دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی 8/10/2025ی زایینی کادری پێشوو و ئەندامی لێوەشاوەی حیزب کاک ”محەمەد وەیسی” بەهۆی چوونە سەری تەمەن ماڵاوایی لە ژیان کرد و درێژەی ڕێگای خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد.

کاک محەمەد سالی ۱۳۱۹ی هەتاوی له بنەماڵەیەکی مام ناوند له شاری مەهاباد له دایک بوو. بەهۆی دەرەتانی ماڵی بنەماڵە و گرینگیی خوێندن لای بنەماڵەکەی، دەرفەتی خوێندنی بۆ دەڕەخسێ و ساڵی ۱۳۳۷ دیپڵۆم وەردەگرێت. دواتر دەچێتە سەربازی و بەهۆی خولیای بۆ کاری تیکنیکی بەرپرسیارەتیی چاکردنەوەی بێسیمەکانی/بێتەلەکانی پێ دەسپێردرێت. دوای تەواوکردنی سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەهاباد. سالی ۱۳۴۰ لە گەڵ خاتوو ”خەجیج تەدەیۆن” ژیانی هاوبەش پێک دێنێ، کە بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان سێ کچ و کوڕێکن. تا سالی ۱۳۵۷ی هەتاوی بە کاری چاککردنەوەی تەلەویزیۆنەوە خەریک دەبێت.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و دەرکەوتنی ڕووکاری جینایەتکارانەی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، وێڕای زۆر کەسی دیکەی کوردپەروەر پێوەندی بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە دەکات. ساڵی 1358 لە کاتی بەڕێوەبردنی مەئموورییەتێکدا لە شاری مەهاباد لە لایان دەزگای ئیتلاعاتیی ڕێژیمەوە دەگیرێت. گیرانی ناوبراو هاوکات دەبێت لە گەڵ دادگاییە چەند خولەکییەکانی خاڵخاڵی جینایەتکار. دوای چەند مانگ ئازار و ئەشکەنجە دوای شەڕی سێ مانگە ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە نێو ڕیزەکانی حیزب و درێژە بە خەبات دەدات.
نەمر کاک محەمەد وێڕای چەند کەسێکی دیکەی تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی حیزب، وەک نەمر ”موهەندیس ڕەزا خەیاتی” مەئموورییەتیی دامەزراندنی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان پێ دەسپێردرێ. سەرەنجام دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بە ئیمکاناتێکی کەم کاناڵێک بۆ لە قاودانی جینایەتەکانی ڕێژیم و دەنگدانەوەی خەباتی گەلەکەمان پێکەوە دەنێن.
ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بێدەنگ کردنی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی دەدا، بەڵام بەهۆی لەخوبوردوویی و دڵسۆزیی کەسانی وەک کاک محەمەد وەیسی و پارێزگاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرەڕای جێگۆڕکەی زۆریش، ئەو دەنگە زوڵاڵەی گەلەکەمان بۆ تاقەڕۆژێکیش بێدەنگ نەبوو.
کاک محەمەد دوای پەڕینەوەی بنکەکانی سەرکردایەتیی حیزب بۆ باشووری کوردستان تا ساڵی 1367 وەک کادری فەننی ڕادیۆ و بەشی چاککردنەوەی بێسیم دا کاری کردووە. لەو ماوەدا زۆر پێشمەرگەی لەسەر چۆنیەتیی کاری بێسیم پێگەیاندووە کە دواتر لە ئۆرگانەکانی حیزبدا خزمەتیان کردووە.
ساڵی 1367 تا 1368ی هەتاوی بەرپرسی ئاسایشگای حیزب بووە. ساڵی 1368 تا 1371 بەرپرسی پرسگەی حیزب بووە.
کاک محەمەد لە ماوەی پێشمەرگایەتیی خۆیدا پلەکانی تەشکیلاتی تا کادری دەرەجە 2 دەبڕێت و لە هەموو بەپرسایەتییەکانیشی دا زۆر دڵسۆزانە ئەرکە پێ سپێردراوەکانی بەڕێوە دەبات.
ساڵی 1371 واز لە پێشمەرگایەتی دێنێ و بەرەو غوربەت ڕێگای هەندەران دەگرێتە بەر و لە شاری ئۆرێبرووی وڵاتی سوئێد نیشتەجێ دەبێت. کاک محەمد وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، بەڵام لە دوورە وڵاتیش وەک ئەندامی چالاکی حیزب درێژەی بە کاری خۆی دا . ناوبراو لە وڵاتی سوئێدیش ساتێک لە خزمەت بە حیزب و گەلەکەی سڵی نەکردەوە. تا ئەو کاتەی توانای جەستەیی بڕی دەکرد، بۆ هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی حیزبی ئامادە دەبوو. ئەو کاتەش بێهێزی جەستەیی هەڵسووڕانەکانی سنووردار کرد، بە دڵ هەروا لە گەڵدا بوو و تا بۆ دواجار چاوە پڕ لە حەسرەتەکانی دیداریی دووبارەی وڵاتی لەسەر یەک نان هەروا وەفادار بە حیزب و ڕێبازەکەی مایەوە.
بە کۆچی دوایی کاک محەمەد حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەگشتی، بەتایبەت کومیتەی سوئێد یەکێک لە ئەندامە هەرە وەفادار و زەحمەتکێشەکانی خۆی لە دەست دا.
بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک محەمەد وەیسی تێکۆشەری دێرین، لە لایان هەموو ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب وڵاتی سوئێد پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی وەیسی، بە گشتی و خاتوو خەجیجی هاوژینی و کچ و کوڕەکانی؛ لەیلا، مێهران، فەریبا و بەهار بەتایبەتی دەکەین.
ڕووحی نەمر کاک محەمەد ئارام و ئاسوودە بێت و هیوای سێبووری و ئارامی بۆ دڵی زامداری بنەماڵە و خۆشەویستانی دەخوازین.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران- کومیتەی سوئێد
پێشمەرگەکان: روحی کاک محەممەدی شۆڕشگێڕ شاد بێ و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین و ئاخرین خەمیان بێ .




