"an independent online kurdish website

جەژنی نەورۆزی کوردەواری ریشە و مێژووکی دوور و درێژی هەیە. جەژنی نەورۆز چوار هێمای گرینگی هەیە بۆ گەلی کورد. ئەو چوار هێمایانە بریتین لە:

ـ  تەواو بوونی وەرزی زستان و دەست پێکردنی وەرزی بەهار. لەو وەرزەدا سروشت پۆشاکی خۆی دەگۆرێ بە سەوز و شینکایی. بە هاتنی ورەزی بەهار سروشت دەبوژێتەوە و ئاو و هەوای سازگار و خۆش دەست پێدەکات. بە تایبەت بۆ وەرزێر و ئاژەڵدارەکان وەرزی بەهار گەلێک دڵ خۆشکەرە و بە پیت بەرەکەتە. جوتیاران دەست بە کشت و کالێان دەکەن و ئاژەڵدارەکانیش ، ئاژەڵەکانیان بۆ لەوەرگە یان بانەمەڕ دەبەن. 

ـ نەورۆزی کوردەواری هەروەها هێمایەکی سیاسی گرینگی هەیە. لە نەورۆزدا گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و رەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات بە دلێکی کوردانە و بیرو باوەرێکی شۆڕشگێرانە ئاگری نەورۆز هەڵدەکەن و جەژنی نەورۆز بە یەکگرتوی و یەکریزی دەگرن. بە دژی داگیرکەرانی کوردستان دروشم دەدەن و بۆ ئازادی و سەربەستی کوردستان دروشمی نەتەوەی دەڵێنەوە. لەو رۆژەدا بە داگیرکەرانی کوردستان نیشان دەدەن، کە نەتەوەی کورد یەک گەلە، یەک خاکە، یەک زمان و یەک کلتورە و بیرو باوەڕی هاوبەشیان هەیە. داگیرکەران ناتوانن بە هیچ شێوەیەک هەستی کوردایەتی دامرکێنن. گەلی کورد وا خۆی نیشان دەدات کە دەتوانن بە یەکگرتوی بە ئاوات و ئامانجە نەتەوایەتی و سیاسی و کلتوریەکانی خۆی بگات. ئامانجی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیکی کوردستانە.

ـ ئاگری نەورۆزی کوردەواری هێمای تایبەتی خۆی هەیە. هەروەها ئاگری نەورۆز ئەفسانەی مێژووی خۆی هەیە. ئەویش ئەفسانەی زوحاکی مار لە سەر شان و کاوەی ئاسەنگەرە. زوحاکی پاشایەکی زۆر سەتمکار و دیکتاتۆر بووە. خەڵک زۆر جار بە دژی زوحاک شۆڕشیان کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی نامرۆڤانە سەرکوت کراون. لە دوازدە کوڕی  کاوەی ئاسنگەر یازدەیان بوونە خۆراکی مارەکانی سەرشانی زوحاک. کاتێک سەربازەکانی زوحاک ویستیان کوڕی دوازدەهەمی کاوەی ئاسەنگەر بگرن، کاوە نەیهێشتوەو کورەکەی رزگار کردووە. هەروەها بە هیزی چەکچوی ئاسەنگەری و هیزی گەل تاخت و تاجی زوحاکی روخاند. دوایی کاوەی ئاسەنگەر چۆ سەرکێوێک و بە بۆنەی سەرکەوتنەکەی بە سەر زۆحاک دا ئاگری کردەوە. لەو رۆژەوە ئاگری نەورۆز وەک هێمایەکی بەرخۆدان و سەرکەوتن لە مێژووی کورددا بەدی کراوە. ئێستاش لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە ناو رەوەندی کورد ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.

ـ  مادەکانی باب و باپیری کوردەکانن. دەوڵەتی ماد ٧٠٠ ساڵ پێش ساڵی زاینی دامەزراوە. یەکەم پاشای ماد ناوی ” دیاکۆ ” بووە. ساڵی کوردی ٢١ ی مارس یان ٢٠ مارس دەست پێدەکات. ئەمرۆ کە ٢١/٣/٢٠٢٤ زایینیە، بەرانبەرە بە ١/١/٢٧٢٤ ی کوردی. مێژووی ساڵی کوردی دەگەرێتەوە سەر دامەزراندی دەوڵەتی ماد.

کۆمەڵەی کلتوری کوردی لە شاری هامار لە وڵاتی نۆرویژ، رۆژی چوار شەممە، رێکەوتی ٢٠/٣/٢٠٢٤ ی زاینی کاتژمێر ٥ ی ئێوارێ لە قەراخ دەریاچەی ” میۆسا” ئاگری نەورۆزی کردەوە. کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە جل و بەرگی کوردی بەشدار بوون. ئاهەنگی ئاور کردنەوە بە سرودی نەورۆزی حەسەن زیرەک دەستی پێکرد. بەشداربووان بە هەڵپەرکە و شایی ئاهەنگەکیان رازاندەوە.

چۆن سفرەی حەوت شینی کوردی گۆردراوە بە سفرەی حەوت سین؟.

بە گوێرەی وتەی هێندێک لە مێژوو نووسانی نەورۆز، لە بنەرەتدا سفرەی حەوت شین بووە نەک سفرەی حەوت سین. لە دەورانی چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا دەخڵ و دان و شینکایی/ سەوزی بژێوی سەرەکی خەڵک بووە و بایەخێکی زۆریان پێداوە. هەروەها بە گوێرەی مێژوو نووسان کاتێک کە ئیسلام هاتۆتە ئەو وڵاتانە نەورۆزی تێدا دەگێرێ، سفرەی حەوت شینیان گۆریوە بۆ سفرەی حەوت سین؛ ئەوەش لەبەر ئەوەی کە شەراب بە پیتی” ش”  دەست پێدەکات، لە سەر سفرە نەمێنێ. فارسەکانیش کە دەسەڵات و حکومەتیان بە دەست وەبووە، سفرەی حەوت شینی کوردیان گۆڕیوە بۆ سفرەی حەوت سینی خۆیان. ئەوەش بۆ ئەوەی نەریتی سفرەی حەوت شینی کوردی لە مێژوودا بسڕنەوە. هیوادام کە گەلی کورد هەوڵ بدات کە سفرەی حەوت شینی کوردی بکاتەوە داب و نەریتی نەورۆز.  

سفرەی حەوت شینی کوردی

١ ـ شینکایی (سەوزی)

٢ ـ شەمامە

٣ ـ شایی (دراوی وردە)

٤ ـ شیرینی

٥ ـ شلیک

٦ ـ شلێر

٧ ـ شەم

مرۆڤ دەتوانی بە ویست و خواستی خۆی سفرەی حەوت شینی کوردی لە نەورۆزدا برازێنیتەوە.

نووسینی: عوسمان کەوکەبی شاد

رێکەوتی ١/١/٢٧٢٤ کوردی؛ بەرانبەر بە ٢١/٣/٢٠٢٤ زاینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی