تۆڕێکی هەواڵگریی فراوان لە باشووری کوردستاندا هەیە کە بە ئاشکرا، بێترس و بێسڵمینەوە لە قازانجی هەواڵگریی ئێران—ناسراو بە ئیتلاعات—کار دەکەن،
بێ ئەوەی حسێب بۆ دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایشی نیشتمانی بکەن.
لە ماوەی ۳ ساڵی ڕابردوودا، ئیتلاعات بە وردی و لەژێر ناوی جیاجیادا لە باشووردا کاری کردووە بۆ ڕاکێشانی خەڵک و بەکرێگرتنیان لە ڕیزەکانی ئەو دەزگایەی کە تەنیا کاری سەرکوتکردنی خەڵک بووە لە ڕۆژهەڵات و باشوور.
بەهۆی باڵادەستبوون و نفووزی کۆماری ئیسلامی—بەتایبەت لە سنووری سەوزدا—وردەوردە تۆڕەکانی ئەو ڕێکخراوە هەواڵگرییە فراوانتر بوون. پەیوەندییان بە کەسایەتیی سیاسی، ئیداری، ئەمنی و ڕۆژنامەنووسانەوە کردووە و لە قازانجی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەدا کار دەکەن.
تایبەتتر لەم کاتەدا کە جەنگی ئەمریکا و ئێرانە، بەوپەڕی بێچاوڕوویی، بێترسی و بێسڵمینەوە، کۆمەڵێک کەسایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەناوی دژایەتیی سەهیۆنیزمەوە کەوتوونەتە بەرگریکردن لە ڕژێمی پەتی و سێدارە.
ئەوانەی بەرگری لە ئێران و دەسەڵاتەکەی دەکەن، ناترسن و ئاسایشی نەتەوەیی پێشێل دەکەن؛ بە ڕۆژی ڕووناك دژایەتیی ئەو کەس و کەسایەتی و حیزبانە دەکەن کە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. ئەو کۆمارەی لە ماوەی دەسەڵاتی ٤۰ ساڵەی خۆیدا لانیکەم ۳ هەزار گەنجی کوردی لە سێدارە داوە و کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش کردووە.
لە هەمووی خراپتر، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان کەوتوونەتە نێو هەڵمەتی فەیك و درۆی ڤیدیۆ دروستکراوەکانی ئێران و بەردەوام سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆ دروستکراوانەن کە تێیاندا—لە خەیاڵیاندا—ئێران براوەیە.
لەوەش خراپتر، بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان بەناوی دژایەتیی جۆلەکە و پشتیوانیی مسلمین (مسوڵمانان)، بە ئاشکرا وەک بەسیج کەوتوونەتە بەرگریکردن لە ڕژێمەکە و لەژێر سێبەری چەندین ئایەتدا خەریکی ڕەوایەتیدانن بە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتەکەی.
ئەوانە ناترسن و بە ئاشکرا چوونەتە بەرەی ئێرانەوە؛ پۆست و ستۆری بۆ سوپای تیرۆریستیی پاسداران دەکەن و بەناوی جیهاد و پشتیوانیی مسوڵمانانەوە لە جەنگێکی ئەلیکترۆنیدان. بەشێکی زۆریان لەبەر مووچەی دەزگا ڕەشەکە و ساڵانەکەی، مووچەخۆری هەواڵگریی ئێرانن .
لەگەڵ ئەوەی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ژیانێکی کۆڵەمەرگی و لەژێر زەبروزەنگێکی سەخت و قورسدا ژیان بەسەر دەبەن و سەدان گەنجی کورد تەنیا لەبەر کوردبوونیان چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیاری سێدارەن و هەزارانی تر لە زیندانەکاندا ئاخنراون؛ بەڵام هەندێک خائین و مفتەخۆر بەهۆی تووشبوونیان بە تۆڕە هەواڵگرییەکان لەژێر ناوی جیاجیادا، سەرقاڵی ڕەوایەتیدانن بە بەرگریکردن لە کۆماری پەت و سێدارە.
تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی کە نەک تەنیا بەرگری، بەڵکو هەندێک پیاوی دینی وەک نوێنەری مجتبی خامنەیی هانیان دەدەن و داوای بەرگری و چوون بۆ جیهاد دەکەن، کەناڵەکانی میدیاش سەرقاڵی ڕوومال و گواستنەوەی لێدوانەکانیانن.
لە باشووردا، لەژێر کاریگەریی ئیڕهابی فکریدا، ئەگەر هاووڵاتییەک یاخود بەکارهێنەرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا جارێک بەرەو سیاسەتەکانی تورکیا لابدات، وەکو تۆمەتبار و خائینێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و هێرشی توندی دەکرێتە سەر. بەڵام بەپێچەوانەوە، بەناوی بەرگریکردن لە ئایین و دژایەتیی ئەمریکا، جاش و جاسوسەکان بە ئاشکرا پشتیوانی لە ڕژێمی داڕماوی پەتی و سێدارە دەکەن و بوونەتە وتەبێژی ئەو سوپایەی کە تەنیا کاری کوردکوشتنە.
پێشمەرگەکان: کردن بە تێکست بە هاوکاری ئای ئی
