"an independent online kurdish website

زۆر لـە مـێـژە پـرسیـارێک وای بـە خـۆیـەوە سەرقـاڵ کردوم، وەک نـۆبەتێ دەملەرزێنی بە تەبـوو لەرزەوە دایگرتوم و دەستم لە یەخە ناکاتەوە.

ئازارێکە بەژان و ناسۆرە و ئاراو و قاراوی لێهەڵگرتوم . زۆر وڵام هاتون بەڵام دڵم بە هیچیان ئاو ناخواتەوە و لە مێشکم دا جێگایان نابێتەوە، بۆیە لە حاندی داماوم و بۆم لێک نادرێتەوە. نەکەس ولامی دڵمی پێیەو نە کەس دەتوانێ ئەو گرێ کوێرەم بۆ بکاتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە : 44 ساڵە ڕاستەوخۆ و بێپسانەوە دەگەڵ دوژمنە ڕەنگا و ڕەنگەکانمان بەرەو ڕوویـن و لێک دەدەین ، قوربانی زۆر و بە نرخمان داوە ، هـەمـوو شێوەیەکی خەباتمان دەکار هـێناوە، هـەموو دۆست و دوژمنێکمان لە کەو و بـیـژیـنگ داوە، هەر کامەیان بە جۆرێک خۆیان نیشان داوە، دیتومانە دوستی وامان هەبووە بۆ بەرژەوەندی خۆی لە هەموو ئوسول و پڕەنسیپێکی دۆستایەتی بـە قازانجی خـۆی لایداوە .ئەوەی بۆمـان مـسۆگەرە و حاشای لێناکرێ و لە هەموو ئەزمونەکان تاڵتر و برێنێکە بەژانتر و بێدەرمان و ئێمەش بەڕوح و جەستە جەورەکەیـمـان کێـشاوە، وەک هـۆی گـریـنـگی سەرنەکەوتنی شۆڕشەکەمان لە مێژوەکەماندا سەبتکراوە، وەک بیرەوەی تفت و تاڵ لە دەفتەری بیرەوەریەکانیشمان دا نوسراوە ! ئەوەیە: کە جینایەتکاری دوژمنان و بێوەفایی و ئەمەگ نەناسی هێندێک لە بەناو دۆستانی ڕواڵەتی، لێکترازانی نـاو خۆمـان، زەبـری گرچ ـو بـڕیان لێداوین، سەرکەوتنیان وەدوا خستوە و دۆستانیان توشی دڕدۆنگی بێێ موتمانەیی کردوە، هەر هەمویان دڵازار و خەفەت هێنەرن. سەیر ئەوەیە هەمومان هەستی پێدەکەین، بە قسەش بە خراپی دەزانین و وەک بەربەستێکی قورسی سەر ڕێگاکەمانی دەنـاسین و کەچی مخابن ئەوەی نەمانکردوە هەر نایکەین، دەزانین خـراپە و دەشی کەیـن!! دەڵـێـین یەکگرتویی خاڵی هاوبەش و ڕەمزی سەرکەوتنمانە، کەچێ کلیلی ئەو قفڵە ڕەمزیە بە دەست خۆمانە و وەکاری ناخەین. ئەگەر وەک دێمۆکڕات قسە بکەم دەڵێم : شانازی حیزبی ئێمە ئەوە بووە، زۆر بڕیاری داون کە خەڵکیتر لە بیستنەکەشی ترساوە، زۆر هەڵوێستی گرتوون کە خەڵکانیتر لە حاندی تێماون! زۆر کۆسپی قورسی هاتۆتە سەر ڕێگایە و لایداوە. زۆر گرێی کردونەوە کە بەکەسیتر نەکراوە، سرنجی بدەنێ نمونەی بەرزی مێژویی، راگەیاندنی کۆماری کوردستانە کە لە چ هەلومەرجێکدا راگەێێندراوە، وەبیری بێننەوە لە سەر کۆمار و لە ڕێی سوڵح ئاشتیدا چەند قوربانی مەزن و بە نرخی داوە. راستە ڕێگاکە سەختە، دوژمنەکە جینایەتکارە، زۆربەی دۆستەکان پەیمان شکێنن، بەڵام مێژو نـیشانی داوە، حیزبی دێمۆکرات لە دەربڕینی ئەو چەشنە بڕیار و هەڵوێستانە سڵی نەکردوە و نەترساوە. ڕاستە شتی زۆر نەخوازراو و ناوازەی توش بوون، بەڵام گەورەترین کۆسپی سەرڕێگامان کە بەو ڕۆژەی گەیانـدویـن، سڕی کردوین دەسەڵاتی راستەقینەی لێ ئەساتاندوین، تەنیا یەک نەگرتویی و هاوکاری نەکردنی خۆمانە.

 ڕاستە بەر بەستی زۆمان بۆ دروست کرابون و دەکرێن، بەڵام تەنیا ڕێگایەک کە دوژمن بەوێدا زەفەری پێ بردوین، هەر کەلەبەر و کون و کاژێڕی دروستکراوی دەستی خۆمـانـە. بـۆ وێنە لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دەرفەتێکی لەبار ڕەخسا کە دەکرا تێیدا بوونی خۆی بە خاوەن ماف بناسێنێ و بسەلمێنێ. لانی کەمی مافەکانی مسۆگەر بکا و وەدەستیان بێنێ. ئاخوندەکانی بە جەبر هـێنا بووە سەر ئەو بارە کە دەبێ هەرچۆنێک بێ مەسەلەی کورد یەکلا بکاتەوە. دەگەڵ ئەوەش غافڵ نەبوو کە چۆن بـتـوانێ کورد لە مەیدان دەرکا، دەیزانی تەنیا هێزێک کە دەتوانێ بەرهەڵستکاری بێ گەلی کوردە بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ژێر دەستی ئێران. حیزبێکی گەلیە و پێناسەکەشی کۆماری کوردستانە. ئاخوندەکان بە ڕاوێـژ کردن دەگەڵ ئەو وڵاتانەی کێشەی کوردیان هەیە، کاریگەرترین ڕێگا دروست کردنی شەڕ و نـاکۆکی نـاوخۆیی کوردەکانە. زێدە لەوەش دروستکردنی جاش و سێخوڕو کڕینی قەڵەم بەدەستی دۆڕاو بە ناوی عیلمانی و چی و چی، مخابن هێزە چەپەکانیش کە هێندێکیان بە ناڕەوا کۆماری ئاخوندیان بە دژی ئیمپڕیالیست دادەنا و دەبونە هاوسەرنگەری لە شەڕ دژی ئـێمپڕیالیست. هـەموی ئەوانە و زۆریـتریش کۆماری ئیسلامیان هـانـدا بـە دژی کورد و خۆشیان ڕاستەوخـۆ و نـاڕاستـە و خۆ پشتگیریان دەکرد. نیشانەی تیرەکانیشیان حـیـزبی دێـمـۆکڕاتی کوردستـان بـوو! تـەنـانـەت ئایین و سیاسەتیان تێکەڵ کرد و کرد بویانە چەکێک پێیان لە حیزب دەدا. مخابن بە ئاوی خۆیان ئاشی دوژمنیان دەگێڕا. بەجؤرێک بە دژی حیزب پڕوپاگەندەیان دەکرد، کە هـەرگـیـز دژی دوژمـنـەکەیـان ئـەوەیـان نـەکـردوە. چـەپـەکان پـڕۆلـیتار و دێمۆکڕاتەکانیش بۆڕژوا! ئەو دوانەش دوژمنایەتی لە ئاشتی نەهاتویان هەبوو دەبوو یەکیان ئەویتر لە ناو بەرێ! لەلایەکیتر شەڕی کوفر و ئیسلام دروست کرابـوو کە حیزبی دێمـۆکڕات سەردەستـەی کافـران بـوو! ئەوەی جێی سرنـجـە ئەوەم بوو هەر هەمویان مانی خۆیان لە نەمانی حیزب دا دەدی. هەمویان دەستی چەور و چڵکنی خۆیان لە داوێنی سپێ و پاکی حیزب هەڵدەسوو . کە چی پاش ئەو هەموو نەخشە و پیلانە شومانە و شەڕ فرۆشتانە، مـێژو نـیشانی دا زۆریـان وەک بڵقی سەر ئاویان لێهاتوو ئەوانەش کە ماون لە بەر ئەوەی کوردن و کوردستانی ناوەکە و بڕێک هێزیان ماوە. بەڵام بە ڕواڵەت وازیان لە ڕەوتەکەی هەوەڵێیان هێناوە.

من حەفتا و چوار ساڵە دور و نیزیک دەگەڵ مەسایلی سیاسی کوردستان هاتوم واتە لەساڵی 1329 هەتاویشەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بە پـێی ڕێـنـوێنی هـاوڕێیانی سەرەوەی خۆم کارم کردوە. لەکەوتن هەستانەوە و تەنگانە و فەرعانی ئەزمونی زۆرم وەرگرتووە، لـەو مـاوە دورو درێـژەدا هــیـچ غـەیـرە کـوردێـکـم نەدیوە بە سەداقەتەوە دەگەڵ شۆڕشگێڕانی هـاوکاری کردبـێ، هـەرگیـز بـەرژەوەنـدی کوردیان لـە بـەرچـاو نـەبـووە و بـە شـێـوەی ڕەســمی و ئـاشکرا مـافـی نەتەوایەتی کوردیان پەسند نەکردوە، ئەگەر لە ڕوی ناعیلاچی شتێکیان کوتبێ ئەوە بووە کە لـە چـوار چێـوەی ئـیـراندا خودموختاریان بدرێتێ. هەموو حیزبە چەپ و ڕاست و مەزهەبیەکانیشیان حیزبیان وەک کافرو بۆڕژوا چاو لێکردوە. ئێمە ئەزمونی ئەو هەموو چەپ و ڕاست و خوارو خێچ و ئیسلامی و کافریمان تاقێکردۆتەوە لە زیانی قورس و  قەرەبو نەکراو زیاتر هـیچمان نەدیوە. دەبا بۆ تاقێکاریش بێ پشت بە خۆمـان ببەستین و یـەکگر و هـاوکار بـیـن،کە من دڵنیام ئەو کاتە زێدو گەلمان ئازاد کردوە.

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ١٥ بەفرانباری ٢٧٢٣ی کوردی

   ٥ / ١ / ٢٠٢٤ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی