"an independent online kurdish website

هاوینی ١٩٨٩ ی زاینی، کۆتا تیمی هێزی شاهۆ کە بۆ ناوچەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی گەڕاینەوە، ئێمە بووین، تیمێکی شەش کەسی.

 لە بەمۆوە کەوتینە ڕێ و درەنگانێکی شەو یانی بۆ بەرەبەیانییەکەی گەیشتینە شاخی گاڕێ. بۆ ئەوانەی کە شارەزای ئەو ناوچەیەن، دۆڵێک، شاخەکە دەکات بە دوو بەشەوە و ئاوی ئەو دۆلە دەڕژێتە ناو چۆمی میرکی. ئێمە لە سەر پێشنیاری ئەو کەسەی چاوساقی تیمەکە بوو، بە ناوی ب.ش، لە نێوەراستی ئەو دۆلە ماینەوە. کاتێ رۆژ بوەوە، دیتمان کە تەنها چەند سەد میترێک لە نیزیک پادگانێکی گەورەی ریژیم داین و راست رووبەڕووی ئەوێشین کە جموجۆڵمان زۆر مەتریسیدار دەبێ. بووین بە دوو دەستەی ٣ کەسی و بە مەودای سەد میترێک دامەزراین. تیمێکمان بۆ چاودێری کردنی پشتەوەمان و تیمەکەی دیکەمان کە من لە گەڵ ئەوان بووم، رووبەڕووی پادگانەکە لە نێو گەوەڵێک لە داربەڕوو لە ئامادەباشیدا بووین.

دەوروبەری کاتژمێر ٩ی بەیانی نەفەرێک بە هۆرەکردن لە نێو پادگانەکە دەرکەوت و بەرەورووی ئێمە دەهات. ئەوەی دیار بوو، کابرا چەکی پێ نەبوو، نازانم، مەگەر نارنجۆک یان دەمانچەی لە ژێر پشتێنەکەی دا شاردبێتەوە. دیارە کابرا زۆریش لە خۆیەوە بە بێ چەک لەو ناوچە نەدەسووڕایەوە، چوونکە ئێمە بە هەڵە چووىووینە نێو مەحوەتەی پادگانێکی رێژیم. کابرا وەک بڵێی شتێکی لە نێو ئەو گەوەڵەی کە ئێمەی تێدابووین شاردبێتەوە، بۆیە راست بەرەو ئێمە دەهات. کەمتر لە سەد میترێکی ما بگاتە ئێمە، وەک ئەوەی هەستی بە بوونی ئێمە کردبێ، مەسیرەکەی گۆڕی و بەرەو سەرەوەی ئێمە هەڵکشا. چوە سەرەوەی ئێمە و بە مەودایەکی کەم کە هەموو شتێکی بۆ ئێمە روون بوو  و دەمانبینی، رۆیشتە سەر بەردێک و دەستی کرد بە هۆرەکردن. تا درەنگانێکی رۆژ هەر وەک ئەوەی نیگابانی ئێمە بێ، بە مەودایەکی کەم، لە هێندێک کات بۆ کەمتر لە سەد میترێک، دەهات و دەچوو و هۆرەی دەکرد. ئێمەش هەموو رۆژەکە رەختەکانمان بەستبوو و چاوەنواری ئەوە بووین، هەر لەحزە ناچار بین، دەست بکەینەوە. دیارە ئەوەمان دەزانی کە تووشی شەڕ بوون لەو جێگایەدا و ئەویش لە نیوەرۆوە، بۆ شەش پێشمەرگە، وەک ئەوە وایە دەست بدەیتە کاریکی خۆکوژی. دەوروبەری٢ی نیوەڕۆ نەفەرێکی دیکەش لە پادگان دەرکەوت بە هەمان شێوە گەیشتە لای نەفەری یەکەم. ئەوەی کە نەفەری دووهەمیش هەر بێ چەک بوو، دلەڕاوکێمانی کەم کردەوە کە کابرا یان ئەوەتا ئاگای لە بوونی ئیمە نەبوە، یان خود نەیویستوە ئاشکرا بین.  کات زۆر لە سەرەخۆی تێدەپەڕی و زۆری پێ چوو تا گەیشتینە دەوروبەری کاتژمێر چواری ئێوارە. بڕیارمان دا کە ئەگەر تا پێج و نیو نەگەڕێنەوە بۆ پادگانەکە، هەر دووکیان بە دیل بگرین و بگەڕێنەوە بۆ بەمۆ. چەند خولەکێک پێش ئەوەی ئەو ماوەی کە دامان نابوو، کە ئەگەر هاتبا و نەگەڕابوونەوە، بە دیلیان بگرین، دیتمان بە توولە رێگاکەی خوارماندا گەڕانەوە بۆ پادگانەکە.

 ئێستاش پاش ٣٤ ساڵ دوای ئەو رووداوە، وڵامم بۆ ئەوە نەدۆزیوەتەوە کە ئەو دوو کەسە ئەو رۆژە بۆ لە بەیانیەوە تا پاش کاتژمێر پێنجی ئیوارە لە دەورەبەری ئیمە بوون؟ دەیانتوانی لەو ماوەیەدا حەو جار بگەڕێنەوە پادگان و بێنەوە، کە چی بێ نان و ئاو و بی چەکیش، خەریک بوو گیانیان لە دەست بدەن.

***

یەکەم رۆژمان لە شاخی گاڕێ تێپەڕ کرد و پێش ئەوەی خۆرئاوا بێ، دەستمان کرد بە رۆیشتن. شەو بە تەنیشت پایگای کانی ڕەشی رێژیمدا تێپەڕین و پاش چەند کاتژمێرێک گەیشتنە چەمی زریسک و لەو چەمە لە نێو گەوەڵێک دا ماینەوە. راستە ئەو شوێنە پێیان دەگوت چەمی زریسک، بەڵام لە راستیدا تەنها بە دانیشتن لە دەرەوە نەدەبیندراین، ئەگینا بە هەستانەوە، ئەوە هەموو دەوروبەرمان لێ دیار بوو. یانی زۆرتر لە بەر نەبوونی جێگایەکی باشتر و نەختێکیش بێشکی وایکرد لەوێ بمێنینەوە.

ئێوارەکەی لەوێشەوە کەوتینە رێ و بۆ دەمەو بەیانییەکەی گەیشتینە بەرزاییک لە سەرەوەی شارۆچکەی تازەئاوا. پێش ئەوەی خەومان لێ بکەوێ، جێگر پەلەکەما بە ناوی فەرهاد شەبرەندی هاواری کرد کە دەمارەکۆڵ پێوەی دا. ئێمە هەم بۆ دڵنەوایی فەرهاد و لە لایەکی دیکەش بۆ ئەوەی بتوانین پشوو بدەین، وتمان دەمارەکۆڵی چی، بزانە دڕک بوە ئەگینا ئێستا دابووی بە کەسانی دیکەشەوە. کاتی ئەوەشمان لە بەر دەست دا نەمابوو کە شوێنەکەمان بگۆڕین و بە ئاسانی تازەئاوامان دەبینی. هەر چۆنێک بێ بۆی خەوتین. دەوروبەری کاتژمێر ١٠ بەیانی رانێکی خەڵکی شارۆچکەکە رووی تێکردین و ئاشکرا بووین. دوو کوڕی زۆر رۆح سووکی باوەجانی لە گەڵ رانەکە دا بوون، ناچار بووین لای خۆمان رایانگرین بۆ ئەوەی نەوەکا لە دەمیان دەربچێ و ئاشکرامان بکەن. دوروبەری کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ رانێکی دیکە، ئەم جارەیان هی خەڵکی یارسانییەکان بوو. لە بەر ئەوەی ئەم شوانانە تووشی کێشە نەبن، بڕیارمان دا دوو مندالەکە بچن و رانەکەیان دوور بخەنەوە. بەم جۆرە هیچکام لە شوانەکان بەوی دیکەیان نەزانی کە ئێمەیان دیوە.

