"an independent online kurdish website

  قادر مەعروفی ناسراو بە مام قادر کوڕی مام کاکەسەن لە تایفەی بایزی و لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر، لەمانگی خەمگینی خاکەلێوەی 1326ی هەتاوایدا لە ئاوایی گەنەداری مامەشان لە مەڵبەندی پیرانشار لە دایک بووە.

   ساڵی 1357ی هەتاوی (1979) شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و رێژیمی حەمەرەزا شا ڕووخا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  تێکۆشانی ئاشکرای خۆی راگەیاند. مام قادر وەک هەزاران لاوی کورد بوو بە ئەندامی حیزب و تێکۆشانی حیزبی بە دڵگەرمیەوە لە گوندەکەی خۆی ڕا دەست پێ کرد. پاشان مام قادر بە هۆی دڵسۆزی و کارامەیی بە کادری نهێنیی تەشکیلاتی حیزب لە لایەن تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچەی پیرانان داندرا. ناو براو بەو پەڕی بوێری و لێهاتووییەوە ئەرکە تەشکیلاتییەکانی خۆی بەجێ دەگەیاند. لە لایەن تەشکیلاتەوە کاری زەحمەت و شوێنە پڕ مەترسییەکان بۆ ئەو دادەندرا.  بەهۆی لێوەشاوەیی و جێگای باوەڕی تەواوی تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچە، ناوبراو بە ئورگانەکانی سەرەوەی خۆمان ناسێندرا، وەک شەهیدان سەید رەسووڵی بابی گەورە فەرماندەی هێزی ئاوارە (قەندیل)، ڕەحمانی سۆفیزادە بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتە شارستانی پیرانشار و هەمزە بێهنام، فەرماندەی دەستە و دەیان تێکۆشەری دیکەی حیزبی بۆ ڕاپەڕاندنی کاری حیزبی.  

مام قادر زۆر جار گیانی خۆی خستۆتە مەترسی بۆ بە جێ گەیاندنی ئەرکی حیزبی، من تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەیەکی بچووک دەکەم:

   شەهید رەحمانی سۆفیزادە بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی نەهێنی ناو شاری پیرانشار بوو، منیش هاوکاری بووم بۆ عەمەلیاتێکی گەورەی ناو شار (لەجۆزەردانی 1362ی هەتاویدا) بەرنامە ڕێژی کرا. کۆمیتەی نەهێنیی ناو شار دەگەڵ ئێمە نەهێنێکمان دانا بوو، پارەیەکی کاغەزمان کرد بوو بە دوولەت، لەتێک لای ئەوان و ئەویتریش لای ئێمە بوو. نزیک بە 200 پێشمەرگە بۆ چوونە ناو شاری پیرانشار داندرا بوون. دوو بۆ سێ رۆژ پێش ئەو عەمەلیاتە کۆمیتەی نەهێنی ناو شار داوایان کردبوو کەسێک بە نەهێنییەکەوە لە فڵان ڕۆژەدا بنێرن بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا ئەندامانی ناو شار هەموو ڕێگاکان بگرن و پێشمەرگە بەرنە ناو شاری پیرانشار. من و کاک رەحمان بڕیارمان دا کە کەسێک شایانی ئەو نەهێنییە گەورەیە بێ و ئەو ئەرکەی پێ بسپێردرێ و گیانی ئەندامانی ناو شار و پێشمەرگە بە ئەمانەتەوە بپارێزێ مام قادرە.  بۆیە  کادری ئەمین و ئەوینداری حیزب مام قادری مەعرووفی بۆ ئەم ئەرکە دیاری کرا ، هەرچەند ئەو رۆژە جگەر گۆشەیەکی سەرلانکێی باوەشی گەرمی دایکی بەجێ هێشتبوو. بەڵام ئەو لەبەر ئەو ئەرکە گەورەیەی حیزب نەچووە سەر قەبران بۆ دوایین ماڵئاوایی لە منداڵە شیرە خۆرەکەی.

مام قادر لە کاک رەحمانی سۆفیزادە لەتکی پارەکە وەردەگرێ و دەچێتە حەساری شەهید سەید مستەفای حوسێنی یەکێک لە ئەندامی کۆمیتەی نەهێنی شار. دوای ماوەیەکی کورت زیاتر لە دە کەسێک بە سەرپەرستیی سەردەستەی تیمی نەهێنیی تەشکیلاتی”شەهید ئەبوبەکری ئازەربەرزین” دەچنە ناو حەسارەکەی و لەتکە پارەکە لە مام قادری وەردگرن.

   رێگای گەپڵەسەن بۆ نێو شاری تا مەدرەسەی مەحموود قادری و عەمباری شۆڕش لە نێو شار، هەمووی لە لایەن ئەندامانی نەهێنیی حیزب لەسەر رێگای هاتنی پێشمەرگە بۆ ناو شار  دامەزرا بوون و پێشمەرگەیان بە سەلامەتی بردە نێو شار. لەو عەمەلیاتەدا پایەگای بەسیج لە “زەرگەتەن” تەرتوتنا کرا و جیهادی سازندەگی و دەیان شوێنی دیکەی دەوڵەتی لە ناو شاری پیرانشار دەستیان بەسەردا گیرا. دەسکەوتێکی بێژمار بۆ حیزب بوو، بێ ئەوەی شەهید و بریندارمان بێ. تەنیا پێشمەرگەیەک”رەسووڵ سەلیمی”  لە سەربانەوە کەوتە خوارەوە و لاقی زەربەی دیت، شانازی ئەو سەرکەوتنە بۆ مام قادری مەعرووفی و هەموو ئەو کەسانەی ئەو ئەرکەیان  بەجێ هێنا دەگەڕێتەوە.

ئەرکێکی دیکەی تەشکیلاتی

   لە هاوینی 1369ی هەتاویدا پۆلێک لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزب دەچنە لای مام قادر بۆ ڕێنوێنی و هاوکاری لەکاتی پێویستدا. بەداخەوە، دوای چەند رۆژێک خۆفرۆشێکی خۆماڵی بە ناوی عەزیزی فیرووزمەند ناسراو بە حایزی حاجی رەحمانی سۆزەی هاتنی ئەو کادرانە دەکات و پێ و شوێنیان هەڵدەگرێ و لە ئاکامدا لە ناوچەی لاجانێ لە گوندی کێلێ دە داویان دەخا و لەرێکەوتی 1369/4/15  دوژمنیان دەباتە سەر. دوای شەڕێکی نابەرانبەر کادری لێهاتوو و پێگەیشتووی حیزب سولەیمان رەسووڵ زادە و کادرو پێشمەرگەی قارەمانی شەڕەکانی دەشتی پیرانان رەحیم بەرشان شەهید بوون و کادرێکی تری حیزب بە ناوی یۆسف مارفزادە بە دیل دەگیرێ و دوای چەندین ساڵ زیندانی ئازاد دەکرێ بەڵام بە جەستەیەکی زۆر خراپ.

 مام قادر کە لە وردەکارییەکانی ئەم رووداوە ئاگادار دەبێ، زوو هەست بەوە دەکا کە دەبێ دەستێکی ناپاک و خیانەتێک لە گۆڕێ دا هەبێ. چەند رۆژێک لەسەر هەست دەبێ بۆ ئەوەی بزانێ ئاکامەکەی ئەم رووداوە بە کوێ دەگەن. پێشبینیی ئەوە دەکا کە رۆژێک پاسدارانی رێژیم دێن بۆ گرتنی. بۆیە بە ژن و منداڵەکەی دەڵێ هەر کات شەوێ لە دەرگایان دا و پرسیاری منیان کرد، بڵێن چۆتە سەفەرێ و سبەی دێتەوە. شەوی 21 لەسەر 22ی پووشپەڕی 1369ی هەتاوی پاسدار بە ماڵە مام قادری وەر دەبن، بەڵام نایبیننەوە. بۆ بەیانی راست لە یەکەم ساڵڕۆژی شەهید بوونی د. قاسملووی نەمر دا مام قادر خوا حافیزی لە ماڵ و مناڵ و شوێنی زێدی خۆی دەکا و لە ماوەی شەو و رۆژێکدا خۆ دەگەیەنێتە بنکەکانی حیزب لە ناوچە سەر سنوورییەکانی قەندیل. لەوە بە دوا تێکۆشانی نهێنی مام قادر کۆتایی دێ و دێتە ریزی تێکۆشەرانی ئاشکرای دێموکڕات.

دوای ئەم  جینایەتە

” بەداخەوە پاش رووداوی تاڵی شەهید بوونی سولەیمان رەسووڵ زادە و ڕەحیم بەرشان و گیرانی یۆسف بە خەیانەتی عەزیزی فیروزمەند زیاتر لە 70 کەس بە تاوانی ئەندام بوون لە حیزب، لە پیرانشار و دێهاتەکان گیران. لەو هێڕشەدا بۆ سەر تەشکیلاتی حیزب هەر لە دێی (زەنگیاوێ) 12 کەس گیران، ژمارەیەک لە گیراوەکان چەند ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە و چەند کەسیان بە رادەیەک ئەشکەنجە کران کە کەمئەندام بوون و لە نێو ئەواندا هەبووە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە. “

   مام قادر لە23ی پوشپەری 1369 لە شێخ شێرۆ دەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەی بە ئەزموون گوومرگ ئەو بەشەیان پێ ئەسپێردرا. لەساڵی 1370ی هەتاویدا وەک پێشمەرگەی سەر بە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار لە پرسگەی حیزب لە پردەشاڵی  خزمەت دەکات.

   ناوبراو لەساڵی 1371ی هەتاویدا لە لکی یەکی هێزی ئاوارە لە مەڵبەندی سپی سەنگ لە لێوژێ وەک پێشمەرگەی لک لەریزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات درێژەی بە پێشمەرگایەتی دا. لە ساڵی 1372ی هاتاویدا لە بنکەی حیزب لە شاری رانیەی باشووری کوردستان وەک پارێزەر ئەرکدار کرا و لە پاییزی ئەو ساڵەشدا لەکەمپی بێخمە درێژەی بەکارەکانی دا. لەبەهاری 1373ی هەتاویدا نەقڵ کرا بۆ هێزی پارێزگاری، بۆ پارێزگاری لە بنکەکانی سەربە کۆمیسیۆنەکان و دەفتەری سیاسی حیزب، بۆ ماوەی چوار ساڵ لەو هێزە ئەرکی پێشمەرگایەتیی بەجێ هێنا. بە هۆی دەسپاکی و جێگای متمانە بوون، بۆ ماوەی ٢ ساڵ وەک پارێزەر لە بەشی ماڵی لە راگواستن و هێنان و بردنی پووڵ و ئەمواڵی حیزبدا دەگەڵ نەمر “مام میرزا”  ئەرکی حیزبی بەڕیوە بردوە.

   مام قادر لە ساڵی 1379ی هەتاویدا دوای زیاتر لە 20 ساڵ تێکۆشانی نەهێنی لە نێو خۆی وڵات و پێشمەرگایەتی ئاشکرا، لە گەڵ بەشێک لە مناڵەکانی رێگای هەندەرانی گرتەبەر. چونکە منداڵەکانیشی وەک ئەو شوێنی نیشتەجێ بوون وجێگای لەدایکبوونیان لێ زەوت کرابوو.

لەو رۆژە پیرۆزەدا سڵاو دەنێرم بۆ خەبات و تێکۆشانی مام قادر و هەموو تێکۆشەرانی دێموکڕات.

سەید عەلی هاشمی

2023/12/14

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی