"an independent online kurdish website

 ڕۆژی یەکشەممە 10ی خەزەڵوەری 1366 (31/10/1987) کاتژمێر 11 بەیانی بوو. لە نەکاو دوو کەسی بە ردێنەوە هاتنە ژوورەوە.  مەجید حەقی!

– بەڵێ!

– تۆ نیو کاتژمێر کاتت هەیە خۆت ڕزگار کەی، هاورێیانی تۆ لە لە ژێر ئەشکەنجەدا دانیان بە هەموو شتێک هێناوە و بت بەین ئێعدام دەکرێێ.

من قوتابی سێی دەبیرستانی “طالقانی” لە شەقامی “دنشکدە”ی ورمێ بووم. ساعەتی پێشوو وەرزشمان هەبوو، هاوپۆلەکانم لە دەرەوە خەریکی فووتباڵ و وەرزش بوون، من لە پۆلەکە خەریکی خوێندن بووم. دوای پشوودان دەرسی شیمی (کیمیا)مان هەبوو. شیمی یەکێک لەو بابەتانەبوو کە زۆر حەزم لێ بوو. ئەوساڵ لە ریزی باشترینەکانی قوتابخانە بووم. بڕیارم دابوو باشترین کارنامەی دیپلۆمی هەموو شارەکەمان وەرگرم.

نازانم ئەنگیزەی ئەو دووکەسە چی بوو کە منیان نەگرت، بەڵام لانی کەم دەرفەتێکی نیوکاتژمێریان بەمن دا تا شانسی خۆم تاقی بکەمەوە. کتێبەکانم هەمووی هەر لە سەر مێزی پۆلەکە بەجێ هێشت و ڕام کرد. هەموو دار و نەدارم ٧٠ تمەنی ئەوسەردەمە بوو. چونکە هەوا خۆش بوو، تەنانەت کۆتێکیشم نەبوو بۆ لە بەرکردن. دەستێک ڕانکوچۆخەی شینیم لەبەر بوو. لەو ڕۆژەوە کە چوومە قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی تەنیا بەرگی کوردیم لە بەر دەکرد. کە گەیشتمە شەقامی “دانشکدە” و لای “کاخ جوانان”ی ورمێ لە خۆش شانسی من ماشێنی “مشکۆ” کە بەرەو زێوە و دزەی مەرگەوەر دەڕۆیی هات و منیش لە گەڵیان کەوتم. “مشکۆ” بە هەڵە نەبم بە ئەسڵ تورکی ئازەری بوو و ئوتووبووسێکی گەورەی هەبوو کە لە نێوان دزەی مڕگەوەڕ و ورمێ ڕێبواری دەهێناو دەبرد، کەسێکی خۆشنا و جێی ڕێزی خەڵک بوو.

سەرەتا چوومە دزەی مڕگەورە بۆ ماڵی خزمێکمان کە برا شەهید بوو و کاتی خۆی کە لە گەڵ یەکێک لە ئەندامانی حیزب کە دواتر دەرکەوت دووسەرە کاری کردووە، چووینە ماڵی. بەڵێنی دابوو هەرکات پێویستم بە یارمەتی بێ یارمەتیم بدات. ئەو ڕۆژە چوومە بەردەرگایان و چیرۆکی خۆممی بۆ گێراوە. خزمی ئێمە وتی ناتناسم و دەبێ خێرا لێرە برۆیت.

ناچار ڕووم لە گوندی “لۆرزنی” کرد. لەوێ دووڕۆژێک لە ماڵی کەسێک مامەوە. لە ترسان نە کەس دەهاتە لام و نەش دەموێرا دەرکەوم، لە کۆتاییدا کوری ماڵەکە هات و وتی ئەمشەو کاروان بەرەو “بێنار” دەڕۆن و دەڵێن پێشمەرگە لە شوێنێکە بەناوی “سەرکەم”. لە بازاری ئەودیو لە خەڵک پرسیار بکەیت، ئەوان ڕێگەکە پێشانت دەدەن! رێگەکە زۆر دوور نیە.

