"an independent online kurdish website

پێویستە بە یاسا حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، رووبەری ئەو بیرە توندرەو، تیرۆرە کولتوری و نەتەوەییە ببنەوە، کە دژی هەموو جوانیەکان و کولتور و مێژووی کورد و کوردستانن

بەر لەهەموو شت نەورۆز هەرچی بێت و چۆن بێت! ئەوە رۆژێکی پیرۆزە و سەری ساڵی کوردیە، لانی کەم ۲۷۲٤ ساڵە کورد ئەو جەژنەی هەیە و یادی دەکاتەوە

هاوکات سەرەتای ساڵی نوێ، وەرزی نوێ، ژیانی تازەی سروشتە، کەواتە مرۆڤ ئاسودە دەبێت و دڵخۆش دەبێت، هیچ  هۆکارێک نابینرێت بۆ دڵتەنگی، بۆیە نەورۆز جەژنێکی پیرۆزە لای ئێمەی کورد، نابێت کولتورمان لەناوببرێت لەرێگەی بیری توندڕەوی هاوردەکراو

ماوەی چەند ساڵێکە، کۆمەڵێک مەلای ئیسلامی هاوردەکراو و تەمویلکراو، کە من دەڵێم” تیرۆریستن و ئامادەن بەشمشێر سەری ئەوانە بپەرێنن کە دوایان نەکەون” لە رێگای گوتار و نوسین و بانگەوازی سۆشیاڵ میدیا، هاتوون مێشکی گەنجانی فەقیر و بەستەزمان دەشۆنەوە کە نەورۆز کفرە و هی کافرانە، گوایە” کورد بەس دوو جەژنی رەمەزان و قوربان”!

روانیوتانە بۆچی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆرینەیان و لەناویشیان کوردی باشور، ماوەیەکە وەک گەلێکی خەمۆک و نائاسودە و غەمبار دەردەکەوێت؟ بێگومان هۆکارەکەی کۆمەڵێک مەلای ئاینین،! بەردەوام وادەکەن خەڵک بترسن، لەبڕی ژیان و ئاسودەیی، بیر لەمردن و نائارامی دەروون بکەنەوە

ئەمە لە هیچ وڵاتێکی جیهان رێگەپێدراو نیە رەشبینی و ترس لەناو خەڵک بڵاوبکەیتەوە، کەچی حکومەت و خەڵک بێدەنگ بێت

ئەو تەوژمە توندڕەوە لە گوتارەکانیان، بەردەوام باسی ئاگر، جەهەنەم، دوپشک و مار بۆ خەڵک و بەتایبەتیش گەنجان دەکەن، بۆیە جگە لەوەی ئاسوەدەییان لە خەڵک بڕیووە، هاتوون کولتوری کورد و گەلەکەمان لەناو دەبەن بەناوی دینەوە!

ئێسا کۆمەڵێک گەنجی کچ و کوری کورد مێشکیان تێکدراوە، دەڵێن” نەورۆز هی کافرانە، پەیوەندی بە کورد نیە و هی کافر و ئاگرپەرستانە”  ئەوەی یادی بکاتەوە و بڵێت” نەورۆز جەژنە”. کافرە

 ئەو بیرە توندڕەوە لەژێر کاریگەری کۆمەڵێک بانگخواز و مەلای هاوردەکراوی دژە کوردە، تا کورد مێژووی نەمێنێت، خاڵی بێت لە هەموو کوردبوون 

ئەو بیرە توندڕەوە، نەک هەر نەورۆز، هاتوون، هەرچی خۆشی و ئاسودەییە لە خەڵکیان حەرام کردوە،  بۆ نمونە، جلی رەنگاو رەنگ حەرامە، جلوبەرگی کوردی ژنان ناشەرعیە، عەتر حەرامە، سەری ساڵ حەرامە، پاک خاوێنی حەرامە، گەشت و سەیران حەرامە، پێکەنین حەرامە، قسەکردنی کچ و کور حەرامە، تێکەڵاوی زانکۆ و مەکتەب حەرامە، دانیشتن و یاری و کاتی خۆش حەرامە

لەدیدی ئەوان چی حەڵاڵە!؟ گریان ونوزە نوزی شەوان، عەمرە، جلوبەرگی هاوردەکراو، وەک حجابی وڵاتان و  نیقابی عەرەبی کە هەرچی ئایەتی قورئانی پیرۆزە نەی گوتووە نقاب و حجاب واجبە، ئەوان دەڵێن” بەشودانی کچان بە زوویی لە تەمەنی خوار ۱٥ ساڵی حەڵاڵە، خەتەنەکردنی کچان واجبە، ژیانێکی خەمناک و هەژاری و دڵتەنگی و ریشی درێژ حەڵاڵە

ئەوانە خەریکە ئێمەی کوردی باشور والێدەکەن، هەموو کات لە سەدمە و ترس و نائارامی بژین و هەمیشە ببینە خاوەن وەهم و ترس، دژی کولتورمان بوەستینەوە

من لە نزیکەوە ئاگادارم، ئێران لەرێگای هەرچی سەنتەر و رێکخراوە، لە ئەوروپا و ئەمریکا خەریکی لۆبیە، تاوەکو نەورۆز بەناو ئێران و فارس بێت و بەفەرمی بڵێن” نەورۆز تایبەتە بەفارس” کەچی کۆمەڵێک مەلای هاوردەکراو و تەمویلکراوی توندڕەو ،هاتوون دەڵێن نەورۆز هی کورد نیە و هی کافرانە!!. ئاو دەکەنە ئاشی دوژمن

بەڕاستی دەبێت رووبەروی ئەو بیرە توندڕەوە هاوردەکراوە ببینەوە، دەبێت بزانن، لای من و ملیۆنان کورد نەورۆز جەژنێکی کۆنی کوردە و رۆژێکی پیرۆزە، مانای سەرکەوتن و خۆشی و شادی و سەری ساڵی نوێی کوردیە

کێ لەسەر ئەوە بە کافرم دەزانێت؟ با بێت رووبەرو گفتوگۆی لەگەڵ بکەم، بزانم نەورۆز هی کوردە یان نا؟ جەژنە یان نا .

سەرچاوە: وێستگەنیوزآ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی