"an independent online kurdish website

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی مانگرتنی گشتی، جارێکی دیکە دژایەتیی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕییەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە “سەقز، بۆکان، بانە، مەریوان، ورمێ، شنۆ، ڕوانسەر، دیواندەرە، کامێران، سنە، پاوە، مەهاباد، پیرانشار و کرماشان و…”، مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو و دووکان و بازاڕەکان داخران و خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تریش بە دەم بانگەوازی حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕییەوە.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بەشداریی خەڵک لە ڕێوەڕەسمی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، ماڵی باوکی ژینا ئەمینی لە سەقز لە شەقامی مامۆستا هەژاریان گەمارۆ دا و نەیاندەهێشت هیچ کەس و ماشینێک هاتوچۆی پێدا بکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک و بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، کەشێکی میلیتاریستیی لە شارەکانی کوردستان پێک هێنابوو و هێڵی ئینتەرنێتی زۆر لاواز کردبوو و لە هەندێک شوێن ئینتەرنێتی پچڕاندبوو، بەڵام دیسان نەیتوانی ئیرادەی خۆی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت و خەڵک بە شێوەی هاودەنگ و یەکگرتوو، مانیان گرت.

شایانی باسە کە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن و خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە بە دەم بانگەوازی حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن.

****

ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی

 15:43 – 25 خەرمانان 2723

هەنگاو: شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان و ساڵڕۆژی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای بانگەوازی پێشووختەی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هەروەها ڕێکخراوە و چالاکە مەدەنییەکانی کوردستان، دووکاندار و کاسباکارانی لانی کەم ١٨ شار مانگرتنێکی بەرینیان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە ١٨ شاری کوردستان وەک؛ بۆکان، دێولان، مەریوان، ئورمیە، سنە، کامێران، بانە، قوروە، ئیلام، بیجاڕ، ڕوانسەر، سەقز، مەهاباد، شنۆ، دیواندەرە، سەردەشت، پاوە و میاندواو بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو وێنانەی کە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتوون؛ هاوکات ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان، کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان و بەتایبەت نیشانەشکێنەکان لە شار و شوێنە جیاوازەکان بەتایبەت لە شاری سەقز جێگیر کراون و هێزی سەرکوتکەر و یەکەی تایبەت بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان دەسووڕێنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسدارانیش بەردەوام لە ئاستێکی نزمدا بەسەر ئاسمانی شارەکانی کوردستاندا خەریکن دەسووڕێنەوە.

ساڵی ڕابردووش چەند جار بە هۆکار و بۆنەگەلی جیاوازەوە مانگرتنی هاوشێوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە چوو، هاوکاتیش چالاکانی پیشەیی و کاسبکاران لەم پەیوەندییەدا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەناچار بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە و سزای پێبژاردنیشان بەسەردا سەپاوە، هەروەها ناوەندە حکوومەتییەکان چەند دووکانێکیشیان داخستووە و مۆڵەتی کاسبیکردن لەو دووکانە داخراوانە هەڵوەشاندووەتەوە.

بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم مانگرتنانە لە کاتێکدایە کە دۆخێکی میلیتاریزە و هاوشێوەی بارودۆخی شەڕ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر شارەکانی کوردستاندا سەپێندراوە و هەزاران هێزی سەرکوتکەر و چەکداری پڕچەک بە کەرەستەکانی شەڕ، زرێپۆش، هیلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازی لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بۆ شارەکانی کوردستان گواستراونەتەوە.

هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوودا زۆربەی کاسبکاران و دووکاندارەکان یان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کراون یان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت لەم مانگرتنەدا بەشداری بکەن و هەر لەم پەیوەندییەشدا پێنج ئەندامی یەکێتیی زێڕفرۆشانی شاری بۆکان دەستبەسەر کراون.

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا و کوردکاناڵ و هەنگاو ، و چەندین کاناڵی تێلێگرام ….

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی