پێشمەرگەکان: شەڕ و پێکدادان لە مەلەکشا و کرماشان، تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵک کرا و بەداخەوە چەندین رۆڵەی کورد بوون بە قوربانی و دەیان کەس بریندار بوون.

ئەمجارەش کۆماری ئاخوندی دەستیان لە کوردەکان نەپاراست و لە دانیشتوانی شارە فارس و تورک نشێنەکان کەمتر هێڕشی چەکداری دەکا و خەلکی دەکوژێ بەڵام کە هاتە کوردستان یەکەم هێڕشیان بە چەکی گەرم دەبێ.
شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٣ی 1ی ٢٠٢٦)، تاران و شارە جیاجیاکانی وڵات گۆڕەپانی خۆپێشاندانی شەوانە، شەڕ و پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان بوو. خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە وەڵامی هەڕەشەکانی شەممەی خامنەییدا، بە دروشمەکانی «مردن بۆ خامنەیی» شەقامەکانیان کۆنترۆڵ کرد.
لە تاران، خەڵک لە ناوچە جیاجیاکان لەوانە: شەهری قودس، شەهریار، شەقامی پیروزی، هەفتحەوزی نارمەک، نازیئاباد، تارانپارس، سادقییە، نیزامئاباد، کۆکاکۆلا و شەهری زیبا ڕژانە سەر شەقامەکان. لە نازیئاباد جەماوەرێکی زۆر بە دروشمی «مردن بۆ دیکتاتۆر» خۆپێشاندانیان کرد و ژنێکی شۆڕشگێڕ و ئازا پلاکاردێکی بەدەستەوە بوو کە لە وەڵامی قسە پڕوپووچەکانی خامنەییدا لەسەری نووسرابوو «من ئاژاوەگێڕ نیم». لە هەفتحەوزی نارمەک، گەنجان ڕووبەڕووی ئەو چەتانە بوونەوە کە گازی فرمێسکڕێژیان تێگرتبوون. هەروەها خوێندکارانی زانکۆی خواجە نەسیر بە دروشمی «بەیەکڕیزی سپای پاسداران، داعش ئێوەن» دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد.
لە مەلەکشای ئیلام، خۆپێشاندانی خەڵک گۆڕا بۆ پێکدادانی خوێناوی. پاسدارە تاوانبارەکان تەقەیان لە خەڵک کرد کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێدەرتان. گەنجانی دلێری مەلەکشا لە بەرامبەردا دەستیان بە بەرگری کرد و لەگەڵ بەکرێگیراوان بەشەڕ هاتن. ”بنیادی شەهید”، بنکەی هێزە ئەمنییەکان و چەند بانکێک تێکدران. ڕاپۆرتەکان سەرەتا باسیان لە کەمیی خوێن بۆ بریندارەکان لە نەخۆشخانەی ئەو شارە کرد کە بە خۆشیەوە خەڵک خوێنی تەواویان پێ دان. تا ئێستا ناوی چوار لە شەهیدانی مەلەکشا کە ناسنامەکەیان پشتڕاستکراوەتەوە بریتین لە: محەمەد موقەدەسی (بزونە)، فازڵ (فارس) ئاغاموحەمەدی، مەهدی ئیمامیپوور، ڕەزا عەزیمزادە.
لە کرماشان، بەتایبەت لە گەڕەکی جەعفەرئاباد، پێکدادانی توند لە نێوان خەڵک و هێزە سەرکوتکەرەکان ڕوویدا و دەنگی تەقە لە چەند بەشێکی شارەکە دەبیسترا. گەنجانی شۆڕشگێڕ لە هەرسینیش ”حەوزەی جەهل و تاوان”ی ڕژێمیان ئاگر تێبەردا.
لە مەشهەد، خۆپێشاندان لە شەقامەکانی کڵاودوز، فەلەستین و شوێنەکانی تر بەڕێوەچوو. گەنجانی شۆڕشگێڕ ماتۆڕسکیلی هێزە سەرکوتکەرەکانیان سووتاند و بە دروشمی «تا ئاخوند کفن نەکرێ، ئەم نیشتمانە نابێتە نیشتمان» شەقامەکانیان داخست.
لە شیراز، خۆپێشاندەران لە شەقامی ئەمیرکەبیر بە دانیشتن لەسەر ئەرز ڕێگەیان لە هێزە سەرکوتکەرەکان گرت و گەنجان لە ناوچەی گوڵشەن بە سووتاندنی تایە ڕێگاکانیان داخست. لە دەلیجان، پەیکەری قاسم سولەیمانی لەلایەن گەنجانەوە ئاگر تێبەردرا و لە خاش کیۆسکی هێزە ئەمنییەکان سووتا.
هەروەها لە شارەکانی کەرەج (فەردیس)، ئەسفەهان، یەزد، ڕەشت، ساری، ئامۆل، بوشەهر، یاسووج، هەمەدان، زەنجان، قەزوین، ئەراک، گەچساران، ڕوودسەر، لاهیجان، ئەقڵید، نەیریز، فەیروزئاباد، زەرقان، کەشن و مەعالیئابادی شیراز، ئەزنا، جەوین، ئاودانان، مێهران، هەفشەجان و ساری، خۆپێشاندان و پێکدادان تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
**
بەداخەوە مێدیاکانیش هەر یەکەو بە قازانجی خۆی دەنگی خۆثێشاندانەکان دەگۆڕن، سەڵتەنەت تەڵەبەکان، جاوید شای پێ ئیزافە دەکەن و ئەوانی دیکەش ئەگەر لە شوێنەک جاوید شا هەبێ سانسۆری دەکەن و بمرێ خامنەای پێ زیاد دەکەن.
هەرچۆنێک بێ خۆپێشاندانەکان پەرەیان سەندووە و دوای شۆڕشی ژینا یەکەم جارە خۆپێشاندانی وا بەربڵاو لە ئێران بکرێ و ئەمجارە تارانیەکان لە پەنجەرەوە هاتوونەتە سەر شەقام و ئەگەر بەردەوام بێ کۆماری ئیسلامی لە گۆڕ دەنرێ و داهاتووش کێ دەسەڵاتی وڵات دەگرێتە دەست نادیارە. دوو هێز هەن موجاهدین و سەڵتەنەت تەڵەبەکان، بەڵام موجاهدین وەک دەبینرێ نە لە دەرەوە نە لە ناوخۆ لە مەیدان دا نین و شانسی سەڵتەنەت تەڵەبەکان زۆر زیادتر بەرچاو دەکەوێ و مێدیای باشترینشیان لە بەردەستە.
دوای روخانی رێژیمیش شەڕی دەسەڵات دەست پێ دەکا و هیوادارم کوردستان یەکگرتوو بێ و دەسەڵاتی خۆی لە ئێرانیەکان جیا بکاتەوە، چیتر ژێر دەستە نەبین.
ناوی چەندین شەهید تا ئیستا وەرگیراو لە مێدیاکان
