پێشەکی با ڕای بگەیەنم کە بە پێکهاتنی کۆنگرەی ”یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان” زۆر سەربەرز و خۆشحاڵم، بە تایبەتی کە هەڕەشە و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم کۆنگرەیەدا، نەیانتوانی پێش بە پێکهاتنی بگرن.
بەبۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ”کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان”، پیرۆزبایی لە تێکڕای کادرەکان، پێشمەرگەکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات و بە گشتی خەڵکی کوردستان دەکەم. ئەوە خەڵکی کوردستان بوون کە وازیان لە ڕێبەری و تێکۆشەرانی دوو لایەنی دیموکرات نەهێنا هەتا ئەم دوو لایەنە ملیان بۆ یەکگرتنەوە ڕانەکێشا. لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە، هەر پێویستە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان بکەم. حیزبی دیموکرات، ئامرازی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان و ئەمانەتێکی ئەوان لای ئەو کەسانەیە کە ڕێبەریی ئەم حیزبەیان لە ئەستۆویە. پێکهاتن و سەرکەوتنی کۆنگرە، مەرج و پێویستیی بەردەوامی و بەرەوپێشچوونی ئەم ئامراز و ئەم ئەمانەتەی خەڵکی کوردستانە. ئەوە خەڵکی کوردستانن کە بە گیانی ڕۆڵەکانیان و بە سەر و ماڵی خۆیان، بە پشتیوانیی بێ سنوور و بێ بڕانەوەیان، مانەوە و لە پێ نەکەوتن و ڕاوەستانی سەربەرزانەی ئەم حیزبەیان بە درێژایی هەشت دەیەی ڕابردوو دەستەبەر و مسۆگەر کردووە.
ئێستا له دەرەوەی وڵاتم(٭) و لە کوردستان نیم، هەر بۆیه ئەو کارەی ئەگەر لە کوردستان بام دەبا حزووری و لە نزیکەوە کردبام، دووراودوور و لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە دەیکەم:
بەگەرمی پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ژن و پیاوە تێکوشەرانە دەکەم کە لەم کۆنگرەیەدا وەک ئەندامی ئەسلی یان جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراون(هەرچەند ژمارەی خانمان لەو ڕێبەرییەدا بەداخەوە ئەوەندە بەرچاو نییە). هیوادارم لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەدا کە کۆنگرە خستوویەتە سەرشانیان، بە تایبەتی پاراستنی یەکگرتوویی ڕیزەکانی حیزبی دیموکرات و ئامادەکردنی ئەم حیزبە بۆ هەلومەرجی نوێی بەردەم ناوچە و ئێران، سەرکەوتوو بن.
هەر لێرەشەوە ڕووی قسەم لەو هاوڕێیانە دەکەم کە پێشتر لە ڕێبەریی حیزبدا بوون، یان لەم کۆنگرەیەدا هەوڵیاندا ببن بە ئەندامی ڕێبەری و دەنگی پێویستیان نەهێنایەوە و هەڵ نەبژێردران. زۆر بە ڕاشکاوی عەرزیان دەکەم هەر کەس لەم کۆنگرەدا بایە و مافی دەنگدانی هەبا، بە سەرنجدان بە ڕابردووی تێکۆشان، توانا و لێهاتوویی، ئەزموون و زانست، دڵسۆزی و فیداکاریی کاندیداکان ، هەر بە زەحمەت دەیتوانی کاندیداکان گوڵبژێر بکا و دەنگیان پێ بدا. حیزبی دیموکڕات بە دڵنیاییەوە بەشی زیاتر لە چوار کۆمیتەی ناوەندییش، سەرکردە و کادری شیاوی ئەندامەتیی ڕێبەریی هەیە. دیارە ئەمە مایەی شانازی و دڵخۆشی و هیوادارییە، بەڵام هەر لەو کاتەشدا، هەڵبژاردن و گوڵبژێرکردنیان بۆ دەنگدەر، دەکات بە کارێکی سەخت، تا ئەو ڕادەیە دەنگدەر لەگەڵ خۆی تووشی کێشە و عەزابی ویژدان دەبێت. من کە بۆخۆم لەم کۆنگرەیەدا مافی ئەوەم هەبوو وەک نوێنەر بەشدار بم و بەداخەوە نەمتوانی بچمە شوێنەکانی پێکهاتنی کۆنگرە، چەند جار لیستی ناوەکانم هێنایە پێش خۆم، لەخۆم دەپرسی ئەگەر ڕێگایان پێدام دووراودوور دەنگ بدەم، چۆن دەنگ بدەم؟ بۆ دە-دوازدە کەسی یەکەم بە هاسانی ساخ دەبوومەوە، بەڵام بۆ ئەوانی تر دادەمام؛ چونکە زۆربەیان کادری لێوەشاوە، بەتوانا و بەمایە بوون، یان لەو کادر و تێکۆشەرە گەنجانە بوون کە پێگەیشتوون و ئەگەر بێنە نێو ڕێبەریی حیزب، دەتوانن ڕۆڵێکی باشتریان لە بەڕێوەبەری و خزمەتی حیزبدا هەبێت، یان لەو کەسانە بوون کە چەندین ساڵە بەکردەوە سەلماندوویانە کە شیاوی ئەندامەتیی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتن.
ئاشکرایە لە ڕەقابەت و هەڵبژاردنێکی ئەوتۆدا، هەموو کاندیداکان سەرناکەون و هێندێکیان دەکەون. ئەمە بەمانای شایستەنەبوونی ئەوان بۆ ڕێبەری نییە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە تێکۆشەری حیزبی، لە دەرەوەی ئۆرگانی ڕێبەرییش دەتوانێت ڕۆڵی لە خزمەت و پێشخستنی حیزبەکەیدا هەبێت. هەرلەجێدا، ڕێبەریی حیزب ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبێت کە بوار و مەیدان و دەرەتان بۆ وەگەڕخستن و بەکارهێنانی تواناییە جۆراوجۆرەکانی دەرەوەی ڕێبەری پێک بێنێت. هەم سەردەمی ئێستا وا دەخوازێت، هەم تایبەتمەندی و جۆراوجۆرییەکانی نێو حیزبی گەورە و لەمێژینەی دیموکرات پێویستیان بەوە هەیە کە ڕێبەریی حیزب، ڕێبەرییەکی داخراو و حیزب بۆخۆ پاوانکردوو نەبێت. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو مەیدان و بوارەکاندا بۆ نموونە، پلاندانان، سیاسەتداڕێژی، سازماندان و بەڕێوەبەرێتی، فەرماندەیی، ڕێکخراوە دیموکراتییەکان، خەباتی مەدەنی، ڕاگەیاندن، کاروباری دارایی، دیپڵۆماسی و پێوەندییەکان، فێرکاری، ڕێکخستن و…هتد، بە دەیان کادر و سەرکردەی ناسراو و پێگەیشتووی هەیە. ڕێبەرییەک نەیهەوێ یان نەتوانێ لەو تواناییانە سوود وەربگرێ و لە هاوفکری و پێ ئە سپاردنی ئەرک و بەرپرسایەتی پێیان خۆی ببوێرێ، بەدڵنیایەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆیدا سەکەوتوو نابێت و زیان بە سەرجەمی ئۆرگانیزمی حیزبی دەگەیەنێت.
جێبەجێبوون وسەرکەوتنی بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە کە هەرە گرنگترینیان ئامادەکردنی حیزبی دیموکرات بۆ قۆناغێکی نوێ و چارەنووسساز لە تێکۆشان و خەباتە، لە گرەوی پشتیوانیی سەرجەم ئۆرگان و ئاست و بەشەکان و تێکڕای تێکۆشەران و ئەندامان لەو ڕێبەرییە و، بایەخدانی ئەم ڕێبەرییە بە توانایی و زەرفییەتە زۆر و فرە ڕەهەندەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و وەگەڕ خستنیان دایە. با هەموومان بە جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانمان لەم قۆناغەدا لە شانازیی خوڵقاندنی داهاتوویەکی نوێ بۆ نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەشدار و هاوبەش بین.
(٭)لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزب(کۆنگرەی شەهیدان، شیوەجۆ، سەرماوەزی ١٣٦٠، دیسامبری ١٩٨١) هەتا ئێستا، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، یەکەم کۆنگرە بوو کە بە داخەوە لەبەر کێشەی نەبوونی پاسپۆرت و مافی هاتوچۆ، نەمتوانی تێیدا بەشدار بم…
قادر وریا ٢٠٢٥/٢/٦
وەرگیراو لە لاپەڕەی نووسەر
بابەتی پەیوەندی دار
ڕوانگە – بابەت: هەڵسەنگاندنی کۆنگرەی ” یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان”
لیستی ئەندامان و بەیاننامەی کۆنگرەی ١٧ (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)