خۆم گەیاندە سەررێگەی کاروان. کاتێ کاروان پێم گەیشت کابرایەک لێی پرسیم بۆ کوێ دەڕۆیت؟

– دەڕۆمە بازار خالۆ!، لەوێ هەندێک پارەم ماوە دەڕۆم بێنمەوە!

– ئەی بۆ بە پیان دێی کوا ئەسپەکەت؟

– خالۆ لە ڕێگە تەقەیان کرد ئەسپەکەم کوژراوە (درۆیەکم ساز کرد)

– ئێ باشە سواری ئەو ئەسپەی من بە.

من کە تەمەنم سێ ساڵ بوو جارێک لە سەر ئەسپەکەوە لە عەرز کەوتبووم و پۆست تراوما هێرشی پێکردم و  ترسی کەوتنەخوارەوەی لەئەسپ دووبارە منی داگرت. ئەسپەکە زۆر گەورە و منیش بە ترس و لەرز سواری بووم. خاوەن ئەسپەکە نەختێکی پێچوو هات دەستی کرد بە پرسیار کردن و منیش هەرچی پێم کرا درۆم کرد.

– خەڵکی کوێی؟

– خەڵکی دەشتەبێل؟

– کوڕی کێیت؟

– کوڕی عومەر؟

– عومەری باوکی مکاییل؟

ڕاست کردنەوەی درۆیەکی وا کارێکی زۆر ئەستەم بوو، بەڵام ناچار بووم قبووڵ بکەم کە برای مکائیلم.

بەڵام من تۆم قەت نەبینیوە؟ کابرا پرسیاری کرد. ترسێکی زۆرم لێ نیشت.

وتم خاڵە من زۆرتر لە شار خەریکی خوێندنم، کەمتر دێمە گوند بۆیە من ناناسی.

بەرلە سنوور وتیان “گرووپی زەربەت” کەمینی داناوە، هەرکەس بۆ لایەک هەڵدەهات و بیری لەوە دەکردەوە چۆن خۆی ڕزگار کات.  بۆ من لەو کاتەدا کوژران زۆر خۆشتر لە گیرانی لەوانەیی بوو. بۆیە  ئەسپەکەم بەرەو سنوور لێ خوڕی. خاوەن ئەسپەکەش لە ترسی ئەوەی ئەسپەکەی دەڕوات کەوتە دوام و کاروان هەمووی بەدوای یەک دا بەرەو سنوور بەرێ کەوت. بەخۆشیەوە هیچ کەمینێکی لێ نەبوو. هەرکە سنوورمان تێپەر کرد، هەرکەس پەلەی دەکرد بگاتە بازاری گەلی “بێنار” من کە زانیم لە سنوور تێپەرین چوومە لای خاوەن ئەسپەکە و تم خاڵم:

– من خەڵکی دەشتەبێل نیم. کاروانچیش نیم، من دەڕۆم ببمە پێشمەرگە و دەبێ خۆم بگەینمە “سەرکەم” دەتوانی یارمەتیم بدەی.

– هەر لە شێوازی قسەکردنت دیار بوو خەڵکی ئەوێ نیت. باشە لە بازاڕ دەپرسین و رێگەت پێشان دەدەم.

هەرکە گەیشتینە بازار خاڵم خۆی لێی ون کردم. لە ناوی ئەمم دەزانی و نەش بەو شەوە لە ڕووی قیافەوە بۆم دەدۆزرایەوە.

بەناچار پرسیارم لە کەسێکی لە ناو بازار کرد. ببۆرن خاڵە “سەرکەم” لە کوێیە؟

– کابرای ناو بازار وتی لێرە بڕۆیتە خوارەوە بە نیو کاتژمێر دەگەیە “سەرکەم”!

لە ماوەیەی کە لە لۆرزنی بووم، تەنیا دووجار خواردنم پێ درابوو. زۆرم برسی بوو. ڕووم نەبوو داوا لە کاروانچیەکان بکەم نانێکم بدەنێ. کاروانچیەکان وردە نانەکانیان خستبووە بەر دەمی ئەسپەکانیان. بەناچار چووم  وردەنانەکانی بەردەمی ئەسپەکانم کۆ کردەوە و لە گەل خۆم هەڵگرت و بەرەو ئەو رێگایەی کە دەمباتە بۆ سەرکەم کەوتمە رێ.

چەند کاتژمێرێک رێگە ڕۆیشتم، هەوا مانگەشەو بوو و رێگە بەجوانی دەبینرا. کاتژمێر نزیک دووی بەرە بەیانی بوو کە لەنەکاو تووشی ورچێک بووم. هیچکات لە ژیانی خۆم بە قەڕای ئەو ساتە نەترسام. بۆخۆم زۆر کز و لاواز بووم و ورچەکە بەلامەوە گەورەترین بوونەوەری جیهان بوو. وا حەپەسابووم ئەژنووم سست ببوون، نەم دەتوانی ڕاکەم، نەم دەتوانی هاوار بکەم. تەنیا چاوەڕیی ئەوە بووم کە بکەومە بەرهێرش و بخورێم. دەڵێن لە کاتە سەختەکاندا مەرگ و ژیان پێکەوە دێنە پێش چاوی مرۆڤ. لەوکاتەدا منیش تەنیا بیرم لە مردن دەکردەوە، لە مردنیش زیاتر بیرم لە باوکی خۆم دەکردەوە. تەنیا دڵخۆشی من ئەوە بوو کارتی پێناسەی قوتابخانەم لە گیرفاندایە. ئەگەر ورچەکە بشم کوژێت، ڕۆژێک کەسێک لیباسەکانم دەدۆزێتەوە و لە ڕووی کارتەکەوە دەمناسن و هەواڵی مردنم بە باوکم دەگەیەنن.

ئەوکات کەسێکی زۆر ئاییندار بووم. لە تەمەنی دوانزدە ساڵیەوە نیوەی قورعانم لەبەر کردبوو و زۆرجاریش بۆ “مسابقات قرائت قڕان” دەچووینە  قوتابخانەکانی دەورەبەر. بەلام بەهۆی ئەوەی کە سوننە بووین بۆمان نەبوو بەشداری لە کێبەرکێی سەرانسەری بکەین. زۆرم نەتووە گەر بلێم هەموو ئەو قوڕعانەی لەبەرم بوو لەترسان خوێندمەوە. نازانم من و ورچەکە سی چرکە سەیری یەکترمان کرد یان یەک خولەک، بەڵام ئەو ساتانە بۆ من بەقەڕای دەساڵ قورس بوون و تەواو نەدەبوون. وادیار بوو من بۆ ئەوە نەدەبووم ورچەکە لەسەر من ناوی خۆی خراپ بکات، بۆیە درێژەی بە رێگەی خۆیدا و رۆی. منیش لە ترسی ئەوەی نەوەک وەرچەکە بەدوامدا بێت، سەری خۆم دانەواند و ڕێک رێگەکە بەرەو خوارەوە دەڕۆیشتم. تا گەیشتمە سێ ڕێیانێک کە نەمزانی کام لایەن بگرم. لەو لاشەوە بەتەواوی ماندوو ببووم. لە ناو ئەوشاخ و داڕستانەدا لەو سێ رێیانە خانوویەکی خەراپەی لێ بوو کە بۆ خەوتن چوومە سەر بانی. چەند خولەکێک خەوتم و دیسان هەڵسامەوە.

ئەوەش بێژم، ڕوولە رووبوونەوە لە گەڵ ورچێکی کێوی و نەکوژرانم لەلایەن ئەوەوە دواتر بوو بە هۆی گۆڕانی هەموو فەلسەفەی ژینم، بەتایبەت لە پێوەندی لە گەل توندوتیژی و ئەگەر ئەمڕۆ کەسێکی هێمن و دژی توندوتیژیم، لەسایەی سەری ئەو ورچەبوو کە هیچ زیانێکی پێ نەگەیاندم.

کە کەوتمە رێگە دیتم کەسێک ژ.3 بەدەست لە سەر تەپۆڵکەی بەرەورووی من خەریکی نیگابانیە. ئیتر زانیم کۆتایی ژیانمە و سەرەرای چەند رۆژ هەوڵدان نەمتوانیوە لەدەستی پاسداران ئێران ڕزگارم بێت.

تا من گەیشتمە سەر سووچی تەپۆلکەکە سەربازە چەکدارەکەش هاتە پێشم. نە رێگەی هەڵاتنم هەبوو نەش گەڕانەوە. بە زمانی فارسی سڵاوێکم کرد. سەربازەکە بە تورکی وەڵامی دامەوە. زانیم لەناو خاکی “تورکیا”دام. بە زمانی نیوەچڵی ئینگلیزی و ئازەری باسی خۆمم بۆ سەربازەکە کرد و باسی ئەوەم کرد هەموو رەفیقەکانم لە لایەن ئێرانەوە گیراون و وتم چەند ڕۆژە نانم نەخواردووە و زۆرم برسیە.

سەربازەکە پشکنینی کردم، ٧٠ تمەنیەکەمی لێ وەرگرتم و دواتر ڕاوە سەگی تێبەردام! بەخۆشیەوە ئەزموونی شوانی، گاوانی و گەورەبوون لە ناو ئاژەڵەکاندا یارمەتیدەری من بوو بۆ ئەوەی سەگەکە پڕش و بڵاوم نەکات. نیگابانەکە منی ناردە بەردەرگای قەرەقۆل. بەخۆشیەوە نیگابانی بەردەرگای قەرەقۆلەکە کورد دەرکەوت. ئەو خێرا لەتکێکی نان و هەندێک پەنیری بۆی هێنام. کاتێک منی ڕادەستی فەرماندەکەی کرد، وتی ئەو فەقیرە لە ئێران هەڵاتووە و زۆر برسیەتی و چەند شەوە نەخەوتووە.

پایگا یان قەرەقۆلی تورکەکان لەو شوێنە زۆر گەورەبوو بەهۆی ئەوەی کە لە سەر سێ رێیانەیەک و کەنار چۆمێک بوو. وابزانم بۆ کۆنترۆل هاتوو چۆی گەریلاکانی پ.ک.ک کە ئەوکات تەنیا هێزی چەکداری باکووری کوردستان بوون.

فەرماندەی قەرەقۆلەکە منی بردە ژوورەکەیەوە. تورکەکان بەیانان زۆرتر چۆربای نیسکێنە دەخۆن. سوبحانەی فەرماندەیان بۆ دیوی خۆیان هێنا. لەکاتێکدا من لەسەرپێی ڕاوەستابووم و بۆم نەبوو دانیشم، فەرماندەکە کەوچکێکی چۆربای دەخوارد و کەوچکەکەی دیکەی پڕی دەکرد و فرێی دەدا بۆ ناوچاوم: فەرموو خواردن بخۆ! برسیتە تیرۆریست!؟ دوای نان خواردنەکە، پرتقاڵ یان نارنگی (ماندارین)یان بۆ هێنا. فەرماندەکە هەرجارێ کە توێکڵی نارنگیەکەی دەکردەوە فرێی دەدایە ناو چاوم و دەیوت فەرموو بخۆ. دەی بخۆ “پەزەوەنگ”!

دوای نان خواردن، هەڵسا، دەمانچەکەی دەرخست و منی ڕاکشا بۆ حەوشی پایگاکەی. لەکاتێکدا کە گوێی منی ڕادەکشا، دەمانچەکەی لەسەر ملی منی دانابوو و هاواری دەکرد تۆ تیرۆریستی! لێرە دەتکوژم!

هەرچی تکام  دەکرد نازانم تیرۆریست چیە؟ ئەو سوورتر دەبوو لە کوشتنم.

لە ژیان بەتەواوی ناهومێد ببووم، بۆیە ڕووم لە فەرماندەکە کرد و بە زمانی ئازەربایجانی پێم وت: من ئەسیری تۆم، کوشتنی ئەسیر پێویست بە قارەمانێتیەکی زۆر ناکا. بم کوژە هەم خۆت ڕاحەت دەبی و هەم من!

نازانم چ شتێک بوو بەهۆی ئەوەی فەرماندەکە نەمکوژێ. نزیکەی نیوەڕۆ بوو چەند کەسێک لە گوندیەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرە لە رێگەدا تێپەر دەبوون. فەرماندەکە ئەوانیان ڕاگرت و داوای کرد کەسێک تەرجومەم بۆ بکات. کابرایەکی تەمەن مام ناوەندی لەوێ بوو و پرسیاری لە من دەکرد. منیش هەموو چیرۆکی گیرانی هاوڕێیانم، هەڵاتنم لە ورمێ و تووشی ورچبوونم بۆ ئەو کەسە گێڕایەوە و وتم دەمهەوێ بڕۆمە ناو پێشمەرگەکان.

کابرای وەرگێر زۆر ژیرانە، چیرۆکی منی گۆڕیوە. بە فەرماندەکە وت ئەمە شوانی گوندی ئێمەیە، کەسێکی شێت و گێژە و لە بەر خۆیەوە زۆر چیرۆک ساز دەکات. چەند رۆژێکە ون بووە. پێمان بدەن ئێمە دەبەینەوە. بەوە لە دەستی کوژران ڕزگارم بوو.

کە نەختێک گەڕاینەوە گوندیەکان ڕێگەی گوندێکی دیکەیان پێشان دام، ئەو گوندەی قاسم بەندەیی لەوێ نیشتەجێ بوو و وتیان ئەگەر ئەو ڕێگەیە درێژە بدەم دەگەمە گوندی گەلێشم و لەوێوە دەتوانم بەرەو سەرکەم بڕۆم.

دیسان لە ترسی سەربازی تورک، ورچ و خەڵکی دیکە رێگەی داڕستانم گرتە بەر. نزیکی ساعەتێک رێگە چووم گەیشتمە شوێنێک کە تەنیا یەک خانووی لێ بوو. کچێک خەریکی تەون کردن بوو. دوای سڵاو کردن، خۆم بە پێشمەرگە بەو ماڵە ناساند و داوام لێکردن کە ڕێگەی سەرکەمم پێ نیشان بدەن.

خاتوونی ماڵەکە وتی پێشمەرگەکان نزیک ساعەتێک لەمەوبەر لەو ڕێگەیەدا ڕۆیشتن و لەوانەیە لە گوندی سەرەوە خەریکی پشوو دان بن. رێگەیەکی زۆری نەماوە. چونکە برسیم بوو، ناچار بووم واز لە شەرم و کەمڕویی بێنم و داوای خواردنم لەوان کرد. هەر لە حەوشی ماڵەکە خواردنیان پێدام. بۆ دواجار لەوی گیپەم خوارد و تامی هەتا هەتایە لەژێر دیانم ماوەتەوە. 

کاتی نان خواردن ژنی ماڵەکە پرسیاری لێ کردم:  ئەگەر پێشمەرگەی! ئەی کوا چەکەکەت؟

– پوورێ من لە ناو شارەوە دێم، بۆیە نەمتوانیوە چەکی خۆم لە گەڵ خۆم بێنم؟  (درۆیەکی دیکە)

ژنەکە بە چاوێکی گوماناویەوە سەیری کردم! ئاخر هیچ شتێکم وەک پێشـمەرگە نەدەچوو؟ نە جلوبەرگم، نە شێوەی قسەکردنم، نە شێوازی نان خواردنم و نەش بەژن و باڵام بۆ ئەوە دەبوون پێشمەرگە بم! وتی نەکا “تیرۆریست” بی. تازە زانیم مەبەستیان لە تیرۆریست پ.ک.ک یە. ئەوکات جارێ خەباتی چەکداری لەباکووری کوردستان ئەوەندە پەرەی نەستەندبوو و گەریلاکان بەهۆی پرۆپاگەندەی دەوڵەتی تورکیاوە بە تیرۆریست دەناسێنران.

– نەپوورێ من تیرۆریست نیم و من پێشمەرگەم!

نانەکەم کە خوارد بەغار بەرەو گوندێک کە پێشـمەرگەکان لێی بوون کەوتمە رێگە. کاتێک نزیک پردی گوندەکە بووم، لەو دیوی چؤمەکە پێشـمەرگەیەکم بینی، بانگم کرد ئێوە پێشمەرگەن!؟ بەڵێ ئەم پێشمەرگەنە! تا هێزم هەبوو جنێوم بەو پێشمەرگەیەدا. هەستم کرد تازە رزگارم بوو و لەخۆشی و هەیەجانی ڕزگاربوونم جگە لە جنێو هیچ شتێکی دیکەم نەدەزانی بڵێم. هاشم گێسیانی، یەکەم پێشمەرگەیەک بوو کە بەڕەو ڕووی بووم.

کاتی تێپەرین لە پردەکە، سەربازەکانی ژاندارمێری تورکەکانیش کەلەوێ بوون ویستیان ڕامگرن، هاوارم کرد پێشمەرگەم پێشمەرگە!

دووەم پێشـمەرگە کە پێێ گەیشتم، کەسێکی کورتەباڵا و سمێڵ گەورە بوو! سڵاوم لێ کرد وەڵامی دامەوە.

– ببۆرە دەمهەوێ فەرماندەکەتان ببینم!

– وتی فەرموو!

وامزانی ناوی فەرماندەکە “فەرموو”یە! فەرمووم ناوێ دەمهەوێ “عەلی کاشفی” ببینم.

پێشمەرگە سمێل گەورەکە کە دواتر ناسیم و بە عەزیز “پووتە” ناسراو بوو، وەڵامی دامەوە: سەگباب بڕۆ لەوێیە!

هەڵە نەبم، کاتژمێر دەوروبەری 15 – 16ی دوانیوەڕۆ بوو. بەوە یەکەم ڕۆژی پێشـمەرگایەتیم دەسپێکرد و کاتێک چوومە ژووری پێشـمەرگەکانی لکی یەکمی هێزی ئاگری کە کاک سەعید گولێ فەرماندەی بوو. شۆکی کولتووریم لەو ژوورەوە دەست پێ بوو.

* لە گەلاوێژی ساڵی 1366 سێ کەس لە هاوڕێیانم گیران، دواتر لە 3ی رەزبەری هەمان ساڵ دەستەیەکی دیکە لە هاوڕێیانم کە هەموویان کچ بوون لەوانە “پ” و “م” کە ئێستا بەخۆشیەوە لە دەرەوەی وڵاتن گیرابوون.

* من و عیسا ئیراندووست تەنیا کەسانێک بووین لەو شانەیە رزگارمان بوو و نەگیراین. کاتێک هاوڕێیانم گیران، من بۆ ئەوەی کەس هەستم پێ نەکات، سەرەتا قوتابخانەی خۆم لە دەبیرستانی مستەفا خومەینیەوە بۆ دەبیرستانی تاڵقانی گۆڕی. شەوان لە ترسی ئەوەی نەوەک بگیرێم، زۆرتر لە دەرەوەی ماڵی خۆمان و لە ژێر بەردەکانی پشت گوندی بەند دەخەوتم. بەڵام وا دیاربوو بێ ئەزموونی ئێمە و نەبوونی پەروەردە بۆ ساتە هەستیارەکان ئێمەی کردبوو “کەوی” ناو قەفەس.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی