"an independent online kurdish website

دەسەڵاتی منداڵکوژی ڕژیمی خامنەیی لە توندوتیژییە حکوومەتییەکان و جینایەتدا، پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە.

جارێکی تر کچێکی تری کوردستان، هاوشێوەی ژینا لە  تاران بەهۆی نەبوونی حیجاب کەوتە بەر لێدان و گیانی لەدەست دا. ئەو کچە کوردە کرماشانییە، ناوی ئارمیتا گەراوەند بوو.

شەهیدکردنی ئارمیتا، جینایەتێكی تری هێزە سەركوتكەرەكانی دەسەڵاتی خامنەیی بوو. کوشتنی ئەم کچە کرماشانییەش، وەک کوشتنی ژینای کوردان بوو؛ گیانلەدەستدانی ئەو، ڕووداوی گیانلەدەستدانی ژینای بەبیرمان هێنایەوە. تاوانێک کە بە دەستی خوێنڕێژانی ڕژیمی جینایەتکاری ئاخوندی ڕووی دا. شێوەی لێدانەکەی ئارمیتا و بینینی ئەم کچە کوردەش لەسەر تەختی نەخۆشخانە، هەموو ویژدانێکی ئاگای هەژاند و ڕێک وەبیرهێنانەوەی دۆخی ژینا بوو.

ڕژیمی خامنەیی لە ئێران، بەردەوام جینایەت و تاوان بەرانبەر خەڵک ئەنجام دەدەن و بێبەزەیییانە زوڵم و ستەم دەكەن و تەنانەت دوای شەهیدكردنی ئارمیتاش، تەرمەکەیان لە تاران و لە قەبرستانی بەهەشتی زەهرا ناشت و نەیانهێشت بیگەڕێننەوە بۆ باوەشی خاکی پیرۆزی کوردستان.

ئەم جۆرە تاوانانە کە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ڕژیمی منداڵکوژی خامنەیی ڕوو دەدات، دەبێتە دەریایەک لە ڕق و نەفرەت و بێزاریی خەڵک، دژ بە خامنەیی و دەسەڵاتەکەی.

لەم ڕۆژانە کە هەموو دنیا سەرقاڵی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسن، کوشتنی ئارمیتا، لەژێر کاریگەریی  شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا ون نابێت و بێوەڵام نامێنێتەوە.

خامنەیی و دەسەڵاتەکەی هێشتا تێ نەگەیشتوون کە تاریکترین شەویش کۆتاییی پێ دێت؛ ئەوان ناتوانن بە کوشتن، دەستبەسەرکردن، ئازار و ئەزیەت و ئەشکەنجە، بە گەشتی ئیرشاد و پۆلیسی ئەخلاقی، حیجابی ئیجباری بسەپێننە سەر کچان و ژنان. بێگومان هەتاوی خەڵکی چەوساوەی ئێرانیش دەدرەوشێتەوە و تەمەنی پڕ لە تاوان و جینایەتی ڕژیمی خامنەییش کۆتاییی پێ دێت.

ڕژیمی داماوی کۆماری جینایەت کاتی بەسەر چووە و پایەکانی دسەڵاتیان کەوتووەتە لەرزە.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ژینا هەر زیندووە و لە ڕیزی پێشەوەی ئەم بزووتنەوەیەش، کچان و ژنانی ئازادیخواز و بەهێز هەن واتە: هەزارانی وەک ژیناکان و ئارمیتاکان کە کۆتایی دەهێنن بە ملهۆڕییەکانی ڕژیمی خامنەیی.

ژیناکان و ئارمیتاکان هێمایەکن بۆ بنیادنانی نیشتمان، نیشتمانێک پڕ بە باڵای ژن، ژیان، ئازادی.

تەنیا ڕێگەی رزگاری و ئازادیی کوردستان و گەلانی ئێران، ڕووخان و لەناوبردنی ڕژیمی دیكتاتۆریی خامنەییە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئیدریس هاشمی – سوید

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی