"an independent online kurdish website

وردەوردە لە ئێوارە نیزیک دەبووینەوە و خۆمان ئامادە کرد کە لە نێو کادانەکە بچینەدەر و لەو زیندانەی کە بۆ خۆمان و بە ویستی خۆمان چووبووینە نێوی، بێینە دەر.

 لە بەر ئەوەی نەوەک کەسانێک بمانبینێ و ببێتە کێشە بۆ خاوەن ماڵەکە، راوەستاین تا هەوا بە تەواوی تاریک بوو. ئەوجار بە سەر کاکە دا، یەکە یەکە خۆمان خلۆر کردەوە و چووینە دەر. خانەخوێ خواردنێکی کەم وێنەی بۆمان ئامادە کردبوو. پاش ئەوەی نانمان خوارد، بەرەو شوێنی مەبەست کە رێگای تازەئاوا بۆ جوانڕۆ بوو کەوتینە رێ. لە نیزیک رێگاکە ماینەوە و چاوەنواڕی ئەوە بووین کە بۆ سبەی ئیوارەکەی بچینە سەر ئەو رێگایە. رۆژەکەی چاودێری هاتووچۆمان دەکرد و دەمانبینی کە هاتووچۆیەکی زۆری لە سەر بوو. بۆیە بڕیارمان دا نیزیک رۆژئاوابوون بچینە سەر رێگاکە و لە راگرتنی ماشینە شەخسییەکان خۆمان ببوێرین و تەنها کارمان بە ماشینی سپا و جاشەکان بێ.

پێش ئەوەی خۆرئاوا بێ، داکشاینە سەر رێگاکە و لە بەر ئەوەی شوێنەکە زۆر تەخت و بێ ئیستیتار بوو، ناچار بووین هێندێک لقوپۆپی داربەڕوو لە گەڵ خۆمان ببەین بۆ ئەوەی ماشینە شەخسییەکان نەمانبینن. بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک ماینەوە بەڵام جگە لە ماشینی خەڵکی، هیچ ئوتومبیلێکی هێزەکانی رێژیم لەوێوە تێنەپەڕی. دیارە ناحەقیشیان نەبوو، چوونکە رێگاکە بۆ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەویش لە ئیواراندا، زۆر مەترسیدار بوو.

ئێستا کە دیتمان رێژیم لەو رێگایە دا لە ئێواراندا جموجۆڵی نییە، بڕیارمان دا بۆ رۆژی دوایی، رێگای جوانڕۆ بۆ شارەدێی شەروێنە دابخەین و هەموو ئوتومبیلەکان راگرین. دوو مەبەستمان لەو کارە هەبوو، یەکەم ئەوە کە خۆمان بە خەڵکەکە پێشان بدەین کە ئەو کارە ساڵانێک بوو لەو ناوچە نەکرابوو، دووهەم پێمان وابوو، لە بەر حەساس بوونی شوێنەکە، هیزەکانی رێژیم لەو باوەرە دا نەبوون کە پێشمەرگە لە نیزیک شاری جوانرۆ، ئەو رێگایە دابخات، بۆیە حەتمەن ماشینی هێزەکانی رێژیم دەکەوەێتە دەستمان.

بۆ ئەوەی یەک دوو کاتژمێر پێش رۆژئاوابوون، بتوانین رێگاکە دابخەین، دەبوو بۆ شەوکەی لە نیزیک جادەکە بین. لە نێو هیندێک داربەڕوو بە مەودای ٢٠٠ میترێک، لە نیزیک ئەو شوێنە ماینەوە. جێگای مانەوەکەمان زۆر لێژ بوو، ئەو شەوەو هەموو رۆژەکە بە ناچاری لە سەر ریشەی دارەکان خەوتین و راکشابووین. بە جۆرێک لە کاتی هەناسەداندا کەمەر و پشتمان ئازاری هەبوو. رۆژەکەی رانێک پێوڵەی کردین، بەڵام شوانەکە پێی نەزانین. هێشتا دوو کاتژمێرێکی بە رۆژئاوابوون مابوو، بە راکەراکە رۆیشتینە سەر رێگاکە نەوەکا پێش ئەوەی بگەینە جێگای مەبەست، خەڵکی بمانبینن و رانەوەستن و کارەکەمان لێ تێک بدەن.

