیا ڕەزازی”، “نارین فەقێ” و “ئایدا”، بە پێشکەشکردنی سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕی، سەرنجی بەشداربووانیان ڕاکێشا و بە پێشکەشکردنی بەرهەمێکی هاوبەشی “ڕابوون ڕۆژهەڵات”، “پێدرام شەهلایی” و “شۆڕش بۆکانی”، کۆتایی بەم بڕگەیەش هێنرا.

 لە بڕگەی سێهەم و کۆتاییدا، کە پێشانگەی وێنەی شەهیدان بوو، ژنان بە جلوبەرگی سپیی کوردییەوە و هەڵگرتنی وێنەی شەهیدان و بەستنی چاویان بۆ ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە چاویان لە شۆڕشی ژینادا لەدەست داوە، بە ڕیز لەگەڵ خەڵکی بەشداربووی  کەرنەڤاڵ، بەرەو گڵکۆیەکی نمادین لە شێوەی گڵکۆی ژینا و بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا بەڕێ کەوتن و بە دانانی چەپکەگوڵ لەسەر مەزاری “ژینا”، کەرنەڤاڵ پاش سێ کاتژمێر کۆتایی پێ هات.

شایانی باسە کە چەندین نامیلکە بە زمانی سویدی کە باسی لە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و ئامانجی کەرنەڤاڵەکە دەکرد، بەسەر خەڵکی سویددا بڵاو کرایەوە.

سەرچاوە: کوردستان میدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی