هەر مرۆڤێک لەو سەرزەوییە بۆ خۆی حەز، ویست، ئاوات و ئارەزووی تایبەت بە خۆی هەیە. حەز دەکات و هەوڵیش دەدات پێیان بگات.

هەمووی ئەوانە و زۆرتریش، هێز، توانا، کار و ماندووبوونی دەوێت. هەموو زانستێکیش فێربوونی گەرەکە. کەسەکان دەبێت بزانن چییان دەوێت و چۆنیان دەست دەکەوێت. ئەو گشتە ویست و حەزانە بۆ بەکارهێنانیان تێگەیشتنیان دەوێت. بۆیە پێشینان گوتوویانە: «تێگەیشتن لە مێوژە ڕەشە خۆشترە».
شتێک کە هم پێویستە و هم ڕەوا، بۆچوونی جیاوازی لەسەرە؛ ئەویش وشەی «نەتەوەپەرستی»یە. زۆران دەڵێن: کوردین، کوردستانمان دەوێت، بەڵام نەتەوەپەرست نین. بە ڕای من ئەو دەستەواژەیە دروست نییە. ئەگەر بزانن خۆشەویستی دوو جۆرە، واتە (حەقیقی و مەجازییە)، ڕاستەقینە و دەمەکی. خۆشەویستیی حەقیقی لە لوتکەی بەرزی خۆیدایە، لەگەڵ خوێن و گۆشتی گەل تێکەڵاوە و نە وەلادەنرێت و نە هیچ شتێکی تر دەتوانێت جێگەی بگرێتەوە. بە کورتی، نیشتمان و گەل پێناسەی نەتەوەن و هر کەس ئەوەی نەبێت نازانرێت کێیە و لە کام تیرە حسێب دەکرێت.
شاراوە نییە هەن کەسانێک نەتەوەپەرست نین، تا ڕادەیەک لێی دوور دەکەونەوە، دەگەنە ئەو حاندەی کە دژیشی ڕادەوەستن کە کورد ناوی ناون جاش و خۆفڕۆش. بەرەنگاریی ئەو شێوە بیرکردنەوەیە دروست پێناسەی عیشقی حەقیقییە. بەشەکەی تر خۆشەویستییەکی کاتی و بەستراوەیە؛ واتە ئەگەر لەبەر ویست و مەبەستێکی تایبەتی و کاتی بوو، بە هاتنەجێی ئەویش تەواو دەبێت. زۆر جار دەبێتە هۆی دڵئێشین و ناڕەحەتیش، چونکە خۆشەویستییەکە بە هۆکارێکە و ڕاستی نییە.
کەواتە نەتەوەپەرستی لە لوتکەی بەرزی خۆشەویستییەوە لە دڵی مرۆڤدا جێگیر کراوە. لە عیرفانیشدا دەڵێن: عیشقی ئیلاهییە.
نموونەیەکی ساکارتان نیشان بدم: لە زاتی مرۆڤدا، چ پیاو بێت و چ ژن، دوو جۆر خۆشەویستی هەیە:
یەکەم: کچێک و کوڕێک ناسیاوی لەگەڵ یەکتر پەیدا دەکەن و دەیانەوێت بەیەکەوە بن. ئەوەی یەکەم لە هێندێکیاندا کاتییە و بۆ دامرکاندنی نەفس و ئارەزووە!
دووەم: لە هێندێکیشیاندا بۆ پێکەوەژیانێکی بەردەوام و پێکهێنانی بنەماڵە و منداڵ و هیترە.
یەکەمیان پێی دەگوترێت خۆشەویستیی کاتی؛ ئەوەیان لە دنیای ئەمڕۆدا بەتایبەت لە ئوروپا و دنیای بەناو پێشکەوتوودا باوە. دووەمەکەیان لە هەموو ئایینەکاندا یاسا و ڕێسای خۆی هەیە و دامودەزگای شەرعی و یاسایی بەڕێوەی دەبەن و پێی ڕادەگەن. ئەو هەستەی ئەوەیان پێک دێنێت، خۆشەویستیی (حەقیقی)یە، واتە بە ڕاستییە. لەگەڵ خوێن و گۆشتی مرۆڤ تێکەڵاوە و لە لوتکەی هەرە بەرزی خۆیدایە، نە گۆڕاوە و نە فەوتاوە.
حەز و خۆشەویستی بۆ ئازادیی نیشتمان و گەل، دەتوانم بڵێم لەگەڵ بوونی مرۆڤ خولقاوە. مادام مرۆڤ بوونی هەبێت ئەویش هەیە، کە هێندێک پێی دەڵێن نەتەوەپەرستی. بەڵام هەبووە و دەشبێت کە لەو ڕەوتە لای داوە و هەر حسێبی نەتەوەکەی لەسەر کراوە، هەر بۆیەشە ناوی جاش و خۆفڕۆشی لێنراوە.