نەفەرێکمان بە مەودای ١٠٠ میترێک، ئەوەی لە جوانڕۆوە دەهات خستبوە ژێر چاوەدێری و دووکەسیشمان بە پێچەوانەکەی، واتە هاتووچۆی لە شەروێنەوە بەرەو جوانڕۆ کۆنترۆڵ دەکرد. ئەو ٣ کەسەکەی دیکەمان هاتووچۆکەرانیان رادەگرد. دەست کرا بە راگرتنی ماشینەکان. چەند جار لە لایەن خەڵکەکەوە ئاگادار کراین کە ماشینی سپا لە جوانڕۆوە و هەروەها لە شەروێنەشەوە بەڕیوەیەن بۆ ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕن. زیاتر لە ٣٠ ماشینمان راگرت و بەردەوام خەڵکەکە خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی لە دیتنی پێشمەرگە. خەریک بوو بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵمان بچێتە دەر، چوونکە تەنها ٣ کەسمان لە نێو خەڵکەکە دابوون. زیاتر لە ٢ کاتژمێر و نیو رێگاکەمان داخست، بەلام هیچ خەوەرێک لە ماشینی هێزەکانی رێژیم نەبوو. ئایا راوەستانی ئەو هەموو ماشینە لە دوورەوە، بینرا بوو و ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو هیزەکانی رێژیم خۆیان لە هاتووچۆ بەوێدا پاراست، یان ئەوەتا هەر بە هەڵکەوت، ئەو ئێوارەیە هاتووچۆیان بەوێدا نەبوو، پرسیارێکە و ولامی نییە. ئەوەی کە چەند جار پێمان وترا ماشینی سپایان دیوە و دواتر نەهاتن، هەر هاسان نییە بزانرێ راستییەکەی چی بوو. بەو حالەش، ئەوەی ئەو شەش پێشمەرگە لەو رۆژە دا کردیان، سەرکێشییەکی یەکجار مەترسیدار بوو. ساڵێک بوو شەڕی ئێران، ئێراق تەواو ببوو. زیاتر لە ٦٠ هەزار جاش لە ناوچەکانی جوانر، هەورامان و داڵاهۆ، تەنها بۆ بەرنگاربوونەوە لە گەڵ پێشمەرگە ئەرکدار مابوونەوە. لە ئاوەها حالەتێکدا، تیمێکی شەش کەسی بە شەش کڵاشینکۆفەوە، بۆ زیاتر لە ٢ کاتژمێر رێگای جوانڕۆ بۆ شارەدێی شەروێنە دابخات، ئەمە جگە لە ئیرادە و باوەڕ بە ئامانجی بەرزی نەتەویی نەبێ، هیچی دیکە ناتوانێ وا لە مرۆڤ بکات کە ئەم جۆرە سەرکێشییە بە ژیانی خۆیەوە بکات. پاش ئەوەی کە بۆمان دەرکەوت کە ئیدی درەنگە و ناکرێ زیاتر لەوە ئەو خەڵکە راگرین، رێگاکەمان بۆیان کردەوە. خەڵکی بە نیشانەی خۆشحاڵی دەربڕین، دەستیان لە سەر بۆقی ماشینەکانیان داگرت و ئەو ناوەیان کرد بە چراخان و وات دەزانی کە لەوێ شاییەک بەڕێوە دەچێ.

ئێستا کە دەمانزانی رێژیم لە بوونی ئێمە لەو ناوچە مەترسیدارە ئاگادار بوە، دەبوو ئەوەندە لەوێ دوور بکەوینەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێژیم بە بیریشیدا نەیەت. رێگای دوو شەومان بە یەک شەو بڕی. لە رێگا دا دوو کەسمان رۆیشتنە نیو دەوارێک، کە خاوەنەکەی بۆ کەسێکمان ناسراو بوو. بۆ ئەوەی بە نانخوارد، کات نەکوژین، هیزەیەک بە بڕێکی باش رۆنی کوردی و لە گەڵ هێندێک نان لە گەڵ خۆمان هێنا و رۆیشتین. گەیشتینە شاخی بەنیگەز، ئەوەندە سارد بوو، کە ناچار بووین هێندێک بە راکردن بچین بۆ ئەوەی شایەد نەختێک لەشمان گەرم دابێ. کە سەرمامان بوو، برسیەتیش زۆری بۆ هێناین، وتمان با کەمێ نان و رۆن بخۆین، بەڵکوو هیزمان بۆ بگەڕێتەوە. کە ویستمان رۆن لە هیزەکە دەربێنین، دیتمان ئەویش لە سەرما وەک بەردی لێ هاتبوو. بە لاقەوە چوینە سەری بەڵام هەر بیسوود بوو. بەدەم رێگاوە نانی ویشکمان دەخوارد. پاش ئەوەی لە بەنیگەز هاتینە خوار، وردە وردە هیزەکەش گەرم بوەوە و دواتر توانیمان لەو رۆنەش بخوۆین. بۆ دەمەو بەیانییەکەی گەیشتینە شوێنێک کە پێیان دەگوت حەوت کەژ. ئەوەندە لە ناوچەی جوانڕۆ دوور کەوتبوونەوە کە مەگەر بە سوتفە ئەگینا رێژیم بە خیاڵیشدا نەدەهات کە ئێمە ئەو هەموو رێگایەمان بڕیبێ. بڕیارمان دا پێش ئەوەی بگەڕێینەوە، سەرکێشییەکی دیکەش بکەین.

چاوەڕێ بن، درێژەی هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بەشی 1، عەزیم ئەلیاسی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی