Hoppa till innehåll
Hem » لاریجانی بەرەو دۆزەخ و ڕژێم بەرەو لێواری ڕووخان، ئیدریس هاشمی

لاریجانی بەرەو دۆزەخ و ڕژێم بەرەو لێواری ڕووخان، ئیدریس هاشمی

ئەمڕۆ ڕۆژی مژدە و جەژنە بۆ هەموو ئازادیخوازان و بەتایبەت گەلی مەزنی کورد. هەواڵی پشتڕاستکراوەی کوژرانی عەلی لاریجانی لەلایەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە، تەنیا هەواڵی مردنی تێرۆریستێک نییە، بەڵکوو لێدانی گورزێکی کوشندەیە لە جەستەی شێرپەنجەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هەواڵی تیاچوونی عەلی لاریجانی، تەنیا مردنی کەسایەتییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو لەناوبردنی ”ئەڵقەیەکی پتەو” بوو کە ئۆرگانە جیاوازەکانی دەسەڵات (سوپا، پەرلەمان و ناوەندە ئەمنییەکان)ی بەیەکەوە دەبەستەوە.

لاریجانی بە ڕاوێژکارە نزیکەکەی خامنەیی دادەنرا؛ واتە هەر زوڵمێک کە لەلایەن ڕێبەری دیکتاتۆرەوە دەرحەق بە کورد دەکرا، لاریجانی دەستێکی باڵای تێدا هەبوو.
ئەو ئەندازیاری ئەو سیاسەتە چەپەڵانە بوو کە بۆ چەوساندنەوەی کورد و گەلانی تری ئێران دایاندەڕشت.
نەمانی ئەو، وەک پچڕانی زنجیرەیەک وایە کە هەموو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی پێکەوە ڕاگرتبوو.
هەواڵی کوشتنی ئەم تێرۆریستە تێکشکانی یەکێک لەو سەکۆیانەیە کە ساڵانێکی درێژ بڕیاری جینۆساید و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی لێوە دەر دەچوو. ئەو تێرۆریستێکی توندڕەو بوو کە لە پشتی پەردەوە، نەخشەی بۆ داگیرکاری و سەرکوتی کوردستان دەکێشا، بەڵام ئێستا بووەتە پەندی زەمانە.
لاریجانی تەنیا چەکدار نەبوو، بەڵکوو ئەو مێشکە ژەهراوییە بوو کە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و پەرلەماندا، هەموو جووڵەیەکی مەدەنی و سیاسیی کوردی وەک ”هەڕەشە” دەناساند و ڕێگەی بۆ خوێنڕێژی خۆش دەکرد.
ئەو بڕوای بە هیچ مافێکی نەتەوەیی نەبوو و تەنیا زمانی ”زەبروزەنگ”ی دەناسی.

کوژرانی لاریجانی مژدەیەکە بۆ هەموو ئەو دڵانەی کە ساڵانێکە بە دەست بڕیارە خوێناوییەکانی ئەم تێرۆریستە دەناڵێنن. بە لەناوچوونی ئەم تێرۆریستە دژەکوردە، بۆشایییەکی گەورەی ئیداری و بڕیاردان لە لووتکەی دەسەڵاتی ئێراندا دروست دەبێت. ئەمە دەرفەتێکی زێڕین و مێژوویییە بۆ گەلانی بندەست، بەتایبەت گەلی کورد، ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ لێدانی کۆتا بزمار لە تابووتی ئەم ڕژێمە خوێنڕێژە. کاتێک کەسی دووەمی بڕیار لەدوای خامنەیی لەناو جەرگەی پایتەخت دەکوژرێت، ئەوە شکانی هەیبەتی پووچی سوپای پاسدارانە واتە هیچ کون و قوژبنێکی ئەو وڵاتە بۆ ستەمکاران ئارام نییە.
مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ ستەمکارێک تا سەر نابێت و سەرەنجام زەوی لە پیسیی جەستەیان پاک دەبێتەوە.

ئەوەی خەونی بە لەناوبردنی ئیرادەی کوردەوە دەبینی، ئێستا خۆی بووە بە خۆڵەمێشی مێژوو.
لاریجانی کە تەمەنێکی لە ڕێگەی تیرۆر و خوێنڕێژیدا بەسەر برد و وای دەزانی دەسەڵاتی ستەم هەتا سەرە، ئێستا لەناو جەرگەی تاراندا بە سزای خۆی گەیشت و ​زەوی لە یەکێک لە پیسترین دوژمنەکانی کورد پاک بووە.

کوشتنی لاریجانی نیشانەیەکە بۆ ئەوەی کە قەڵای ستەمکاران لە لێواری ڕووخاندایە. ناردنی ئەو بۆ دۆزەخ ئەگەر لە کوژرانی خامنەیی خۆشتر نەبێت، کەمتر نییە؛ چونکە ئەو مێشک و داڕێژەری ئەو سیاسەتە چەپەڵانە بوو کە ژیانی لە هەزاران گەنجی کورد تاڵ کردبوو.
ئەوەی زمانی لە ئاست مافەکانی کورد درێژ بوو، ئێستا خاک دەمی پڕ کردووەتەوە. ئەمە چارەنووسی هەموو ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت ئیرادەی گەلێکی زیندوو بشکێنن. مێژوو ناوی ئەو وەک تێرۆریست دەنووسێتەوە.

پیرۆزبایی لە گەلی کورد و تەواوی ئازادیخوازان و گەلانی بندەستی ئێران دەکەین. ئەم هەواڵە خۆشە، گەورەترین جەژنانەیە بۆ دایکی شەهیدان، بۆ زیندانیانی سیاسی و بۆ هەموو ئەو گەنجانەی کە لاریجانی و هاوبیرەکانی، خەون و ژیانیان لێ تێک دابوون.

لاریجانی تەشریفی بۆ دۆزەخ برد، بەڵام کوردستان هەر دەمێنێ و ئاڵای ئازادی لەسەر تەرمی ئەم دیکتاتۆرانە دەشەکێتەوە.
​ئەمە سەرەتای کۆتایییە. با هەموومان ئامادە بین بۆ قۆناغی داهاتوو، کە ڕووخاندنی تەواوەتیی ئەو سیستمەیە کە لاریجانی یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی.
ـــــــــــــــــــــ
ئیدریس هاشمی – سوید
2026-03-18