Hoppa till innehåll
Hem » پلانی ئایەتوڵا کەوتە کار: ناوچەکە دەخەنە ناو ئاگر

پلانی ئایەتوڵا کەوتە کار: ناوچەکە دەخەنە ناو ئاگر

بەر لە کوژرانی رێبەری باڵای ئێران لەم کۆتایی هەفتەیەدا، ئەو پلانێکی وردی بۆ بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجێهێشت.

ئێستا بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ”فایننشاڵ تایمز”، ئەو پلانە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوەیەک لەناو ڕژێمی ئێران بە ڕۆژنامەکەی وتووە: ”هیچ بژاردەیەکی ترمان نەبوو جگە لە پەرەپێدان [بە ئاڵۆزییەکان] و هەڵگیرساندنی ئاگرێک ئەوەندە گەورە کە هەمووان بیبینن.”

پلانەکە بریتییە لە لەکارخستنی هاتووچۆی ئاسمانی لە ناوچەکە و هێرشکردنە سەر دامەزراوە وزەییەکان. ئەم پلانە دوای شەڕە ١٢ ڕۆژەکەی ساڵی پار لەگەڵ ئیسرائیل داڕێژراوە.

بە وتەی سەرچاوەکە، لەو کاتەوە بڕیاردانی سەربازی بەرەو لامەرکەزی چوو، بۆ ئەوەی رێگری لە پەککەوتنی وڵاتەکە بکرێت کاتێک سەرکردە گرنگەکان دەکرێنە ئامانج.
جێبەجێکردنی ڕێنماییە پێشووەکان

زانیارییەکان لەگەڵ وتەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران یەکدەگرنەوە.

عێراقچی ڕۆژی یەکشەممە بە کەناڵی ”جەزیرە”ی وت: ”یەکە سەربازییەکانمان سەربەخۆن و تاڕادەیەک دابڕاون، ئەوان بەپێی ئەو ڕێنماییە گشتییانە کاردەکەن کە پێشوەختە پێیان دراوە.”

ئێران هێرشی کردووەتە سەر هۆتێل، فڕۆکەخانە و بەندەرەکان، تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە هەوڵی زۆریان داوە بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریکادا.

هەروەها دامەزراوەکانی وزە لە سعودیە و قەتەر کراونەتە ئامانج – سەرەڕای هەوڵەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران.
”بە شێوازێکی جوان (Elegant) بەردەوام دەبێت”

تەنانەت بنکەیەکی سەربازی بەریتانی لە کەناراوەکانی قوبرس – کە وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپایە – باس لەوە دەکرێت کە کراوەتە ئامانجی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی.

عەلیڕەزا ئاعرافی، یەکێک لەو سێ کەسەی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران تا کاتی جێگرتنەوەی خامنەیی دانراون، لە وتارێکی ڤیدیۆییدا لە ڕۆژی دووشەممە وتی: ”شەڕەکە بەپێی دیزاینەکەی (خامنەیی) بە شێوازێکی جوان بەردەوامە.”

بەپێی بۆچوونی چەندین شیکەرەوە، ئامانج لەو هێرشانە بڵاوانە ئەوەیە کە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە فشار بخەنە سەر واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

سەرچاوە ئێرانییەکە بە ”فایننشاڵ تایمز”ی وتووە: ”ئەمە بەردەوام دەبێت و پێشبینی پەرەسەندنی زیاتریش دەکرێت.”

وەرگیراو لە

https://www.aftonbladet.se/nyheter/a/JOQ4R7/ayatollans-plan-i-kraft-satter-regionen-i-brand