لەوێشەوە کەوتینە رێ بۆ شەوی چوارەم گەیشتینە شاخی بەنیگەز. ئەو شاخە بە حەدێک ساردە کە تا نیزیک نیوەڕۆکەی نەمانتوانی بخەوین. لە بەنیگەزەوە بەرەو ناوچەی جوانڕۆ کە مەبەستی سەرەکیمان بوو، کەوتینە رێ. گەیشتنە گەندێک کە ئەوەی چاوساقمان بوو، ناسیاوی لەوێ هەبوو. چوار کەسمان رۆیشتن بۆ ماڵێک و من و فەرهاد وەک نیگابان لە دەرەوەی ماڵەکە ماینەوە. سەرما بێتاقەتی کردین، پاش ماوەیەک پێشمەرگەیک هات بە شوێنماندا و ئێمەش چووینە ژوور. خواردنیان بۆ هێناین و دواتر دەبوو بڕیار بدەین کە لەو گوندە بمێنینەوە یان ئەوەتا ٢ کاتژمێرێک دوورتر لەوێ، شوێنیکی دیکە هەبوو کە بتوانین بمینیەوە. بەڵام بۆ سبەینێکەی دەبوو بێینەوە بۆ گەندەکە. بە هەر حاڵ بە ناچاری بڕیارمان دا بمینیەوە. خاوەن ماڵەکە باسی بۆ کردین کە نیزیک بە هەموو رۆژێک گورووی زەربەتی رێژیم دێتە نێو گوندەکە. بۆ بێ شکیش کادانێک پڕ لە کا هەبوو کە دەمانتوانی تێیدا بمێنیەوە. خەڵکەکە بۆ خۆیان لەم بەری خانوەکانەوە رەشماڵیان هەڵدابوو واتە لە نیو دەوار دا بوون و خانوەکان چۆڵ بوو. شەو رۆیشتین و بە سەر کادا خۆمان خزاندە پشتەوەی کاکە و تەنها یەک پەنجەرەی بچووکی هەبوو کە دەمانتوانی دەرەوە ببینین و بەڵام نەک بتوانین لێیەوە دەر بێین. بە جۆرێک تەنها ئاشکرا بوایەین، کارمان تەواو دەبوو. من و فەرهاد شەوەکەی موخالیفی مانەوە بووین لەو گوندە، بەڵام چوارەکەی دیکەمان بەوە رازی بوون و ئێمەش بە ناچاری قبووڵمان کرد.

 دوروبەری ٩ی بەیانی بوو، هەر هەمان چوار کەس وتیان هیچ شتێک روو نادات و دەکرێ هێندێک لەقوپۆپی داروپەردووی کادانەکە بکەینەوە و چایی دەم کەین. لە بەر ئەوەی بریارمان دابوو کە خاوەن ماڵەکە بە هیچ شێوەیەک سەردانی خانوەکە نەکەن، نەدەکرا چایی و خواردنمان بۆ بێنن. دووبارە من و فەرهاد بە توندی موخالیفی ئەو کارە بووین و وتمان ئەمە زۆر جیاوازە لەوەی کە بڕیارمان داوە لیرە بمێنینەوە. ئەگەر بێت و یەک زەڕە دووکەڵ لەم کادانەوە بچێتە دەر، ئەوا بە تەوای ژیانی هەموومان دەکەویتە مەترسییەوە. یەک دوو کاتژمێر توانیمان لەم کارە رایان گرین، بەڵام دواتر بڕیاریان دا چایی دەم کەن و وتیان هەوڵ دەدەن بە هیچ شێوەیەک دووکەڵ لە ئارەکە بەرز نەبێتەوە. چاییان دەم کرد و بێ دووکەڵ تەواو بوو. وتیان خۆ ئێوە لە بەر ئەوەی موخالیف بوون. ناتانهەوێ چایی بخۆن؟ وتمان وانییە، ئەگەر بێت و  بە هۆی ئەو چاییەوە ئاشکرا ببین، گورووی زەربەتەکەی رێژیم لە بەر ئەوەی کە ئێمە موخالیفی چایی دەمکردنین، دەست لە ئێمە دوو کەسی ناپارێزن. چاییمان خوارد و لە دەروەچەکەوە چاودێری پێشەوەی گوندەکەمان دەکرد و چاوەنواڕی ئەوە بووین کەی ئیوارە دابێ و لەو زیندانە بچینە دەر.

ئێمە راستە تەنها شەش پێشمەرگە بووین، واتە بە شەش کڵاشینکۆفەوە بڕیارمان دابوو رێگای تازەئاوا جوانڕۆ یان جوانڕۆ بۆ شەروینە دابخەین.

درێژەی هەیە، چاوەنواڕ بن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی