"an independent online kurdish website

دیکتاتۆرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەترسن و لە وتەکانیاندا، هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە بەرچاوی خەڵک ناشرینی بکەن هەروەها بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن،

 وا نیشان دەدەن کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاسودەیی و هێمنایەتیی دەروونیی کۆمەڵگا تێک دەدەن و خەڵک تووڕە دەکەن!! بەوەش ناوەستن و کێشە لە ئینتەرنێت دروست دەکەن و سنوورداری دەکەن و کارێک دەکەن کە خەڵک نەتوانن بەئاسانی لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەرگرن. نموونەی ئاشکرای ئەو ترسە لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خامنەیی و ئاخوندەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن؛ چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک جەهەنەمێکن بۆ ڕژیمی ئێران و ڕووی ڕاستەقینەی ڕژیمی ئاخوندی و ڕوخساری دڕندەی سیستمی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشان دەدەن و وەک دوژمنێکی سەرسەخت و گوشارێکی بەهێز دژ بە ڕژیمی ئێرانن و توانای ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و ڕەخنە لە ڕژیمیش فراوان دەکەن.

خامنەیی – ڕێبەری ئێران – زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەترسێت؛ بۆیە زۆر جار لە دانیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و لە وتەکانیدا دەڵێت کە: “دوژمنان پلانیان هەیە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرش بکەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران!”

ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتی ئاخوندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ئازادانە لە ئاگادارکردنەوەی تاوان و تاڵانکارییەکانی ڕێژیم، چالاکییە جەماوەرییەکان و ناڕەزایەتییەکان، هەروەها هاوئاهەنگیی نێوان چین و توێژەکانی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی و مانگرتن؛ چونکە لە ئێستادا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کوشتن و ئەشکەنجەی ناڕازییان پەردەپۆش ناکرێت و خامنەیی ناتوانێت کە خەڵکی وڵاتەکەی کەوڵ بکەنێت و کەس گوێی لە دەنگیان نەبێت. چونکە لە ڕاپەڕینی ژینادا، ڕۆژانە بەڵگە و ویدیۆی خۆپیشاندان و سەرکوتی خۆپیشاندەران لە شەقامەکان و گرتن و کوشتنیان بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپا و بەسیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبووەوە و بێگومان تێلێگرام و فەیسبووک و ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە بڵاوکردنەوەی دەنگی ناڕازییان و خەڵکی ڕاپەڕیو بۆیە خامنەیی لە وتارەکانیدا، هەمیشە هۆشداریی دەدایە کاربەدەستانی ڕژیم و بەتایبەت دەزگای دادوەری کە چاودێریی چڕوپڕیان بەرانبەر بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت. هەر بەهۆی ئەو ترسەیە کە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر دەکرێن و زۆربەی چالاکانی میدیایی و ڕۆژنامەوانانییش بۆ دادگاکانی شۆڕش بانگهێشت دەکرێن؛ هەروەها بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکانیش دەستبەسەر دەکرێن و بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ دەیانهێننە بەر کامێرای میدیا حکوومەتییەکانەوە.

بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوو کە لە ڕاپەڕینی ژینادا، ڕووداوەکانی شەقام ڕاستەوخۆ دەکەوتنە بەر دەستی هەموو دنیا.

با لەمەوبەدواش پێکەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت بکەینە قەلغانێک دژ بە ملهوڕییەکانی ڕژیمی ئاخوندی کە هیچ شتێک نەتوانێت پێشی پێ بگرێت.

لە ئێستادا دەبێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەینە پردێک بۆ ئەوەی لێکمان ببەستێتەوە و لە دەوری یەکتردا، کۆمان بکاتەوە.

ـــــــــــــــــــــــــ

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی

سوید – 14-12-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی