ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی 1404/4/15ی هەتاوی بەرانبەر بە 2025/7/6ی زایینی خاتوو ”مریەم قادری” کچی کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی پیرانشار، نەمر ” کاک حەمەدی سەروکانی” بەهۆی چوونە سەری تەمەن، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ڕۆژی 1ی خەرمانانی 1316ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر لە دایک بوو. بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتیی باوکی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە بیری کوردایەتیی و نەتەوەخۆشەویستیی پەروەردە بوو. کاک حەمەد هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە چالاکانە لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتدا خەباتی کرد و لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆماردا پلەی کاپیتانی هەبوو و بە کاپیتان قادری دەناسرا. دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان زۆر چالاکانە هاتەوە مەیدان. لە شاڵاوەکانی ساواک بۆ سەر تەشکیلاتی حیزب لە زەمانی ”شا” ی گۆڕبەگۆڕدا وێڕای ژومارەیەکی دیکەی ئەندامانی حیزب کەوتە بەر شاڵاوی گرتن و ئەشکەنجەدان، بەڵام نە گرتن و ئەشکەنجە و نە هەڕەشە و لەژێرچاوەدێریگرتنی دوای زیندان نەیاتوانی کاک حەمەد لە خەبات دڵسارد بکەنەوە.

خاتوو مریەم لە نێو وەها بنەماڵەیەکدا پەروەردە بوو و هەر بەو ڕێبازەدا ڕۆیی کە باوکی دەستی پێکردبوو. خاتوو مریەم لە گەڵ سەرهەنگ ”ئیرەج قادری” یەکێک لە ئەفسەرانی شۆڕشگێڕیی دەست بەسەرداگرتنی پادگانی مەهاباد دا ژیانی هاوبەشی پێکهێنا. سەرهەنگ قادری وەک زۆر ئەفسەری شۆڕشگێڕی دیکە هاتە ڕیزی پڕ لە شانازیی پێشمەرگەکانی حیزب و قۆناغەکانی پێشکەوتنی لە نێو حیزبدا زۆر زوو تێپەڕ کرد و بوو بە جێگای متمانەی ڕیزەکانی حیزب و ماوەیەک وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزب درێژەی بە خەبات دا. لە هەموو ئەو ماوەیەدا خاتوو مریەم زۆر لێبڕاوانە یار و پشتیوانی هاوژینەکەی بوو. سەرەڕای نەقشی بەرچاو چ وەک هاوژین بۆ سەرهەنگ قادری و چ وەک دایک بۆ منداڵەکانی ببووە سەرچاوەیەکی خۆشەویستی بۆ پێشمەرگەکانیش. هەر بەو هۆیەوە لە لایان پێشمەرگەکانەوە بە ”دایە مریەم” نێوی دەهات.
دایە مریەم وەک زۆر کەسی دیکەی تاسەباری دیتنەوەی کوردستان لە ئازادی و بەختەوەری دا، بۆ دواجار لە وڵاتی غەریبی دا چاوە پڕ لە چاوەڕوانییەکانی لەسەر یەک نان و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە مریەم قادری، لە لایان هەموو ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب لە وڵاتی سوئێد پرسە و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی بەڕێزی دایە مریەم، هاوژینی بەڕێز و تێکۆشەری، سەرهەنگ ئیرەج قادری، کوڕەکانیان و کەسوکاری لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات دەردەبڕین و خۆمان بە شەریک و بەشداریی ئەو کۆستەیان دەزانین.
وێڕای داوای ئاسوودەیی بۆ گیانی دایە مریەم هیوامان سێبووری و سڵامەتی ئازیزانییەتی.
کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سوئێد
****
لە گۆڕستانی Berthåga Kyrkogård لە شاری ئوپسالای سوید بە خاکسپێردرا.
***
بابەتی پەیوەندی دار