لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، لە گوندی تەرابینی سانع لە ئیسرائیل کە گوندێکی عەرەبییە، نزیکی لەسەدا ٦٠ ی خەڵکەکەی دەنگیان بە ناتانیاهۆ دا. شتێکی ڕوونە کە ئەوە هەڵبژاردن بووە و

کەسیش دەمانچەی نەخستۆتە سەر سەریان کە دەنگ بەو و پارتە ڕاستڕەوە بدەن، بەڵام عەرەبەکان ئەویان هەڵبژاردووە.
بە دڵنیایی عەرەبەکان زانیویانە کە ناتانیاهۆ کێیە و سیاسەتی چۆنە بەرامبەر بە فەلەستینییەکان. بەڵام ئەی باشە بۆ ئەویان هەڵبژارد؟ وەڵامەکەی ڕوونە، “لە پێناوی بەرژوەندی تایبەتی خۆیان”. ئاین و داکۆکی لە فەلەستین لای ئەوان مانای نەبووە و نییە. بەو جۆرە ئا لەو کاتەدا کە کورد لە باشور بۆ فەلەستین دەگریا و خەریکی پارەکۆکردنەوە بوون بۆیان، عەرەبەکانی خەریکی بەرژوەندی خۆیان بوون و لە ڕێگەی دەنگدانەوە، ناتانیاهۆیان بەهێزتر دەکرد.
ئەمە شتێکی نوێ نیە. زیاتر لە هەشت ساڵ لەمەوبەر، مێژوونوسێکی خاچهەڵگری لەدایکبووی شاری سوری لوبنان و بنەچە ئەوروپی، کە شارەزای عەرەبەکان بووە بە ناوی ولیەمی سور، ئەو شایەتحاڵی جەنگی خاچهەڵگر و موسوڵمانەکان بووە و لەوێ عەرەبەکانی بینیوە و سەبارەتیان دەڵێت:
“تا ئەو کاتەی ئەنجامی جەنگەکە نادیار بێت، ئەوان لە دوورەوە سەیر دەکەن. پاشان دەچنە پاڵ لایەنی براوە؛ وەک ئەوەی دوژمن بن، لایەنە شکاوەکان ڕاودەنێن تاوەکو خۆیان لە ڕێگەی دەستکەوتەکانیانەوە دەوڵەمەند بکەن”.
ئەم هەڵسوکەوتە کە تۆمارکراوە، هەر هەمان هەڵسوکەوتی گوندی تەرابینی سائیعی ئیسرائیلی ئەمڕۆیە. دیسان هەمان شت دووبارە دەبێتەوە کە عەرەبەکان سەرقاڵی بەرژوەندی کەسیی خۆیان بوون، نە ئاگایان لە ئایین بووە نە جەنگی خاچهەڵگران. لە ڕاستیدا یەکێک لە قافڵە سەربازی و ئابوورییە هەرە گەورەکانی دەوڵەتی کوردی سەلاحەدین، بە هاوکاری عەرەبەکان لەلایەن ڕیچارد شێردڵەوە گیرا، لەبەر ئەوەی کە عەرەبەکان زانیاری ئەو کاروانەیان بە ڕیچار فرۆشتبوو. لە ئەنجامدا سەلاحەدینی ئەیوبی و دەوڵەتە کوردییەکەی بەشێکی گەورەی سەرچاوەی دارایی لەوێدا ڕۆیشت. ئەمە وایکردبوو کە سەلاحەدینی ئەیوبی بەشی گەورەی سەرچاوەی دەوڵەتەکەی بۆ جەنگ لە دژی عەرەبەکان تەرخان بکات. یارانی سەلاحەدین زۆریان لەسەر خراپی عەرەب و کاریگەری ئەوان نووسیوە و لێرەدا نامەوێت بابەتەکە درێژتر بێت. بەڵام قسەی ئەوان بەرامبەر عەرەبەکان هەر هاوشێوەی ئەوەی ولیەمە و بە خەڵکی خراپ لە قەڵەمیان دەدەن و تەنانەت نامەی سەلاحەدین خۆشی لەسەر ئەو بابەتە هەیە.
جا ئێستا کوردێک پەیدا دەبێت کە دینداری و داکۆکی لە عەرەبی لێ تێکەڵ بووە و خەمی عەرەبییەتی، دەڵێت ئەوان ئەعراب بوون و جودان لە عەرەب. باشە کە ئەوان ئەعراب بوون وجودا بوون لە عەرەب، کام عەرەب هاوکاری سەلاحەدینی کردووە، خەلیفەی عەباسی و دەوروبەرەکەی؟
خەلیفەی عەباسی ڕوخانی دەوڵەتی فاتمی پێ خۆش بووە، بەڵام هەموو بەڵگەکان ململانێیەکی ڕوون نیشان دەدەن لەگەڵ سەلاحەدینی ئەیوبی و دەوڵەتەکەی. ئەم ململانێیە بەشێوەیەک زەق بوو بووەوە کە حاجیەکانی سەلاحەدینی ئەیوبی و دەوڵەتەکەی بەئاڵای خۆیانەوە و حاجییەکانی دەوڵەتی عەباسی بە ئاڵای خۆیانەوە، لە کاتی حەجدا ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە و حاجیەک لەوانەی سەر بە سەلاحەدین، دەکوژرێت.
ئەحمەدی جۆلانی سەرۆکی سوریا، هەر هاوشێوەی عەرەبەکانی باوباپیرانی، هێندەی خەریکی کوشتنی کوردی هاودین و دروز و عەلەوی بووە، ئاگای لە ئیسرائیل نەبووە. ئەو تا ئێستا هەر مەرایی بۆ ڕۆژئاوا و ئیسرائیل کردووە و هەر هەمان شت ڕۆژانە دووباردەبێتەوە. سەرەڕای ئەوە، لە باشور ئەحمەدی شەرع بە هاودین و دۆست و موجاهیدیش سەیر دەکەن.
جا تاکی کورد بە گشتی لە ئەنجامی کاریگەری سەد ساڵ فیلم و پەرتووک و تەفزیۆنی عەرەبیدا، یادەورییەکی مێژوویی بۆ دروستکراوە و دەڵێت سەلاحەدین خزمەتی عەرەبی کردووە. مرۆڤ کە گوێی لەوە دەبێت ناچارە کە بڵێت کام عەرەب؟ ئەو کاتە خەلیفەی عەباسی نوێنەرایەتی بەرژوەندی عەرەبی کردووە، هەموو سەرچاوەکان دەڵێن کە خەلیفەی عەباسی هیچ هاوکارییەکی سەلاحەدینی نەکردووە و پشتی تورکەکانی گرتووە لە دژی سەلاحەدین. سەلاحەدینیش ئاگاداری ئەوە بووە و هەر لەبەر ئەوەش بوو کە داوای ئەوی بۆ شارەزوور ڕەتکردەوە. دیارە ململانێی نێوانیان نەبووە بە جەنگ، بەڵام ئەم خەیاڵەی لە هزری تاکی کوردی ئیسلامی و علمانیدا لەسەر سەلاحەدین دروست بووە، بەرهەمی سینەما، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و خوێندنگەکانی دەوڵەتە عەرەبییەکانە کە سەد ساڵە بە درۆ سەلاحەدینێکی درۆینە دروست دەکەن و ڕوخساری عەرەبێکی مێژوویی خاوەن بیروبڕوای داکۆکیکەر لە قودس هەڵدەبەستن و دەخەنە ڕوو. کوردیش بە گشتی بڕوای پێیان کردووە و جنێو بە گەورەترین سەرکردەی خۆی دەدات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
یان کوردێک دێت کە زۆرجار پەرتووکێکی لەسەر سەلاحەدین نەخوێندۆتەوە و دەڵێت سەڵاحەدین کوردی بە وڵاتاندا پەرەوازە کردووە، بێ ئەوەی کە سەردەمەکە بخوێنێتەوە. ئەو سەد ساڵە لە ڕێگەی فیلم و میدیای عەرەبییەوە، سەلاحەدینێکی عەرەبی دەبینێت و بەدوای بەهانەدا دەگەڕێت لە دژی ئەو. دەنا نزیکی حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر قەلقەشەندی کە ئاماژە بە کورد دەکات، دەڵێت ئەوان بەهێزن و ژمارەیان زۆرە، گەر شمشێری دووبەرەکی لە نێوانیاندا نەبووایە ئەوا پەلیان دەهاویشت بۆ وڵاتان و خەڵکی خۆیان لەوێ نیشتەجێ دەکرد.
واتە بۆ ئەو سەردەمە پەلکێشان بۆ وڵاتان و نیشتەجێکردنی خەڵکی خۆت لەوێ، خزمەتی نەتەوە بووە و بە تایبەتیش قەلقەشەندی لە ئاماژە بە کورد دا دەیخاتەڕوو. ئەمەیە کێشەی بەشێک لەو کوردە علمانیانەی کە دژی سەلاحەدینن کە ئاگاداری سەرچاوە و مێژوو نین و کۆی بۆچوونیان لەژێر کاریگەری سەلاحەدینی درۆینەی عەرەبیدا بۆ دروست بووە . بەشێکی گەورەی ئەو ئیسلامیانەش کە لەگەڵ سەلاحەدینن، ئەو چیرۆکە درۆینەی عەرەبەکانیان لەسەر سەلاحەدین قبوڵە و ئەوانیش زۆر بۆیان گرنگ نییە سەلاحەدین وەک خۆی بناسن، ئەوان ئەو سەلاحەدینە بەرگ و هزر عەرەبییە هەڵبەستراوەیان دەوێت کە گوایە سونیگەرا بووە، بۆیە سۆفیگەری و خانەقاکانی کە بناغەی دەوڵەتەکەی بوون، بایەخی پێ نادەن. بە دڵنیایی لێرەدا بۆ علمانی و ئیسلامی کورد، مەبەست لە هێلە گشتییەکەیە نەک هەمووی.
پوختەی قسە ئەمەیە، عەرەبەکانی سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی و عەرەبەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل و سوریا، هەر هەمان مێژوو دووبارە دەکەنەوە. ئەوان بە گشتی وەک نەتەوە، خەریکی بەرژوەندی تایبەتی خۆیان بوون. نە سەردەمی سەلاحەدین و نە ئەمڕۆش، هیچ بیروبڕوایەکی ئاینی و بەهایەکی مرۆڤدۆستی کێشە نەبووە بۆ ئەوان، موسوڵمان و نا موسڵمان بۆ ئەوان گرنگ نیە و نەبووە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بەرژەوەندی خۆیانە. بەشێکی گەورەی کوردیش، بێ ئەوەی کە ئاگاداری ئەم ڕاستییە بێت، دێت ئێستا دینداری لێ بووە بە داکۆکی لە عەرەب و لەبری سەرقاڵبوون بە ئەجێندا و کێشەی خۆیەوە، هەندێ جاریش خەریکی داکۆکییە لە دزداشەشە. عەرەبەکان خاوەنی بیست و دوو دەوڵەتن و ئێمەش تازە سەرقاڵی ئەوەین کە بەڵکو تورک و عەرەب و فارس، دڵیان تۆزێک نەرم بێت و ڕێمان پێ بدەن بە زمانی خۆمان بخوێنین و ڕەحممانن پێ بکەن و بڵێن ئێوەش هەن و لە ئەنجامدا ببینە برا و دۆستیان.
وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر سۆران حەمەڕەش