بڕوانە، ئەوەی خولیای نەتەوە و مافەکانییەتی، ئامادەیە هەموو نرخ و بەهایەک بۆ پاراستنی بدات. پێشمەرگە نەتەوەپەرستیی ڕاستییە؛ هەموو شتێکی ئەم جیهانەی وەلاناوە و ئامادەیە گیانیشی لە پێناویدا بەخت بکات و بەلایەوە قورس نییە، بەڵکوو شانازی بە بەخشینی گیان لەو ڕێبازەدا دەکات. پلەی ڕێز و لەخۆبوردوویی لە نێو گەلدا ئەوەندە بەرز دەبێتەوە کە گەل کڕنۆشی بۆ دەبات. سەیریش بکە، جاش و سیخوڕ و خۆفڕۆش و قەڵەمفڕۆشێک چونکە وتار و کرداریان بۆ پلە و پارە بووە، سەرشۆڕ و دۆڕاو و ڕوورەشن. هەرکە سوچێک لە خۆری ئازادی دەرکەوت، خۆ لە کەلێن و قوژبنان دەشارنەوە.
بە هەر پێوانەیەک بیپێوین، نەتەوەپەرستی نەک خراپ و کۆنەپەرستی نییە، بەڵکوو ئەو پەڕی ئیمان بە خۆیە. خۆشەویستییەکی گەیشتووەتە لوتکەی هەرە بەرز و بە هیچ شتێک ناگۆڕدرێتەوە. ئەوەش مێژوومان نیشانی داوین؛ ئەوەی گیانی لە پێناویدا دەنێت، لە خۆت خۆشتر ویستووە، بۆیە ئەو بایخدارترینەی کە گیان و ژیانە لە پێناو ناوە.
ئەگەر مێژوو باسی قارەمانە مەزنەکانی دنیا دەکات، هەر ناوی ئەوانەیە کە لە ڕێگەی ئازادیدا گیانیان بەخشیوە. ئەوانەی کەوتوونەتە بەندیخانە یان ترۆر کراون یان ئاوارەی هەندەران بوون، هەر ئەوانەن کە ئاڵای ئازادیی گەلەکەیان بەرز کردووەتەوە. کەواتە نەتەوەپەرستی بە پێوەری سیاسی، ئەرکی شۆڕشگێڕانەیە و ئەنجامیان داوە؛ بە پێوانەی ئایینیش واجبێکی خواییە و ئیماندار بەجێی هێناوە. هەر بەوەش دەگوترێت نەتەوەپەرستیی ڕاستەقینە.
بە باوەڕی من، نەتەوەپەرستی تیۆری نییە، تایبەتمەندییەکی زاتییە و لەگەڵ بوونی مرۆڤ خولقاوە؛ خەسڵەتێکی زاتییە کە خوا بە هەموو نەتەوەیەکی داوە. بە باوەڕی من مەسەلەی ئازادیی کوردستان و گەل، نبێت بخرێتە قالبی هێندێک تیۆری و لێکدانەوەی سیاسی، هەرچەند ئەوانە لە جێی خۆیاندا دەکرێن. بەڵام بۆ کوردێک کە نەتەوەی خۆی خۆش دەوێت و ڕێزیش بۆ هەموو نەتەوەکانی تر دادەنێت، مەسەلەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە!
کورد گەلێکە زێد و ئازادییەکەی غەسب کراوە، لەسەر زەی خۆی یان دەرکراوە، یان وەک نۆکەر و دەستبەسەر حسێبی بۆ کراوە. لەسەر داوای مافی ڕەوای خۆی سەدان هەزار قوربانیی داوە. بێ ئەملاوئەولا مافی خۆیەتی بە هەر شکل و شێوەیەک بۆی بپێکرێت، زێد و گەلەکەی ئازاد بکات.
زۆر بە ڕاشکاویش دەڵێم: بەرەنگاریی دوژمنێک کە ئازادی و دیمۆکراسی نە دەزانێت و نە بڕوای پێیەتی، هەر قسەیە و کرداری نییە. ئەرکی نەتەوەیی، ئیمانی و ئەخلاقییە بەرەنگاری ببووینەوە. مێژووەکەمان هەر ئەوەمان نیشان دەدات کە ڕێبەرانمان لە ڕێگەی ئازادی و ئاشتیدا سەریان داناوە.
با کورد هێزەکانیان ڕێک بخەن و وێک بخەن؛ دەبنە هێزێکی بەهێز و هم دوژمن دەخەنە تەنگانە و لە زێدەکەمان دەریان دەکەن، هم دنیای دەرەوەش حسێبی هێزێکی توکمە و کارامەیان لەسەر دەکات.
دیسانیش دەڵێم: پەرستنی نەتەوە بەرزترین لوتکەی خۆشەویستییە. پێغەمبەریش فەرموویەتی: «خۆشەویستیی نیشتمان نیشانەی هەبوونی ئیمانە».
برایان، شۆڕشگێڕی، خاوەن ئایینی، مرۆڤدۆستی و عەقڵی سالم پێمان دەڵێت: نیشتمان مڵکی خۆتانە، ڕزگارکردن، پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی هەر لە ئەستۆی خۆمانە. هیچ بیرۆکە و بەهانەیەک ناتوانێت ڕێگەمان پێ بگرێت. دڵنیام ئەگەر یەک بین سەرکەوتن مسۆگەرە، و ئەوەی خۆی لێ دەبوێرێت، بە خوا و گەل قەرزارە و سەرئەنجام سەرشۆڕ و پەشیمانە.
براتان مەلا برایمی مەجیدپوور
١٢ی گەلاوێژی ٢٧٥٦ی کوردی
٣ی ئاگوستی ٢٠٢٦ی زایینی
